لە گوندێکی ئیلام زیاتر لە ١٠٠ کەس بەهۆی گازی کلورەوە ژەهراوی بوون

لە گوندی زنجیرەی سەر بە ناوچەی چەرداوڵی پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی بتڵی گازی کلۆرەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای سەر بە دەوڵەتی ئێران لە زاری بەرپرسە دەوڵەتیەکانی ئەو پارێزگایەوە ڕایگەیاند، بتڵێکی گازی کلۆر کە لەناو بارهەڵگرێکدا بووە تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی ژەهراوی بوونی خەڵکی گوندەکە.

ئەو ئاژانسە لە زاری ئەفسەرێکی سەربازیەوە ئاماژەی بەوەکردووە کە هیچ کەسێک بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانی لەدەست نەداوە بەڵام ١٠٠ کەس برینداربوون و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە گواستراونەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن گازەکە کوشندە نییە، بە تەنها دەبێتە ژەهراویبوونی مرۆڤ.

سەرچاوە هەواڵیەکانی ئۆپۆزسیۆنیش باس لە برینداربوونی زیاتر لە ٢٠٠ کەس دەکەن و دەڵێن دۆخی تەندروستی نزیکەی ٤٠ کەس باش نییە و لەژێر چاودێری پزیشکدان.

ف.ق