لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان، راپەرینی خەڵکی ئێرانیش گەشتر دەبێت

راپەرینی خەلکی ئێران کە لە دژی گرانبوونی نرخی بەنزین دەستی پێ کردووە، رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت. لە هەمان کاتدا فشارو هێرشەکانی رژێم بۆ سەر هاوڵاتیان لە زیادبووندایە. باس لەوەش دەکرێت کە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمەوە کوژراون.

دوای گرانکردنی نرخی بەنزین لە لایەن رژێمەکەی ئێرانەوە، لە زیاتر لە هەزار ناوچەی جیا جیای ٣١ شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکردووە کە تا ئێستاش بەردەوامییان هەیە.

دوای ئەوەی هێڵی ئینتەرنێت لە لایەن بەرپرسانی رژێمی ئێرانەوە لە رۆژی شەممەی رابردووە بچرێنراوە، زانیارییەکان بە زەحمەت دەگەن بە رای گشتی و راگەیاندنەکان. بە پێی ئەو زانیارییانەی بە زەحمەت دەگەنە رای گشتی، دوێنی لە سەرلەبەیانییەوە، لە تارانی پایتەخت و مەشهەد و شیراز و ئەسفەهان و ئەهواز و کرمانشان و ئیلام و شەهریار و ماه شەهرو خۆرەمشەهر و گەچساران و بەهبەهان و شیرجان و زاهێدان و زەنجان و لە رۆژهەڵاتیش سنەو مەریوان و بۆکان و سەقز و شارەکانی دیکە، خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون.

 

هێزە ئەمنییەکان رژێمی ئێران بە فیشەک وڵامی نارەزایەتییەکانی هاوڵاتیان دەدەنەوەو بەو هۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەست داوە. لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ دا باس لە ئەنجامێکی قوڕس دەکرێت.  بە پێی سەرچاوەکان دوێنی لە شیراز بۆ وەستاندی خۆپیشاندانەکان، هێزە ئەمنییەکان لە سەر باڵەخانە و شوێنە بەرزەکان، قەناس بەدەستیان جێگیر کردوون و تەقەیان لە هاوڵاتیان کردووە، بەڵام خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکە بەردەوام بووە. دەوترێت لە زانکۆی شارەکەش بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکە بوەستێنرێت هەلیکۆپتەر بەکار هاتووە و لە هەلیکۆپتەرەوە خەڵک دراوەتە بەر دەستڕێژی گولە.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن تا ئێستا لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکاندا ٥ کەس گیانیان لەدەست داوە کە سیانیان پۆلیسن و بەم شێوەیە راستی رووداوەکان دەشارنەوەو. بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە رووداوەکان باس لە ژمارەیەکی یەکجار زۆری کوژراو بریندارانی ناو خۆپیشاندانەکان دەکەن. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دوێنی راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوەو ئاشکرای کرد کە لە ٢١ شارو ناوەند، ١٠٦ کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش دەستگیر کراون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی زانیاری وردی لەسەر ئەو شارانە بڵاو کردەوە کە خۆپیشاندەری تێدا کوژراون کە بە گشتی ژمارەی کوژراوان دەگاتە ١٠٦ کەس.

ز.ش