مانگرتنی دژ به گۆشه‌گیری ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانیشی گرته‌وه
چالاکیی مانگرتن لە خواردن بۆ شکاندنی گۆشگیریی سه‌ر ڕێبەری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕۆژ به ڕۆژ به‌رفره‌وانتر ده‌بێت. له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانی باشووری كوردستان ٣ كه‌س مانگرتنیان ڕاگه‌یاند.
چالاکیی مانگرتن لە خواردن بۆ شکاندنی گۆشگیریی سه‌ر ڕێبەری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕۆژ به ڕۆژ به‌رفره‌وانتر ده‌بێت. له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانی باشووری كوردستان ٣ كه‌س مانگرتنیان ڕاگه‌یاند.
ڕێبەری گەلی کورد عه‌بدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١١ به‌دواوه لە لایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە گۆشەگیرییەکی تووندی خراوەتەسەر و ڕێگه بە پارێزەر و خانه‌واده‌كه‌ی نادرێت چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام بدەن.
له‌پێناو شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە چالاکیی مانگرتنی بێ‌سنوور له خواردن له كوردستان، زیندانه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك و هه‌نده‌ران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. مانگرتنه‌كه به پێشه‌نگایه‌تیی لەیلا گیوڤه‌ن کە ماوەی ١١٣ڕۆژە و ناسر یاگز كه ١٠٠ڕۆژە لە مانگرتنی بێسنوردان، به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له شارۆچکەی کەلاری ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان له باشووری کوردستان ٣ كه‌س ده‌ستیان به مانگرتن له خواردن كرد. مانگرتوانی ده‌ڤه‌ره‌كه ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كه‌یان بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوان.
«چالاكی ده‌دوێت»
هونەرمەندی شێوەکار جومعه کەریم لە ماڵەکەی خۆیدا ماوەی ٥ ڕۆژە دەستی بە مانگرتن له خواردن کردووه و بڕیاره ماوەی هەفتەیهک له چالاكییه‌كه‌ی بەردەوام بێت. ناوبراو گوتی: «ئامانج لە چالاکییهكهم شكاندنی گۆشگیرییه لەسەر ڕێبەر ئاپۆ. ده‌مانه‌وێت له ڕێی ئه‌م چالاكییه‌وه فشار دروست بكه‌ین. لە هەمان کاتدا ئه‌م چالاکییه‌مان بۆ پشتیوانی له به‌رخۆدانی لەیلا گیوڤه‌نه.» ئه‌و هونه‌رمه‌نده باسی له‌وه‌ش كرد، ئێستا کاتی قسە کردن نییه، به‌ڵكوو پێویسته چالاکی بدوێت.
«خۆبرسیکردن بچووکترین کارە کە بیكه‌م»
یەکێکی دیكه لەو کەسانەی کە لە شاری کەلار دەستی بە مانگرتن کردووە مامۆستا سەردار مەلیحەیە كه ماوەی ٤ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووه و بڕیارە چالاكییه‌كه‌ی ماوەی هه‌فته‌یه‌ك بەردەوام بێت. ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كه‌ی گوتی: «ئێستا هیچ زانیارییه‌كمان دەربارەی دۆخی به‌ڕێز ئۆجالان نییه. له‌وانه‌یه ئێستا لەژێر ئەشکەنجە و ژیانێکی ناخۆشدا بێت. ڕێبەر ئۆجالان ماوه‌یه‌كی زۆرە لە ژوورێکی تاکەکەسی گۆشه‌گیر كراوه. منیش بە ئامانجی شکاندنی ئەو گۆشەگیرییه دەستم بە مانگرتن لە خواردن كردووه. خۆبرسیکردن بچووکترین چالاكییه كه له‌پێناو ئەو مرۆڤە مەزنە بیكه‌م.»
«تا گۆشه‌گیری هه‌ڵده‌گیرێت، به‌رده‌وام ده‌بم له مانگرتن»
هاوكات هەرێم مه‌حموود ئەندازیارێكی شاری کەلار بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له نووسینگه‌ی كاره‌كه‌ی مانگرتنی بێسنووری له خواردن ڕاگه‌یاندووه. هه‌رێم بڕیاری داوه تا گۆشەگیریی سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان هه‌ڵده‌گیرێت، به‌رده‌وام بێت له چالاكییه‌كه‌ی. ناوبراو گوتی: «ئامانجی چالاكییه‌كه‌م شكاندنی گۆشهگیرییە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ. هاوکات پشتگیری له هەریەک لە له‌یلا گیوڤه‌ن هاوسەرۆکی كه‌جه‌ده و ناسر یاگز ده‌كه‌م کە ماوەیه‌کی زۆرە مانیان لە خواردن گرتووە.»
«دوژمن بە درێژایی مێژوو کاری لەسەر ئەوه کردووە تاک بێ ئێرادە بكات و گەلی کورد بە بنده‌ستی بهێڵێته‌وه. من داوا لە تەواوی ئەو کەسانە دەکەم کە ده‌ستیان بە مانگرتن کردووە؛ بەردەوام بن لە چالاکییەکهیان. کاتی ئه‌وه هاتووە گەل پشتیوانی مانگرتوان بكات بۆ ئەوەی هەموومان به‌یه‌كه‌وه ڕووبەرووی دوژمنان ببینه‌وه.»
ئەو ئەندازیارە گوتیشی، «من مانگرتنی بێسنوورم ڕاگه‌یاندووه و بڕوایەكی تەواوم به چالاكییه‌كه‌م هه‌یه و بەردەوام دەبەم تا گۆشه‌گیریی لەسەر ئاپۆ هەڵدەگیرێت. چونکە گۆشگیریی لەسەر ئه‌و، گۆشه‌گیرییه له‌سه‌ر فکر و فەلسەفە، گۆشگیرییه لەسەر کۆمەڵگه و ئاشتی.»
s.m