لە کۆنفڕانسی پەرلەمانی ئەوروپا باسی خۆڕاگریی ئوجالان کرا

لە چوارچێوەی کۆنفڕانسی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا جەخت کرایەوە کە پێویستە یەکێتی ئەوروپا واز لە پشتیوانی لە تورکیا بهێنێت و باس لەوەشکرا کە خۆڕاگریی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان لە ئاستێکی نائاساییدایە.

ئەمڕۆ دووەم رۆژی شانزدەیەمین کۆنفڕانسی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەچوو. لە کۆنفڕانسەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا و گۆشەگیریی سەر ئوجالان کرا.

"ئەوروپا سیاسەتی هاوبەشی نییە"

تۆماس سچمین دینگەر مامۆستای کۆلێجێ سیاسی لە زانکۆی ڤیەنا وتی:"سەرەکیترین پرسیاری من ئەمەیە؛ ئایا لە بارەی پرسی کورد، ئەوروپا هیچ هەڵوێستێکی هاوبەشی هەیە؟ بە بوچوونی من، نەخێر. چونکە هیچ سیاسەتێکی هاوبەش لەئارادا نییە."

 سچمین دینگەر رایگەیاند، ئەلمانیا خۆی لەسەر ئابوری تورکیا بەڕێوە دەبات و وتی:"لە ناو ئەم بازرگانییەدا، بازرگانیی چەکیش هەیە. لە ئێستادا رێژە فرۆشتنی چەک بە بەراورد لەگەل ١٤ ساڵی رابردوو، لە بەرزترین ئاستدایە. ئەلمانیاش بێبەش نییە لەو تاوانانەی لە سوریا ئەنجام دراون و پێویستە یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستی خۆی بنوێنێت."

"کورد ئەکتەری سەرەکییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

دواتر دێرسم داغدەڤیرەن ئەندامی کۆنسەی بەڕێڤەبەری EUTCC و KURD-AKADقسەی کرد و رایگەیاند، کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکتەری سەرەکییە و تیشکیشی خستە سەر ئەوەی بە هۆی هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورک، داعش زیندوو بووەتەوە و وتی:" ئەگەر دەمانەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیمۆکراتیک ببێت، پێویستە رێگا چارەیەکی سیاسی بۆ پرسی کورد بدۆزرێتەوە. پەکەکە رێکخستنێکی تیرۆر نییە. ئەگەر بڕیار بێت یەکێتی ئەوروپا بۆ ئاشتییەوە هەنگاوێک بنێت، پێویستە لەم رووەوە بنێت."

"خۆڕاگریی ئوجالان نائاساییە"

سیمون دوبینس کە لە بەریتانیا بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی کەمپینی ئازادی بۆ ئوجالان، تیشکی خستە سەر خۆڕاگریی ئوجالان و رایگەیاند، ئوجالان ٢١ ساڵە لە ژێر گۆشەگیریدایە و وتی:"خۆڕاگریی ئوجالان لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە، نائاساییە. ئەمە دەیسەلمێنێت تا چەند سوورە لەسەر بڕیارەکانی. ئەو بۆ ئاشتی نەخشەرێگای ئامادە کردبوو."

دوبینس باسی کەمپینی ئازادی ئوجالانیشی کرد و وتی:"سەردانی چەندین سەندیکامان کرددووە و باسی کەمپینەکەمان بۆ کردوون. لە ئێستادا ١٤ سەندیکا پشتیوانی لەو کەمپینەکە دەکەن. کۆنفیدراسیۆنەکەمان شەش میلیۆن و پێنج سەد هەزار ئەندامی هەیە و بۆ ئازادی ئوجالان هەڵوێستی خۆیان یەکلایی کردووەتەوە. زۆر رێگری لەبەردەممان هەن، بەڵام چەندین پلاتفۆرم هەن کە دەتوانن ئەم بزوتنەوەیە بەهێزتر بکەن."

ز.ش