لە پەرلەمانەوە داوای دەرکردنی سوپای تورک لە باشور دەکرێت

باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەنگی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کردووەتە یەک و هەموو ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن، فراکسیۆنی کۆمەڵ و گۆڕانیش داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی سوپای تورک دەکەن لە باشوری کوردستان.

کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی و کوردستان سەبارەت بە دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و داگیرکارییەکانی دەوڵيتی تورک بەردەوامە و فراکسیۆنەکان هەڵوێستی خۆیان دەخەنەڕوو.

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سەرەتای قسەکانی بە گلەییکردن لە پەرلەمان دەستپێکرد، کە کۆبوونەوەکەی زۆر دواکەوت.

فراکسیۆنەکە، ئیدانەی داگیرکاریی سوپای تورک و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنیی کرد و وتی:"ئەمانە پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەڵەتییەکانە".

هەروەها، ئاماژەی بەوەکرد، کە دەوڵەتی تورک بەناوی سوپای موحەمەد و ئیسلامەوە هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و ژن و منداڵ دەکوژن، لەکاتێکدا محەمەد د.خ لە سەڕەکاندا فەرمانی کردووە، ژن  ومنداڵ، پیرو پەککەوتە نەکوژن.

فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی، داوای کرد نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆیان پێکبێنن و ئەم هێرشانە ڕابگرن.

داواشی لە پەرلەمان کرد، کە شاندێک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بنێرێت، تا لەنزیکەوە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ببینن و ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشی پەرلەمان بکەن، هەروەها داوایکرد، بڕیاری ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠٠٥ ی پەرلەمان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تایبەتە بە دەرکردنی سوپای تورک لە باشوری کوردستان، چونکە ئێمەش لەباشور لەژێر پەلامار و کوشتن و بڕینداین.

لە وتاری پێشتریشدا، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی هەمان داواکاریی کرد.

دواتر، د.شێرکۆ جەودەت، بەیاننامەی فراکسیۆنی یەکگرتووەی ئیسلامیی خوێندەوە و سڵاوی بۆ گیانی قوربانیانی ڕۆژئاوای کوردستان نارد و بەتوندیی ئیدانەی ئەو شەڕەی کرد، هەروەها نەفرەتی لە بەکارهێنانی ئاین و ئایدۆلۆژیا کرد بۆ کوشتنی هاوڵاتیان و وتی: بەهیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ نییە.

داواشی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، کە وتاری یەکگرتووانە بدات بۆ فریاکەوتنی لێقەوماوان لە ڕۆژئاوا.

فراکسیۆنەکە داوای لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەی پێویستە بۆ وتاری یەکگرتووی هەرێمی کوردستان بیگەیەنێت بە هەموو ئەو وڵآتانەی، کە دەتوانن ڕۆڵ ببینن و  حکومەتی هەرێمی کوردستان-یش هەڵمەتی نیشتیمانیی فریاکەوتنی ئاوارەکان ڕابگەیەنێت و هاوکارییان پێشکەش بکات.

دواتریش، ڕۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، وتی: ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەبێتە قوربانیی کورد و عەرەب و پێکهاتەی ئێمەش وەک سریانی و ئاسوریی دەگرێتەوە و هەموومان قوربانیی و شەهیدمان هەیە.

بەپێویستیشی زانی، پێویستە هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ چارەسەری ئەم دۆخە ترسناکە و ڕاگرتنی ئەم شەڕە.

فراکسیۆنی سەردەم-یش هەڵوێستی خۆی نیشاندا و ئیدانەی هێرشەکەی کرد، داواشیکرد تورکیا واز لە بژاردەی سەربازیی بهێنێت و ڕێگای گفتوگۆ بگیرێتە بەر.

هەروەها، نیگەرانیی لە بێهەڵوێستیی ئەمریکا و هاوپەیمانیی دژی داعش دەربڕی، کە پشتیان لە کورد کرد.

فراکسیۆنی سەردەم، داوای یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانیان کرد و وتی: دەبێت ئەرکی سەرەکییمان پاراستنی گەلەکەمان و دەستکەوتەکانیان بێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەبچێت.

ف.ق