مامۆستایانی کەرکوک لە دژی پرسیارەکانی دەرەوەی سیستمی خوێندنی کوردی بۆ تاقیکردنەوەکان ناڕەزایەتیان نیشاندا

مامۆستایانی کوردی لە کەرکوک پشتیوانی قوتابیان دەکەن بۆ چۆڵکرنی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە وەکو شێوازێک لە مانگرتن.

لە دژی هێنانەوەی پرسیاری دەرەوەی سیستمی خوێندن و قورسی پرسیاری تاقیکردنەوەی پۆلی دوانزەیەمی ئامادەیی، قوتابیانی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک بۆ جاری دووەم هۆڵەکانی خوێندن بەجێ دەهێڵن. 

ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ٥:٣٠ ژمارەیەک مامۆستای خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک  لەباخچەی بەردەم قەڵای کەرکوک، دژی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی لەو باخچەیە گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییەی دژی قوتابیانی خوێندنی کوردی روویداوە.

مامۆستا هێمن قاسم لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەی مامۆستایانی ئامادەبووی گردبوونەوەکەی خوێندەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "ئاشكرايە لە تاقيكردنەوەكانى خولى يەكەمى ئەمساڵى خوێندن دەستێكى رەش و ناحەز  بە ئايندە و چارەنووسى نەوەكانى داھاتوومان و گروپێكى قين لەدڵ ھەستاون بەدانانى پرسيارى تاقيكردنەوە گشتييەكانى قۆناغى دوانزەى ئامادەيى بە شێوەيەك كە زۆرترين ناڕوونى و ھەڵەى زانستى و ھەڵەى چاپى تێدايە، دانانى ئەو پرسيارانە بەو شێوە پڕ لەكەموكوڕييە جيا لەوەى خەونى چەندين ساڵەى زۆرێك لە خوێندكاران و قوتابيانى كوردى لەباربرد كە ئاواتەخوازى بەدەستھێنانى نمرەى بەرز و درێژەپێدانى خوێندن بوون لە كۆلێژە باڵاكان، لەھەمان كاتدا بارێكى دەروونى خراپيشى بەسەر دەروونى خوێندكاران و قوتابياندا ھێنا."

هەروەها مامۆستا هێمن قاسم ووتیشی: "تا ئێستا لەکۆى ئەو تاقيكردنەوانەى كە ئەنجامدراون جيا لەناڕوونى و گرانى پرسيارەكان ھەڵەى زەق و ڕوون لەھەريەك لەتاقيكردنەوەكانى ئابوورى و كيمياى لقى كارپێكەرى  و زيندەزانى و كيمياى لقى زيندەيى ھەبووە بەجۆرێك زۆرێك لە خوێندكار و قوتابيان وەڵاميان نەداوەتەوە و بايكۆتى ئەو تاقيكردنەيان  كردووە".

سەبارەت بە پشتیوانیکردنی قوتابیان لە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، مامۆستا هێمن قاسم ووتی: "ئێمەى مامۆستايان لە سۆنگەى ھەستكردنمان بەبەرپرسيارييەتى و خەمى ئەو خوێندكار و قوتابيانە رايدەگەيەنين كە پێويستە سەرپەرشتياران و مامۆستايانى ويژدان زيندووش بێنە دەنگ و ئەم غەدرە گەورەيە قبوڵ نەكەن چونكە سەرەڕاى زيانگەياندن بەخودى خوێندكار و قوتابى، وەڵامنەدانەوەى خوێندكار و قوتابى لە تاقيكردنەوەكان واتە بەفيڕۆچوونى ھەوڵ و ماندووبوونى ساڵێكى ئەو مامۆستايانەى كە لەپێناو سەركەوتنى خوێندكاردا بەبێ بوونى مووچە و شايستە داراييەكانيان كێشاويانە."

هەروەها لە بەیاننامەکدا هاتبوو: "چەند جارەبوونەوەى ئەو كەم و كوڕيانە لە تاقيكردنەوەكانى بەشى خوێندنى كوردى بە دەستێك و پلانێك دەزانين لەپێناو ناشیرينكردنى خوێندنى كوردى لەم شارە و لێڵكردنى چارەنووسى خوێندكاران و قوتابيانى كوردى كەركوك. چونكە لە تاقيكردنەوەكانى بەشى خوێندنى عەرەبى و خوێندنى توركمانى تا ئێستا ھيچ كەم وكوڕى و كێشەيەك بوونى نەبووە."

لە کۆتایدا مامۆستا هێمن قاسم بەناو مامۆستایانی بەشدار لە گردبوونەوەکە ووتی: '' لێرەوە بانگ لە ليژنەى پەروەردەى ئەنجومەنى نوێنەران و بەڕێوەبەرى پەروەردە و بەرێوەبەرى بەشى خوێندنى كوردى و سەرپەرشتياران دەكەين ھەڵوێستى جدى و كرداريانەيان ھەبێت و نەھێڵن ئەم غەدرە گەورەيە بەسەرياندا تێپەڕبێت ، سەرەڕاى سزادانى كەسانى كەمتەرخەم پێداچوونەوە بە پرسيارەكانى خوولەكانى ديكە بكرێت بەو پێيەى ھەمان ئەو بەناو مامۆستايانە پرسيارى خوولەكانى ديكەشيان داناوە."

ژ.ت