لەیلا گیوڤەن دەستى بەکارەکانى کەجەدە کردەوە

لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە دواى ئەوەى لە کۆبوونەوەى گشتیى پەرلەماندا سوێندی یاسایى خوارد و دەستى بە کاری پەرلەمانتاریى کردەوە، ئێستاش دەستى بەکارەکانى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) کردەوە.

لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیکرد بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن و دواى ٢٠٠ رۆژ لە مانگرتنەکەى لەسەر داواى ئۆجالان کۆتایى بە مانگرتنەکەى هێنا. دواى وەرگرتنى چارەسەری دەستی  بە کارە سیاسییەکانى کردەوە.

لەیلا گیوڤەن رۆژی ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩ / ١٩ی پووشپەڕ لە دانیشتنى گشتیى پەرلەمانى تورکیادا سوێندی یاسایى خوارد و دەستى بە کاری پەرلەمانتاریى کردەوە. دواى ئەوە چوو بۆ شاری ئامەد و دواى ساڵ و نیوێک دووبارە دەستی بە کارەکانى خۆی لە ناو کەجەدە دا کردەوە.

گیوڤەن لەگەڵ ئەندامانى دیوانى هاوسەرۆکایەتیى کەجەدە دا چاوپێکەوتنى ئەنجامدا و لەبارەى کارەکانى کەجەدەوە زانیاریى وەرگرت و دواتر دەستى بە کارەکانى خۆی لە ناو کەجەدە دا کردەوە.

سەردانى بنەماڵەى گیانبەختکردوانى چالاکییەکانى مانگرتن دەکات

لەیلا گیوڤەن لە چوارچێوەى کارەکانیدا سەرەتا سەردانى گۆڕی زولکوف گەزەن چالاکوانى مانگرتووی کرد، کە لە دژی گۆشەگیری چالاکیى فیدایى ئەنجامدابوو و شەهید بوو بوو. دوای ئەوە لەیلا گیوڤەن سەردانى بنەماڵەى گەزەنی کرد.

گیوڤەن یەک بە یەک سەردانى بنەماڵەى گیانبەختکردوانى چالاکییەکانى مانگرتن بۆ تێکشاندنى گۆشەگیری، ئایتەن بەچەت، زەهرا ساغلام، مەدیا چنار، یونجا ئاکجی، سیراج یوکسەک و مەعسوم پامای دەکات.

گیوڤەن لە دواى سەردانکردنى ئەو بنەماڵانە سەردانى بنەماڵەى شەن یاشار دەکات، کە چەندین کەس لە ئەندامانى بنەماڵەکەیان لەلایەن ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپەوە کوژراون.

لە دواى ئەوانەش سەردانى بنەماڵەى پەرلەمانتاری پێشووی رحای هەدەپە ئیبراهیم ئایهان دەکات. ئایهان لە هەولێر گیانى لە دەست دابوو.

ر.م