لە کەرکووک یادی سەردەشت عوسمان کرایەوە

لە شار ی کەرکووک هەشتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان کرایەوە و بەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمان بڵاودەکرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شاری کەرکوک، لە ناوەندی ڕۆشەنبیریی و هونەریی دیالۆگ(اڵ سی)، بە مەراسیمێك یادی سەردەشت عوسمان كرایەوە.

لە مەراسیمەكەدا، كە لەلایەن بەشێك لە ڕۆژنامەنووسانی شاركەوە ڕێکخرابوو، چەندین وتار پێشکەشکران، تیایاندا تیشک خرایە سەر ئازادیی ڕادەربڕین و مەترسییەكان سەر ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. لە مەراسیمەكەدا، بەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمان بەخشرایە ئامادەبووان و ڕۆژنامەنووسانی كەركوک.

 لە مەراسیمەکەدا هەڤاڵ دارا لەسەر ناوی بنەماڵەی سەردەشت عوسمان بەیاننامێکی خوێندەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ٨ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان تێپەڕی، هەشت ساڵ بەسەر پێداگری دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پاراستنی تاوانکاران و بکوژان تێدەپەڕێت، هەشت ساڵ پێداگیری ئێمە و ئازادیخوازان لەسەر مافی خۆمان و ڕادەستکردن و دادگایی کردنی بکوژەکان و ئەوانەی لەپشتی تاوانەکەوە وەستاون تێدەپەڕێت.

هەروەها ڕاشیگەیاند:"پاش ئەوەی کتێبی سەردەشت عوسمان، سەردەشت عوسمان لەشاری سلێمانی چابکرا، بەهزاد موحسن کە  یەکێک لە ئەندامانی ستافی ئامادەکاری کتێبەکەیە هەوڵ دەدات چەند بەرگێک لە کتێبەکە  بگەیەنێتە شاری هەولێر، بەڵام ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە (۱۹/٤/۲۰۱۸) لە بازگەی بێستانە، وێڕای ئەوەی دەست بەسەر ٥٠ دانە لە بەرگی دوویەمی کتێبی سەردەشت عوسماندا دەگرن بەهزاد موحسن-ش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر دەکەن.بەهزاد حەسەن باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی ئاسایشی هەولێر پێیان وتووە کە کتێبی سەردەشت عوسمان لە (تی ئێن تی )و بۆمب و تلیاک مەترسیدارترە بۆ ئێمە".