لە مەخمور نواندن بۆ شانۆگەریى "بوکی خاک" دەکرێت

تیپی "هێڤی یەکدا" لە کامپی پەنابەرانى مەخمور، کە لە ژێر چەتری ناوەندی رۆشنبیری و هونەردا کارەکانى ئەنجام دەدات نواندن بۆ شانۆگەریى نوێیان بە ناوی "بوکی خاک" بۆ دانیشتوانى کامپی مەخمور دەکەن.

تیپی هێڤی یەکدا لە کامپی پەنابەرانی مەخمور لە چەند رۆژی داهاتوودا نواندن بۆ شانۆگەریی نوێیان بە ناوی بوکی خاک بۆ دانیشتوانى مەخمور دەکەن.

تیپەکە لەگەڵ هاتنی بەهاردا دەست بە وەرزێکى نوێی کارکردنى دەکات و ماوەى مانگێکە لە ئاتۆلەی شانۆ کاری راهێنان دەکەن. کارەکانى راهێنان بۆ نواندنی شانۆیى بوکی خاک تەواو بووە. دەقی شانۆییەکە لەلایەن شانۆی چیاوەوە نووسراوە و لەلایەن تیپی هیڤی یەکداوە نواندنی بۆ دەکرێت و کاری دەرهێنانەکەشی لەلایەن ئەکین رۆناهی-یەوەیە.

تیپی شانۆی هێڤی یەکدا راهێنانی گشتیى لە رۆژی ٢١ی شوبات و لە بەردەم ٢٥ بینەردا ئەنجامدا و دواتر بۆچوونەکان، رەخنە و پێشنیازەکانى بینەران وەرگیران تاوەکو دوا ئامادەکاریی خۆیان بکەن.

شانۆییەکە لە ٢٨ی شوبات، واتە ٤ رۆژی تر بۆ دانیشتوانى کامپی مەخمور نمایش دەکرێت و لە ٦ تاوەکو ١٣ی ئادار دووبارە نمایش دەکرێتەوە. هەروەها ٢٧ی ئادار رۆژی جیهانی شانۆ و بۆ بەرزراگرتنى یادی هونەرمەند یەکتا هەرەکۆڵ لە بەرنامەیەکى تایبەتدا شانۆییەکە نمایش دەکرێتەوە.

شانۆیی "بوکی خاک" باسی ئێش و ئازارەکانى ساڵانى ١٩٩٠ دەکات، کە بەهۆی چۆڵپێکردن و ئاگرتێبەردانی گوندەکانی کوردستان لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بەسەر هاووڵاتییانى گەلی کورددا هات. لە شانۆییەکەدا نامۆبوون لەگەڵ گوند، کۆچبەربوون بۆ شارەکان و هەروەها ئەو ناکۆکییانەى بەو هۆیەوە روویانداوە دەخرێنەڕوو.

ژ.ت