لە ماوەی ساڵێکدا ٥٨ کۆڵبەر لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە شەهیدکراون

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکی ڕابردوودا ٢٢٤ کۆڵبەری کورد لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە شەهید و بریندارکراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە ٥٨ کۆڵبەر شەهیدکراون و ١٤٨ کۆڵبەریش برینداکراون کە سەرجەمیان ڕووبەڕووی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێمی ئێران بووەنەتەوە.

ئەو ناوەندە ڕاشیگەیاند، ژمارەی شەهید و بریندارەکان زیاترە بەڵام بە هۆی فشاری هێزەکانی ڕژێمەوە لەسەر خانەوادەی کۆڵبەران ژمارە و ناوی شەهید و بریندارەکان بە تەواوی نەزانراوە.

هەروەها باسی ئەوەشی کردووە، هێزەکانی ڕژێمی ئێران فشاریان لەسەر خانەوادەکان دروست کردووە و بەڵێننامەیان بە خانەوادەکان پڕکردووەتەوە کە بۆ هیچ ڕاگەیاندنێک باسی ژمارەی شەهید و بریندارەکان نەکەن و خۆیان بێدەنگ بکەن.

بە پێی ئاماری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ١٢ کۆڵبەری تریش بەهۆی ڕووداوی سروشتی لە سنورە دەستکردەکان گیانیان لەدەستداوە و ٦ کۆڵبەریش برینداربوون.

ئاماری شەهید و بریندارەکان بە پێی پارێزگاکان کە بە ڕووداوی تەقەی هێزەکانی ڕژێم و ڕووداوی سروشتیەوە گیانیان لەدەستداوە بەم شێوەیەیە:

پارێزگای کرمانشان: ١٠ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ٢٩ کۆڵبەر برینداربوون.

پارێزگای سنە: ١٥ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ١٧ کۆڵبەریش برینداربوون.

پارێزگای ورمێ: ٥٤ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ٩٦ کۆڵبەریش برینداربوون.

هەروەها لە پارێزگای خۆزستان دوو کۆڵبەریش بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێمەوە گیانیان لەدەستداوە.

باسی ئەوەشی کردووە ٦٧%ی کۆڵبەران خێزاندار و ١٠% کۆڵبەرانیش سەڵتن و دۆخی خێزانی ٢٣% کۆڵبەرانیش نازانرێت.

ف.ق