مانگرتنی کاسبکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ۲ هەفتەی پڕکردەوە

لە شار و شارۆچکە سنوریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مانگرتنی دووکانداران و کاسبکاران، لە دژی داخستنی مەرزە سنوریەکان لە ۱٤ هەمین ڕۆژی دا بەردەوامە.

 

ئەمڕۆ شەممە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناڕەزایەتیی و  مانگرتنیی کاسبکاران و دوکانداران و بازاریانیی شار و شارۆچکە هاوسنوریەکانی باشوری کوردستان، پێی نایە ۱٤ هەمین ڕۆژی خۆیەوە.

ناڕەزایەتی و مانگرتنەکە، لە دژی داخستنی ئەو خاڵ و مەرزە سنوریانەیە، کە لاوەکین و هەزاران کەس کاری کۆڵبەریان تێدا دەکەن. ئەوەش بووەتە مایەی بڕینی قوت و بژێوی هەزاران خێزانی ڕۆژهەڵاتی و ڕووبەڕووی هەژاری و نەداریان دەکاتەوە. هاوکات داخستنەکە، لە بازارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا نرخی کاڵا و شتومەکی چەند قات بەرزکردووەتەوە.

مانگرتنەکە، کە سەرەتا لە شارەکانی بانە و جوانڕۆ وە دەستی پێکرد بوو، بەزوویی هەموو شار و شارۆچەکە سنوورییەکانی دیکە گرتبوویەوە، لە وانەش، مەریوان، سەقز، پیرانشار و سەردەشت و دەوروبەریان. لە ئێستاشدا تا دەچێت فراوانتر دەبێت و لە لایەن ڕایگشتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە زیاتر پشتیوانی لێ دەکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، شەوی ڕابردوو لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، هەڵمەتێکی پشتیوانی دەستی پێکردوە و تێیدا، بێدەنگیی و بێهەڵوێستی حکومەتی ئێران بەرامبەر بە مانگرتنەکە و وەڵامنەدانەوەی مانگران سەرکۆنە کرا ، هاوکات داوای لێ کرا، لایەک لە خراپی و سەختی ژیانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتەوە و پڕۆژەی پیشەسازی، کشتواڵی، ئاژەڵداری و گەشتیاری گەورە لە کوردستان بکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە، پارێزگانی، ئورمیە، سنە، ئیلام و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەراورد بە پارێزگا فارس و تورکنشینەکانی ئێران، بە پارێزگای گەشەنەسەند و دواکەوتوو لە بورای پیشەسازی و ئابوری دێنە ئەژمار و ڕێژەی بێکاری، هەژاری تێیاندا لە بەرزترین ئاست دایە.

هـ.هـ

o