لە کەرکووک نرخی کاڵاکان و خۆراک بەرزبووەتەوە

لە شاری کەرکووک نرخی شمەک و خۆراک بە رێژەیەکی زۆر بەرزدەبێتەوە، ئەمەش نیگەرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بازاری کڕین و فرۆشتن لاواز دەکات.

لە دوای ڕوداواکانی ١٦ ئۆکتۆبەر و هاتنی هێزەکانی عێراق بۆ کەرکووک، دوو خاڵی گومرکیان لە نێوان (کەرکووک ، سلێمانی) (کەرکووک ، هەولێر) دانا، ئەمەش بووە هۆکارێک نرخەکان بە شێوەیەکی زۆر بەرزببێتەوە .

سەردار سەیفەدین فرۆشارێکی شاری کرکووکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو فرۆشیار زۆر شت هەیە کارتۆنی ٣ دۆلار هاتۆتە سەری کە ئەمە زۆرە بەرز بونەوی نرخی شتەکان وای لێمان کردووە کە بڕیکی کەم قازانج بنێمە سەر شتەکان، چونکە خەلکی رەخنەمان لێ دەگرن، بەڵام خۆی شتەکان گران هاتوون".

راشیگەیاند "زۆر بازرگان هەیە ناوێرن شت بێنن، چونکە دەترسن گومرک و باجی زۆری بکەوێتە سەر و نەتوانێ بەو نرخە بیفرۆشێتەوە و بەسەری سابێتەوە".

هاوکار سدیق خاوەنی کۆگای خۆراکە و لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و خۆراک لە کەرکوک وتی "دانانی هەر دوو گومرکی رێگای هەولێر_کەرکوك و سلێمانی_کەرکوك بووەتە هۆی ئەوە، کە دوو هێندە نرخی کاڵا و خۆراک لە بازاڕەکانی کەرکوكدا گران ببێت".

وتیشی: "لە گومرک بە کەیف خۆیان باج دەخرێتە سەر کاڵاکان و جاری وایە ٤٠ _٥٠ وەرەقە باج دەکەنە سەری، بۆیە بەراستی خەڵکی توانای کڕینیان نەماوە. هیچ لایەنێكیش نایاتە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، زۆربەی ئەو شتانەی کە نرخیان بەرز بووەتەوە بریتین لە خۆراکە سەرەکییەکان وەکو دۆشاوی تەماتە و برنج و زەیت و شەکر".

رێبوار رەئوف دارتاشە لەسەر هەمان بابەت وتی "ئێمە پێداویستیی کارەکانمان وەکو دارتاش لە هەولێرەوە دەهێنین و بەهۆی دانانی باج لە گومرک کاریگەریی زۆری لە سەرمان هەبووە بۆ نموونە هەندێك کەرەستە کە بە ٥٠ دۆلار دەگەیشتە دەستمان و دەمانکڕی ئیستا بە ٦٥ دۆلار دەگاتە دەستمان و دەیکڕین. ئەمە وایکردووە، کە خەڵکی شت نەدا بەکردن لەبەر تێچووی زۆری نرخەکەی".

ر.م