لە لیجە ئۆپراسیۆن و شەڕ هەیە

هێزەکانى تورکیای داگیرکەر لە ناوچەکانى لیجەى ئامەد لەگەڵ جەردەوانەکاندا دەستیان لە ئۆپراسیۆن کردووە و بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان شەڕ لەو ناوچەیە ڕوویداوە.

سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە رۆژى ١٠ى حوزەیرانەوە لە ناوچەکانى دەورووبەرى گوندی سسە لە لیجەى ئامەد دەستیکردووە بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن. جەردەوانەکانیش بەشدارن لە ئۆپراسیۆنەکەدا و ئۆپراسیۆنەکەش بە پشتیوانیى هێزى ئاسمانی بەردەوامیى هەیە.

بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان، لەنێوان گەریلاکانى هەپەگە و سەربازانى تورکیا لەو ناوچەیەدا شەڕێکى قورس لە ئارادایە، بەڵام  لەبارەی شەڕەکە و زیانەکانییەوە زانیارى روون لە بەردەستدا نییە.

هەروەها کۆپتەرە جەنگییەکانى تورکیا دەستیان کردووە بە بۆردومانکردنى سنوورى ئەو ناوچەیە و ئۆپراسیۆنەکەش بەردەوامیى هەیە.

ئۆپراسیۆنەکەی سوپاى تورکیا لە لیجە لەکاتێکدا بەڕێوە دەچێت، کە وادەى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ نزیک بووەتەوە و لایەنەکان سەرقاڵى ئامادەکاری و بانگەشەى هەڵبژاردنن.

ر.م