لە شەنگالیش هەنگاوی بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکی دەستیپێکرد

کەمپینی بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکی رۆژ بە رۆژ لە بەرفراوانبووندایە. لەم چوارچێوەیەدا لە گوند و ناوچەکانی شەنگال بڵاوکراوەو ئاگاداری بە ناو هاوڵاتیاندا بڵاو کرانەوەو بەم پێیە هاوڵاتیانی شەنگالیش هەنگاوی بایکۆتی کاڵای تورکییان دەستپێکرد.

ئەنجومەنی خۆسەریی دیمۆکراتیکی شەنگال بەر لە چەند رۆژێک لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال کۆببویەوەو بڕیاری بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکی دابوو. هەروها بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیانی شەنگال بۆ بەدەمەوەهاتنی ئەم هەنگاوەش لیژنەیەکی تایبەتی پێک هێنابوو.

دوای هەفتەیەک لە کاروخەباتی لیژنەکە بۆ وریاکردنەوەو ئاگادارکردنی خەڵک بە مەبەستی بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکی، دوێنێ هەنگاوەکە لە ناوەندی شەنگال و هەر یەک لە شارۆچکەی سنوون و خانەسوور و چەندین گوندی تر دەستی پێکرد.

تا ئێستاش بڵاوکردنەوەی ئاگاداری و بڵاوکراوە لە گوند و ناوچەکانی شەنگال بەردەوامە. لە بڵاوکراوەکاندا هاوڵاتیان لەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە کەلوپەلی تورکی نەکڕن و گرنگی بدەن بە کەلوپەل و بەرهەمەکانی ناوخۆیی.

خودێدا ئەلیاس هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سنوون رایگەیاند لیژنە تایبەتەکە لە نزیکەوە سەردانی هاوڵاتی و دوکاندارەکان دەکات و بڵاوکراوەیان بەسەردا دابەش دەکات و ئاگاداریان دەکاتەوە کە کاڵای تورکی بایکۆت بکەن، چونکە کڕینی کاڵای تورکی پشتگیریکردنە لە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک.

ز.ش