لە شاری سلێمانی بۆ ئازادی ئۆجالان گردبوونەوەیەک ساز کرا

بە سەدان هاوڵاتی لە شاری سلێمانی لەپێناو ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد گردبوونەوە و جەختیانکردەوە، کە ئەو پیلانگێڕییانەی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوە دەبڕێن، پیلانگێڕیین لەدژی هەموو کورد.

ئێوارەی ئەمڕۆ کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکیان لەپێناو ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ڕێکخست.

سەدان کەس لە شاری سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد و وێنە و پۆستەری ڕێبەری گەلی کوردیان بەرز کردەوە.

هەروەها چەندین دروشمی وەک "بێ سەرۆک ژیان نابێت، بژی سەرۆک ئاپۆ، ئەی دوژمن باش بزانە ئاپۆ هێڵی سوورمانە، بژی بەرخۆدانی ئیمرالیی، بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" لەلایەن ئامادەبووانەوە وترانەوە.

شاڵاو مەحمود ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بەیاننامەی ڕێکخەرانی گردبوونەوەکەی خوێندەوە و تێیدا پیرۆزبایی ئەنجامدانی دیداری لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد ئاراستەی گەلانی ئازادیخواز کرد و وتی:" بەرخۆدان و چالاکیی مەدەنیی گەلی کورد و ئازادیخوازان، ڕێگای لەبەردەم دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان کردەوە، ئەوەش تەنها بۆ کەمکردنەوەی تووڕەی خەڵکە، بەڵام داواکاریی ئێمە تەنها دیدارێک نییە، بەڵکو ئازادیی ئۆجالانە."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە، دۆزی ڕێبەر ئۆجالان دۆزی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەبێت خاوەنداریی لە دۆزی ڕێبەرەکەمان بکەین و بۆ ئازادیی ئەو هەمیشە لە تێکۆشاندابین.

هەروەها عەبدولوەهاب ئەحمەد ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە گردبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی:" تێکۆشان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان ئەرکی هەموو لایەکمانە، بۆیە دەبێت لەم بارودۆخەدا بێینە لای یەک و جۆرێک لە یەکێتیی نەتەوەیی لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەکەمان پێکبهێنین.

ز.ش