لە شاری کەرکوک قەدەغەی هاتوچۆ رۆژانە ١٢ کاتژمێر هەڵدەگیرێت
شانەی قەیرانەکان لە شاری کەرکوک بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆ لە هەفتەیکدا ٥ رۆژ هەڵبگیرێت و تەنها رۆژانی هەینی و شەممە قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ جێبەجێ دەکرێت.
شانەی قەیرانەکان لە شاری کەرکوک بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆ لە هەفتەیکدا ٥ رۆژ هەڵبگیرێت و تەنها رۆژانی هەینی و شەممە قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ جێبەجێ دەکرێت.
ئێوارەی ئەمرۆ، ئەندامانی شانەی قەیرانەکان لە شاری کەرکوک بۆ رووبەروبوونەوە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای شارەکە بە سەرپەرشتی پاریزگای کەرکوک کۆبوونەوە، پاش کۆبوونەوەکە ئەندامی شانەکە کە پێکهاتوون لە فەرماندە سەربازی و ئەمنیەکان و ئەندام پەرلەمانەکانی کەرکوک و بەرێوبەرانی تەندروستی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەست.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا شانەی قەیرانەکانی کەرکوک ڕایگەیاند کە لە هەفتەیەکدا تەنها رۆژانی هەینی و شەممە قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ هەیە، وە پێنج رۆژەکەی دیکە هاوڵاتیان دەتوانن ئاسایی بجولێنەوە و کاری خۆیان بکەن لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا کاتژمێر ٦ی ئێوارە، ئەم بڕیارەش سبەی سێ-شەممە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە وە هەروەها لە رۆژی یەکشەمەی داهاتووەوە دەوامی دامودەزگاکانی کەرکوک بە رێژەی ٪٥٠ی فەرمانبەران دەکەونەوە کارکردن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیکەدا رێبوار تەها ئەندام پەرلەمانی عێراق لە پشکی کەرکوک، ڕایگەیاند: "خۆشبەختانە ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا رووی لە کەمبوون کردووە لە شاری کەرکوک، ئەو کەسانی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن لە ئیستادا باری تەندروستیان باشە، بەبڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی عێراق سبەی یەکەم رۆژ دەبیت بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر لە هەر رۆژێکدا جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە نەبێت کە قەدەغەی هاتووچۆ لەو دوو رۆژەی هەفەتدا جێبەجێ دەکرێت."
سەبارەت بە کاتەکانی هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ، رێبوار تەها ڕایگەیاند: "رۆژانە لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە قەدەغەی هاتووچۆ هەڵدەگیرێت، لە ماوەی هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ هاووڵاتیان دەتوانن بچنە سەر کارەکانی خۆیان بەپی ئەو بڕیارانەی کە دەردکرێت، هەروەها ریژەی ٥٠٪ زیاتر نابێت کارمەندانی دامودەزگا و کارگەکان کاربکەن."
ڕێبوار تەها ئەندام پەرلەمانی کەرکوک ڕاشیگەیاند: "لە هەفتەکدا تەنها رۆژانی هەینی و شەممە قەدەغەی هاتوچۆ جیبەجێ دەکرێت بەڵام دووکاندارانی خۆراک و پێداوستی سەرەکیو دەرمانخانەکان دەتوانن لەو دوو رۆژەدا کراوەبن، هەوڵدەدەین لە داهاتوودا تەواوی قەدەغەی هاتوچۆ هەڵبگرین، کەرتەکانی کوشتوکاڵ و بازرگانی و چێشتخانەو شوێنەکانی دیکە بەپی ئەو بڕیارو رێنەمایانە دەتوانن کاربکەن کە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا بڵاوی دەکەینەوە."
لە کۆتایدا رێبوار تەها وتی: "دەستخۆشی لە تیمەکانی تەندروستی و هاووڵاتیانی شاری کەرکوک دەکەین کە بەتەواوی پێکهاتەکانەوە هاوکاری ئیدارەی شارەکە بوون و رێنەمایەکانیان جێبەجێ کرد لە پێناو سەلامەتی و تەندروستی شارەکە."
ز.ش