لە چالاکی گەریلادا ژمارەیەکی زۆر سەربازی تورکیا کوژران

لە هەفتانین، جۆلەمێرگ و ئیدر لە چەند چالاکییەکی گەریلاکاندا ژمارەیەکی زۆر سەربازی تورکیا کوژران و برینداربوون و کوژرانی ۳یانیان پشتڕاست کراوەتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئەنجامی چالاکییەکانی گەریلاکانیانی ڕاگەیاند کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیدا دژی ڕژێمی داگیرکەری تورکیا ئەنجامی دەدەن بەم شێوەیە بۆ ڕای گشتیی ڕاگەیاند:

هەفتانین

ڕۆژی ۲٤ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ۱٥:٥۰ خولەکی پاشنیوەڕۆ، لە گردی پارتیزانی هەرێمی هەفتانین ژنە گەریلاکانی یەکینەکانی ژنی ئازاد - یەژەئا ستار لە دژی سەربازە داگیرکەرەکانی تورکیا چالاکییان ئەنجام داوە و تێیدا چەندین سەنگەر و پێگەی دوژمن خاپوور کراون و هاوکات ژمارەیەک سەرباز کوژراون و بریندار بوون، بەڵام لەو بارەوە ئامارێکی ورد و دروست بە دەستنەخراوە.

جۆلەمێرگ

ڕۆژی ۲۳ی ئۆکتۆبەر، لە بەرزایی شەهید ئافاتی ناوچەی گەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگ، گەریلاکانمان لە دژی سەربازانی تورکیای داگیرکەر چالاکییان ئەنجام داوە و لە ئاکامیدا ژمارەیەک سەنگەر و پێگەی دوژمن خاپوور کراون و هێندەی زانراوە ۲ سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. پاش چالاکییەکە دوژمن بە هەلیکۆپەرتی جەنگی ناوچەکەی بۆردومان کردووە و بە هەلیکۆپتەری سکۆرسکی کوژراو و بریندارەکان لە بەرەی شەڕ دوور خراونەتەوە.

ئیدر

ڕۆژی ۲٤ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ۱٤:۰۰ی پاش نیوەڕۆ، لە پارێزگای ئیدری سەر بە ئیالەتی سەرحەدی باکوری کوردستان، ژنە گەریلاکانی یەکینەکانی ژنی ئازاد - یەژەئا ستار لە دژی سەربازە داگیرکەرەکانی دوژمن چالاکییان ئەنجام داوە. لە چالاکیەکەدا سەربازگەی ئاخورا لە ناوچەی ئارلک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سەربازێک کوژراوە و گورزی قورس لە بەشێکی سەربازگەکە دراوە.

چالاکییەکان بۆ یادکردنەوەی بێریتان بووە

سەرجەم ئەو چالاکییانە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی گوڵنار کاراتاش ناسراو بە بێریتان ئەنجام دراون کە ۲۸ ساڵ بەرلە ئیستا لە 25ی ئۆکتۆبەری ساڵی ۱۹۹۲ لە چالاکییەکی گیانبازیدا دژ بە هێڵی نۆکەری و خیانەت شەهید ببوو.

هـ.هـ