لە وان تراژیدی پەنابەران بەردەوامە

لە شاری وانی سنوری گیانلەدەستدانی پەنابەران بەردەوامە. ساڵی رابردوو ٥٠ پەنابەر لە وان گیانیان لەدەستدا. مورات مەلەت سەرۆکی لقی وانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، وەرگرتنی ڕێوشوێنی ئەمنی توند، هۆکاری گیانلەدەستدانی مرۆڤەکانە.

لە شاری وان کە هاوسنورە لەگەڵ عێراق و ئێران، تراژیدیای پەنابەران بەردەوامە. هەموو ڕۆژێک بە هەزاران پەنابەر بە هۆی شەڕەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا کۆچ دەکەن، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی وانەوە خۆیان بگەینە شارەکانی تورکیا. بە هۆی وەرزی سەرما و بارینی بەفرێکی زۆر  و شاخە سەختەکان و سیاسەتەکانی ئێران و تورکەوە لەبارەی پەنابەران، لەم چەند ساڵەی دواییدا بە دەیان پەنابەر لە ناوچە سنوریەکان لە سەرمادا ڕەقبوونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە.

لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٣٧ پەنابەر لە سنوری وان لە سەرمادا ڕەقبوونەوە و گیانیان لەدەستدا، ڕۆژی ڕابردوو ١٣ پەنابەر لە ناوچەی چاڵدرانی وان لە سەرمادا گیانیان لەدەستدا. تراژیدیای پەنابەری کۆتایی نایەت. لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی گواستنەوەی پەنابەرانەوە لە لایەن قاچاخچیەکانەوە بە ئۆتۆبوس و وەرگەرانی ئۆتۆبوسەکەوە ١٧ پەنابەر گیانیان لەدەستدا و ٥٠ پەنابەریش برینداربوون.

' وەرگرتنی ڕێوشوێنی ئەمنی توند، هۆکاری گیانلەدەستدانی مرۆڤەکانە'

موراد مەلەت سەرۆکی لقی وانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، زۆربەی جار لە سنورەکان، کۆتایی بە هیوای پەنابەران دێت کە بە بدڵێکی پڕ لە خۆزگەوە دەست بە گەشتەکەیان دەکەن. مورات مەلەت وتیشی، زۆربەی پەنابەران بە هۆی ئەو شەڕ و پێکدادانە هەڵدێن کە لە وڵاتەکانیاندا ڕوودەدەن و هەندێک جار ئەو مرۆڤانە لە ڕێگا و لە سنورەکاندا گیانیان لەدەست دەدەن. بە تایبەتی لە سنورەکانی ئێران و تورکیادا وەرگرتنی ڕێوشوێنی ئەمنی توند و دۆخی سەختی کەشوهەوا هۆکاری ئەوەن مرۆڤەکان زیاتر گیانیان لەدەست بدەن."

مەلەت باسی ئەوەشی کرد لە ٣ ساڵی ڕابردوودا لە سنورەکانی ئێران و تورکیادا بە سەدان کەس بە هۆی سەرماوە ڕەقبوونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە. دوای ماوەیەکی زۆر تەرمیان لەژێر بەفر دەردەکەوێت. ئاوارەبوون تاوان نییە. بەڵام ڕێزنەگرتن لە پەنابەر ، لەبەرانبەر مردن بەجێهێشتنیان تاوانە. هەموو دەوڵەتەکان، پێویستە ئەرکی دەوڵەتبوونیان بەجێبهێنن. پێویستە ڕێز لە مافی پەنابەران (مرۆڤ) بگرن. مافی ژیان پیرۆزە.

ف.ق