مانگرتنی كاسبكار و دوكانداران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رده‌وامه‌

له‌ دژی قانوونه‌كانی حكوومه‌تی ئێران كه‌ بازرگانیی سه‌ر سنووری قه‌ده‌غه‌ كردووه‌ و زیانی به‌ بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان گه‌یاندووه‌، ماوه‌ی ١٩ ڕۆژه كاسبكار و دوكاندارانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان مانیان گرتووه‌.

ماوه‌ی ١٩ ڕۆژه‌ كاسبكار و دوكاندارانی شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ دژی حكوومه‌تی ئێران كه‌ ده‌روازه‌سنوورییه‌ نافه‌رمییه‌كانی داخستووه‌ و باجی گومرگی زیاد كردووه‌، ده‌ستیان به‌ مانگرتن كردووه‌. ئه‌مڕۆش له‌ شاره‌كانی بانه‌، سه‌قز، سه‌رده‌شت و پیرانشار مانگرتن به‌رده‌وامه‌.

دووکانداران و کاسبکارانی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن لە مانگرتن لە کارکردن و هێشتا دووکان و بازاڕیان نەکردووەتەوە.

ئەمڕۆ ١٩یەمین ڕۆژی داخستنی دووکان و بازاڕ لە شارە سنورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی باج و گومرک.

مانگرتنەکە لە شارەکانی بانە و جوانڕ-ی سەربە کرماشانەوە دەستیپێکرد، دواتر بە خێرایی بە شارە سنوورییەکانی دیکەدا بڵاوبووەوە و مەریوان، سەقز، سەردەشت و پیرانشاری گرتەوە.

دوکانداران و کاسبکاران لەگەڵ مانگرتنەکەیان لە ماوەی ١٨ ڕۆژی رابردوودا چەندین جار خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، دووان لە چالاکییەکە سیمبۆلیکەکانیان ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ لە بەردەم قائیمقامییەتی و هەروەها هەڵدانی چادر لە سەر شەقامەکان بووە.

بەرپرسانی حکومەتی ئێران لە ماوەی ١٨ ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی کوردستانیان کردووە و بەڵێنیان داوە چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، بەڵام كاسبكار و دوكانداران سورن له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ مانگرتن و ده‌ڵێن باوه‌ڕییان به‌ به‌رپرسانی حكوومه‌ت نه‌ماوه‌ و ئیدی گوێیان لێ ناگرن.