لە هێرشی سوپای تورکدا ٤ هاووڵاتیی خواکورک بریندار بوون

فڕۆکە جەنگییەکانى سوپای تورک ئەم بەیانییە گوندەکانى گەلیى شێخ زادەیان بۆردومانکرد.  لەو بۆردومانەدا ٤ هاووڵاتی بریندار بوون.

سوپای تورکی داگیرکەر بە وردی و بە چڕی شوێنی ژیانى هاووڵاتییانى مەدەنى لە خواکورک بۆردومان دەکات.

ئەو سوپا داگیرکەرە لە بۆردومانەکانیدا، زەویوزار، رەز و باخی هاووڵاتییان دەکاتە ئامانجی بۆردومانەکانی و ئاگریان تێبەردەدات. بەهۆی ئەو بۆردومانەوەى زەویوزاری هاووڵاتییانى گەلیی شێخ زادە سوتان.

هاووڵاتییانى ئەو سنوورە، لە کاتژمێر ٦ی ئەم بەیانییەدا هەوڵیاندا ئاگری بۆردومانەکانى سوپای تورک بکوژێننەوە، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانى سوپای تورک ئەو هاووڵاتییانەشی بۆردومانکرد.

بەهۆی ئەو بۆردومانەوە، ٤ هاووڵاتیى بریندار بوون و برینى یەکێکیان قورسە.

بەپێى زانیارییەکان ناوی ٢ لە بریندارەکان بریتین لە، جابر و خۆشەوی.

ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی گوندی مێرگە رەشن لە گەلیی شێخ زادە و بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەى سۆران.

ر.م