لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک کوژرا و٢کۆڵبەری تریش برینداربوون

هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران گروپێک لەکۆڵبەرانی کوردیان لەسەر سنوورە کانی نێوان ڕۆژهەلات وباشووری کوردستان کردەئامانج . کۆڵبەرێک لە پیرانشار کوژرا، کۆڵبەرێک لە حاجی ئۆمەران و کۆڵبەرێکیش لە مەرگەوەری ورمێ برینداربوون.

هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران لە ناوچەی سنووری گوری پتکێ-ی سەربە پیرانشاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێرشیان کردووەتە سەرگروپێک لە کۆڵبەران و کۆڵبەرێک کوژرا، هەروەها ڕۆژی هەینیش دوو کۆڵبەر لە ناوچەی حاجی ئومەران و مەرگەوەڕی ورمێ  بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی ئێران برینداربوون.

بەپێی هەواڵێکی کۆڵبەر نیوز، ئەمڕۆ بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی رژیمی ئێران کۆڵبەرێک بە ناوی سەید واحید ئەحمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی پێرانشار لە ناوچە سنوورییەکان ئەو شارە کوژراوە.

هەروەها ڕۆژی هەینیش هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچەی سنووری حاجی ئومەران لە نیوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستڕێژی گولـلەیان لە گروپێک کۆڵبەرکردووە، لە ئەنجامی ئەوهێرشە کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٩ ساڵان بە ناوی محەمەد شەمایلی خەڵکی پیرانشار برینداربووە.

لەهەمان رۆژدا و لە ناوچەی مەرگەوەڕی پارێزگەی ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر گروپێک لە کۆڵبەران و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی شەفیع سەمەدی تەمەن ٢٦ ساڵ بە قورسی برینداربووە.

ک٠ش