لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم دا هیچ سەرۆک لیستێک ژن نییە

 قەوارە سیاسییەکان بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی ژنان بۆچوونێکى روونیان نییە و تەنها قسە کۆنەکان دووبارە دەکەنەوە. چالاکوانیکی بواری ژنانیش دەڵێت، چارەسەرکردنی کێشەکانی باشووری کوردستان بە چارەسەریی ژناندا تێپەر دەبێت.

لەگەڵ ئەوەی تەواوی پارت لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەڵێن، چارەسەریی کێشەکانی ژنان دەکەن و داکۆکیکاری مافی ژنان، بەڵام لە تەواوی لیست و قەوارە سیاسییەکان بۆ هەلبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ هیچ لیستیک ڕێژەی کاندیدە ژنەکانی لە ٪٣٠ تێپەری نە کردووە. هەروەها هیچ قەوارە و لیستیک سەرۆکەکەی ژن نییە.

لەو بارەیەوە نەجیبە عومەر چالاکی بواری ژنان بە ئاژانسی هەوالێ فوارت (ANF)  ی راگەیاند، لە باشووری کوردستان یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کێشەی ژنانە. هەتا کێشەی ژنان چارەسەر نەبێت، هیچ یەک لە کێشەکانی سیاسی، گەندەڵی و نادێموکراتی چارەسەر نابن. بۆیە دەبێت هەر هێز و لایەنێک، کە پرۆژەی هەبێت دەبێت بەشێکی سەرەکی پرۆژە کانی بریتی بێت لە چارەسەرکردنی پرسەکانی ژنان.

نەجیبە عومەر رەخنەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن گرت و راشیگەیاند: هەر لەسەرتاوە ئەم پرۆسیە لایەنی ناشەفاف نا دێموکراتیی خۆی بەوە ئاشکرا کرد کە لیستی تەڤگەری ئازادییان قەدغە کرد کە ئەو لێستە گرنگییەکی زۆری بە بواری دێموکراتی و  پرسی ژنان دەدا. لە بەردەوامی قسەکانی وتێشی: "قەدەغەکردنی ئەو لیستە کە ڕیژەیەکی زۆری ژنی تیدایە و ژن تیایدا پێشەنگە، بە واتای ترسیانە لە دیمواکرتی و هێزی ژنان، چونکە ئەو قەغەکردنە هەنگاوێکە بۆ پەراوێزخستنی ژنان".

هەروەها ئەو چالاکەی بواری ژنان وتی: هەندێک لیست و هێز هەنە کە خاکی وڵات ڕادەستی دووژمنان دەکەن. دەوڵەتی تورکیا دەهێننە سەر خاکی کوردستان و ئەو لایەنانە هێزی بەکرێگیراون. هێچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ چارەسەرکردنی ژنان. هەر قسە ڕۆتینەکانی پێشوو دەڵێنەوە، بۆیە دەبێت گەل ئومێدیان لەسەر هەڵنەچنێت.

وتیشی، هەندیک هێزی تر کە بانگەشەی چارەسەری کێشەکانی ژنان دەکەن دەبوو کاندیدە ژنەکانیان لە ڕێژەی پێاوان زۆرتر ببوایە،  چونکە تواناکانی ژنان لە هی پیاو زێدەترە، ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە.

ر.م