لە ٨ شاری باشووری کوردستان پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیى دژ بە ئۆجالان ئیدانە کرا

لە ٨ شاری باشووری کوردستان بۆ ئیدانەکردنى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیى ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ زنجیرە خۆپیشاندانێک  بەڕێوەچوون.

بە پێشەنگایەتیى کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دەربەندیخان، رانیە، کەلار و تەقتەق بە دروشمی "گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ ئاستەنگ کردنی ئازادیى گەلانە" خۆپیشاندان بۆ ئیدانەکردنى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی بەڕێوەچوون.

هاوکات لە شارەکانی کەرکوک، مەخمور و دهۆک گردبوونەوە و خۆپیشاندان و کۆڕ بۆ ئۆجالان و ئیدانەکردنى پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوون.

لە چالاکییەکاندا راگەیاندرا، گۆشەگیری لەسەر رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئیدانە دەکەن و راشیانگەیاند "ئامانجی گۆشەگیرییەکە بێکاریگەرکردنى گەلی کوردە. گۆشەگیری هێرشە بۆ سەر دەستکەوتەکانى گەلی کورد".

هەروەها لە چالاکییەکاندا بێدەنگی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) ئیدانە کران و جەخت لەوە کرایەوە، کە تێکۆشانی گەلی کورد بۆ ئازادیى رێبەر ئۆجالان بەبێ راوەستان بەردەوامیى دەبێت.

چالاکییەکان بە وتنەوەى دروشمەکانى "بژی رێبەر ئاپۆ"، "ئازادی بۆ ئۆجالان" کۆتاییان پێهات.

ر.م