لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات ٢ کۆڵبەر کوژران و کۆڵبەەرێکی تریش برینداربوو

هێزە ئەمنییەکان ڕژیمی ئێران تەقەیان لە دوو گروپی کۆڵبەران لە سنوورەکانی پیرانشار و هەورامان کرد و دوو کۆڵبەریان کوشت و یەکێکی تریشیان بە سەختی بریندار کرد.

بەپێی هەواڵێکی کۆڵبەرنیوز شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران لە دوو هێرشی جیاوازدا، لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان، لە پیرانشار و هەورامان دوو گروپی کۆڵبەریان کردووەتە ئامانج.

بە گوێرەی هەواڵەکە لە گوندی کۆتران لە نزیک چیای قەندیل لە سنوری شاری پیرانشار سەر بە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران گروپێک لەکۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی عەبدوڵڕەحمان مورادی و سادق مورادی، خەلکی گوندی "قەبری حسێن"ی سەربە پیرانشار کە برای یەکن کوژراون.

هەمان ڕۆژ لە سنووری شاری پاوەی سەربە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقەیان لە گروپێک کۆڵبەر کردووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا، کۆڵبەرێک بە ناوی دیاکۆ شەریفی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی تشاری سەربە پاوە، بە سەختی بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ک-ش