ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی سەر بە پارتی گەلانی دیمۆکراتیک لە شاری ئێلحی باکوری کوردستان و چەندین چالاکی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد بە نیازبوون لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووهەم رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، گردبوونەوەیەک ساز بکەن و لەسەر ئەم بابەتە بەیاننامەیەک بڵاو بکەنەوە، بەڵام لە لایەن پۆلیس وهێزە ئەمنیەکانەوە ئابلوقە دران و رێگرییان لێ کرا.
هێزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە بڕیاری قەدەغەی چالاکییەکان کە گوایە لە لایەن پارێزگارەوە دراوە، رێگرییان لێ کردن.
ژنان کە پانکارت و وێنەی وەسفی توندوتیژی دژی ژنانیان بەرز کردبووە، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بە زۆر لییان سەندران و کۆ کرانەوە.
دوای رێگریی هێزەکانی پۆلیسی تورک، ژنان بە وتنەوەی درووشمی 'فشارەکان ناتوانن لاواز و بێهێزمان بکەن' بەرەو باڵەخانەی هەدەپە بەڕێکەوتن و هەڵوێستی هێزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد.
لە رێگای چوون بۆ باڵەخانەی هەدەپە دا، هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەر ژنە چالاکوانەکان و هەر یەک لە (گوڵجەمال ئەردینج پارێزەری هاوسەرۆکانی هەدەپەی شاری ئێلیح و هەر یەک لە دەریا ئارسلان و سیدار ئۆنات و گولەر ئۆران-ی چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازادیش) لە ناویاندا، بە گشتی ١٠ ژن دەستگیر کران.
ز.ش