لە گوندەکانى بناری قەندیل ئامادەکاری بۆ زستان دەکرێت

وەرزی پاییز بە جوانترین رەنگانى خۆی لە بناری قەندیل نەخشاندووە. لە مانگی گەڵاڕێزان دا هەموو دانیشتوانى گوندەکانى بناری قەندیل ئامادەکاری بۆ زستان دەکەن.

دانیشتوانى قەندیل لەگەڵ هاتنى وەرزی پاییز دا ئامادەکاری دەکەن بۆ رۆژە سارد و درێژەکانى زستان. بەو بۆنەیەوە لەگەڵ محەمەد ئەحمەد یەکێک لە دانیشتوانى بناری قەندیل گفتوگۆمان کرد. ئەو هاووڵاتییە باسی لە چۆنیەتیى خۆ ئامادەکردن و هەروەها باسی لە سروشتی ژیانى گوندەکان کرد و رایگەیاند "ژیانى گوندەکانى کۆمەڵگەکەى ئێمە بەهێزتر دەکات".

محەمەد ئەحمە وتى "ژیانی گوندەکان نەریتى باو و باپیرانمانە. دەبێت هەموو کەسێک بتوانێت خۆی لەسەر خاکی خۆی بژییەنێت. دابینکردنى بژێویى ژیان لە شارەکاندا زۆر قورس بووە. هەموو شتێک بە پارەیەکى زۆر بە کڕیارەکان دەفرۆشرێن، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت لە گوند ژیانى خۆی باشتر و ئارامتر بەڕێوەببات".

محەمەد ئەحمەد وتیشی "ژیان و خۆپاراستن لە شارەکاندا زۆر قورس بووە. ئارامترین و پارێزراوترین ژیان، ژیانە گوند دا. بۆ کەسی بە تەمەنی وەک من ژیانى گوند ژیانێکى تەندروستە. دەبێت مرۆڤ بتوانێت لەگەڵ سروشتی گوندەکەى خۆیدا بژی و بژێویى خۆی دابین بکات و منداڵەکانى فێری ژیانى سروشتی بکات. ئەگەر مرۆڤ ئەوە نەکات، منداڵەکان لە ژیانى گوند رادەکەن و روو لە ژیانی ناتەندروستى شار دەکەن. لە شارەکانیشدا ناتوانن بژێویى ژیانى خۆیان دابین بکەن، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت لە گوندەکاندا بژێویى ژیانى خۆی زۆر بە باشی دابین بکات".

"هەنگ بەرەکەتى زۆرە"

ئەو هاووڵاتییە لە بەردەامیى قسەکانیدا ئەوەشى وت "لەگەڵ هاتنی پاییزدا ئێمە دەست دەکەین بە ئامادەکاری بۆ زستان. من بژێویى ژیانى خۆم لە رێگەى کشتوکاڵ و بەخێوکردنى هەنگەوە دابین دەکەم. هەموو گوندەکانى کوردستان دەوڵەمەندن و مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانى بژێویى خۆی لە گوند دا دابین بکات بەبێ ئەوەى چاومان لە دەستى کەسێک بێت. بەخێوکردنى هەنگ هەر چەندە قورس و ناڕەحەتیش بێت، بەڵام سوودی زۆرە و من زۆربەی بژێویى خۆم لەسەر بەخێوکردنى هەنگ دابین دەکەم. هەنگوین بۆ تەندروستیی مرۆڤەکان زۆر بەسوودە. هاوکات مرۆڤ پارەیەکى باشیشی لە فرۆشتنى هەنگوین دەست دەکەوێت. بەو پارەیەش منداڵەکانم بەخێو دەکەم".

"یەکەم باران بارین نیشانەى کاتی کۆکردنەوەى هەنارەکانە"

محەمەد ئەحمەد یەکێک لە دانیشتوانى بناری قەندیل ئاماژەى بەوەشکرد "کاتێک یەکەم باران دەبارێت، ئیتر دەبێت هەنارەکان کۆبکرێنەوە. کاتێک هەنارەکانمان کۆکردەوە نیوەى هەنارەکان دەفرۆشین و نیوەکەى تریشی هەڵدەگرین بۆ زستان. من هەنارەکان کۆدەکەمەوە و هاوژینەکەشم ربە هەناریان لێدروست دەکات. ربە هەنارەکەش لەسەر سفرە دادەنێن و زۆرجاریش لەگەڵ زەڵاتەدا بەکاری دەهێنین. لە زستانیشدا کاتێک میوانمان دێت ئێمە بەو بەربوومەى کە کۆمان کردووەتەوە میواندارییان دەکەین و ئیتر بە درێژایی شەو بۆ خۆمان دەست بە قسە دەکەین. ئەوەش وادەکات کە کۆمەڵگەکەى ئێمە زیاتر بە بەهێزی بمێنێتەوە".

ر.م