لە چەندین ناوەندى باشووری کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوە

لە چەندین ناوچەى باشووری کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.

لە شاخەکانی گۆێژە و بەرانان ئاگری نەورۆز کرایەوە

ئاگری نەورۆز لە شاخەکانى گۆێژە و بەرانان لەلایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە کرایەوە.

ئێوارەى دوێنێ لە شاخی گۆێژە لە سلێمانی لەلایەن هێزەکانى پۆلیسی سلێمانییەوە ئاگری نەورۆز کرایەوە.

هاوکات پۆلیس لەسەر شاخی بەرانان لە نزیک ئەشکەوتى هەزار مێرد ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

بەهۆی رێوشوێنەکان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگا نەدرا هاووڵاتیان لە دەوری ئاگرەکان ئاهەنگ بگێڕن.

هەولێر

بە بەشداریی نوێنەرانى لایەنە سیاسییەکان و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەسەر قەڵای هەولێر ئاگری نەورۆز کرایەوە.

لە چوارچێوەى رێوشوێنەکان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، جەژنی نەورۆز بەشێوەى جەماوەری پیرۆز نەکرا.

سلێمانی

یەکێک لەو ناوەندانەى باشووری کوردستان، کە ئاگری نەورۆزی تیاکرایەوە شاری سلێمانی بوو.

ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگای سلێمانى و ژنانی گەنجی وڵاتپارێز لە شەقامێکى سلێمانی ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

گەرمیان – چیای مرواری

بەشی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی گەرمیان بۆ پیرۆزکردنى جەژنی نەتەوەیى نەورۆز سەردانى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان کرد لە چیای مرواری و لەوێ ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

هێزەکانى پێشمەرگە و ئاسایش لە دەوری ئاگرەکە کۆبوونەوە و بە وتنەوەى دروشم نەورۆزیان لەگەلی کورد پیرۆز کرد.

شەنگال

ئەندامانی یەکێتیى گەنجانی ئێزدی (یەجەئێ - YCÊ) لە ناوچەى خانەسۆر لە شەنگال ئاگری نەورۆزیان کردەوە و نەورۆزیان لە گەلی کورد و هەموو ئازادیخوازان پیرۆزکرد.

گەنجان رایانگەیاند، بە رۆحی نەورۆزەوە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئازاد دەکەن و داگیرکەریی سەر گەلی کورد و ئێزدخان تێکدەشکێنن.

گەنجان لە دەوری ئاگرەکە گۆڤەند و شاییان گێڕا و دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "شەهید نامرێت" و "نەورۆز پیرۆز بێت"یان وتەوە.

هەروەها هاووڵاتییانی ئێزدی لە بەردەم ماڵەکانی خۆیاندا بە کردنەوەى ئاگر نەورۆزیان پیرۆز کرد.

قەندیل – چۆمان

لەبەر رێوشوێنەکان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمساڵ نەورۆز بە شێوەى جەماوەری پیرۆز نەکرا، بەڵام لە هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوە.

لەناوچەى چۆمان لە هەولێر و لە بناری قەندیل بە کردنەوەى ئاگری نەورۆز، نەورۆز جەژنی نەتەوەیى گەلی کورد پیرۆز کرا.

هاووڵاتییان لە دەوری ئاگرەکە کۆبوونەوە و بە وتنەوەى گۆرانی و سرودی نەتەوەیى نەورۆزیان پیرۆز کرد.

کەلار - رزگاری

https://vrl-eu-cdn.wetransfer.net/ivise/eyJwaXBlbGluZSI6W1sic3JnYiIse31dLFsiYXV0b19vcmllbnQiLHt9XSxbImdlb20iLHsiZ2VvbWV0cnlfc3RyaW5nIjoiNTEyeDUxMj4ifV0sWyJmb3JjZV9qcGdfb3V0Iix7InF1YWxpdHkiOjg1fV0sWyJzaGFycGVuIix7InJhZGl1cyI6MC43NSwic2lnbWEiOjAuNX1dLFsiZXhwaXJlX2FmdGVyIix7InNlY29uZHMiOjYwNDgwMH1dXSwic3JjX3VybCI6InMzOi8vd2V0cmFuc2Zlci1ldS1wcm9kLW91dGdvaW5nL2JkZDA1Y2EyMzNhMTJiMjAzNTI0Y2VjYmVkYjFlYjEzMjAyMDAzMjAxOTM1NDgvNmMwZmQ3MzkzYmY4ODUxYzRjODYwYzFiYmRiZDYyZDhiY2U2MDQwMyJ9/38aa6d08247225a407183f2f73c126b069326ef2c804572997941b510940523e

گەنجانی وڵاتپارێز لە رزگاریی کەلار ئاگری نەورۆزیان کردەوە. گەنجان لە دەوری ئاگرەکە کۆبوونەوە و بە تەمبور گۆڤەند و شاییان گێڕا و گۆرانی و سرودیان بۆ نەورۆز وت و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

کەرکوک

گەنجانى وڵاتپارێز لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکوک بە کردنەوەى ئاگر نەورۆزیان بە جۆش و خرۆشێکى زۆرەوە پیرۆز کرد.

مەخمور

بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەى ژنانی گەنجی مەخمور (تەژەجەمە - (TJCM و بزووتنەوەى گەنجانی مەخمور (تەجەمە - TCM) ئەمساڵ لە دەورووبەری کامپی مەخمور بە بۆنەى ٤٢هەمین ساڵی دامەزراندنی پەکەکەوە لە ٤٢ شوێنی جیاجیادا ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

هەروەها لە ناو کامپەکەشدا دەستەى بچووک بچووک ئاگری نەورۆزیان کردەوە و هەر ماڵێکیش لە بەردەم ماڵەکەى خۆیدا و لەسەر کۆڵان و شەقامەکاندا ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

هەر چەند بەهۆی مەترسییەکانى ڤایرۆسی کۆرناوە نەورۆزی ئەمساڵ بە شێوەى جەماوەری بەڕێوەنەچوو، بەڵام لە کامپی مەخمور و ناوچەکانى تری کوردستان ئاگری نەورۆز لە سەدان هەزار شوێن و لە بەردەم ملیۆنەها خانوو و شوقەدا ئاگری نەورۆز کرایەوە و نەورۆز بە حەماسەت و جۆش و خرۆشێکى زۆر گەورەوە پیرۆز کرا.

ژ.ت