پاش ئەوەی هاوسەرۆکی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (کەجەدە) و په‌رلەمانتاری پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هەدەپە) لەیلا گیوڤەن لە ٨ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠١٨ له‌پێناو شکاندنی گۆشەگیریی تووندی سه‌ر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان له زیندان دەستی بە چالاکیی مانگرتنی بێ‌سنوور لە خواردن کرد، سەرەتا لە هەولێر، دواتر له زیندانه‌كانی توركیا و باكووری كوردستان ، وێڵز و ستراسبۆرگ، مەخموور، سلێمانی، کەلار و چه‌ندین شوێنی دیكه چالاكیی مانگرتن ده‌ستی پێكرد.
مانگرتنی بێسنووری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرایەتی هەدەپە له شاری هه‌ولێر ناسر یاگز لە ١٨٧هه‌مین ڕۆژدا و چالاکیی مانگرتنی نۆبه‌تداری کۆمەڵەی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لە سلێمانی لە ڕۆژی ١٦٥هه‌مین ڕۆژ و مانگرتنی بێسنووری ئەندازیار هەرێم مەحموود له كه‌لار لە ٩٢هه‌مین ڕۆژدا له‌سه‌ر بانگه‌وازی ئۆجالان كۆتاییان پێهێنرا. هه‌روه‌ها یەکێک لە ناوەندەکانی مانگرتنی بێ‌سنوور و نۆبه‌تدار قه‌زای مه‌خمووری باشووری كوردستان بوو. له وارگه‌ی شه‌هید ڕۆسته‌م جوودی چالاکیی مانگرتنی بێسنووری ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی عه‌شتار فادیله تۆک لە ١٣٧هه‌مین ڕۆژدا و مانگرتنی نۆبه‌تداری چالاكانی دیكه‌ی وارگه‌كه لە ١٦٤هه‌مین ڕۆژدا به په‌یامه‌كه‌ی ئۆجالان كۆتاییان پێهێنرا.
پاش چاوپێکەوتنی پارێزه‌ران له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٢ ئایار\١ی جۆزه‌ردان، پارێزەران لەگەڵ چالاكانی مانگرتوو کۆبونەوە و په‌یامی ئۆجالانیان پێ ڕاگه‌یاندن. دواتر په‌یامه‌كه بۆ ڕای گشتی ئاشكرا كرد و ئۆجالان ڕایگه‌یاند، ئامانجی به‌رخۆدانی مانگرتوان به‌دیهاتووه و با مانگرتن و ڕۆژووی مردن بشكێنن. سه‌ره‌تا لەیلا گیوڤەن، دواتر زیندانییان و چالاكانی دیكه‌ی كوردستان و هه‌نده‌ران كۆتاییان به چالاكییه‌كه‌یان هێنا. ڕاشیانگه‌یاند، به‌رخۆدان سه‌ركه‌وتن به‌دوای خۆیدا دێنێت و له‌مه‌ودوا بۆ ئازادیی ئۆجالان به‌رخۆدان به‌هێز ده‌كه‌ن.
هەولێر
ڕێكه‌وتی ٢٠ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ مانگرتنی بێ‌سنوور و نۆبه‌تدار لە خواردن لە نوێنەرایەتیی هەدەپە ده‌ستی پێكرد. ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرایەتییه‌كه ناسر یاگز ده‌ستی به مانگرتنی بێ‌سنوور كرد و ده‌نگی خۆی خسته‌پاڵ ده‌نگی له‌یلا گیوڤه‌ن.
هه‌روه‌ها هه‌مان ڕۆژ مانگرتنی نۆبه‌تدار له نوێنه‌رایه‌تییه‌كه ده‌ستی پێكرد. به ٢ ڕۆژ جارێک گرووپێکی نوێ به‌شداری ده‌كرد. تا کۆتایی هاتنی مانگرتنه‌كه زیاتر لە ٥٠٠ کەس بەشدارییان چالاکیی نۆبه‌تدار كرد.
لە کاتی بەرخۆداندا سه‌ره‌ڕای خراپی باری ته‌ندرووستی، ناسر یاگز چه‌ندین جار به ئیراده‌یه‌كی به‌رزه‌وه ته‌داوی كردنی ڕه‌تكرده‌وه و درێژه‌ی به چالاكییه‌كه‌ی دا. یاگز ٢٦ی شوبات لە ڕۆژی ٩٨هه‌مینی چالاكییه‌كه‌یدا بەهۆی خراپتربوونی باری تەندرووستییه‌وه ڕەوانەی نەخۆشخانەی پار کرا. پاش پشكنینی پزیشكی یاگز ڕه‌تی كرده‌وه ته‌داوی بكرێت و گه‌ڕێنرایه‌وه نوێنه‌رایه‌تیی هه‌ده‌په.
هەروەها ١ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩-یش یاگز لە ڕۆژی ٧٣هه‌میندا جارێکی دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو. بەڵام ئه‌و كاتیش ڕێگه‌ی نه‌دابوو چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت.
لە ڕۆژی یەکەمەوە تا كۆتایی به‌بێ دابڕان ڕێکخراوه‌كان، حیزبه‌كان، کەسایەتیه ناسراوەکان و خه‌ڵكی باکوور و باشووری کوردستان سه‌ردانی مانگرتوانیان كرد.
سەردانی خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان
لەو قۆناغەی بەرخۆداندا نوێنه‌رانی دەیان ڕێکخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مەدەنی، كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (کەنەکە)، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پارتیی یه‌كێتیی دیموكراتی (پەیەدە)، حیزبی زەحمەتكێشانی کوردستان، حیزبی شیوعیی كوردستان، بزاڤی دیموكراتی و گەلی کوردستان، کۆنگرەی ستار، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هاوسەرۆکی هەرێمی جزیر عه‌بدولكه‌ریم سارۆخان، حیزبی دیموكراتیی ئێران، حیزبی یه‌كێتیی دیموكراتیی سووریا، یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان (یه‌نه‌كه)، پارتیی پارێزگاران و تەڤگەری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان سه‌ردانی مانگرتوانیان كرد. هه‌روه‌ها مامۆستای زانکۆ د. قاسم مەرزانی، مامۆستا ئیدریس سادق، نووسەر کاوە نادر و چه‌ندین كه‌سایه‌تیی دیكه و هاوڵاتییان چالاكییه‌كه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه.
سلێمانی
لەگەڵ به‌رفره‌وانبوونی چالاکییەکانی دژبه گۆشه‌گیری، لە کۆمەڵەی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی چالاکیی مانگرتنی نۆبه‌تدار له ١٢ی کانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٨ دەستی پێ‌کرد. له چالاكییه‌كه‌دا هاوڵاتییانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان بەشدارییان كرد. تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس بە ٨٣ گرووپ به‌شدارییان له چالاكییه‌كه كردووه
مانگرتنی بێ‌سنوور له گه‌رمیان
ئەندازیار هەرێم مەحموود بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سه‌ر ئۆجالان لە ٢٤ی شوبات له شارۆچكه‌ی كه‌لار-ی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان دەستی بە مانگرتنی بێ‌سنوور کرد. لە ڕۆژی ٩٢هه‌مینی چالاكییه‌كه‌یدا، لەسەر بانگه‌وازی ئۆجالان کۆتایی بە چالاکییەکەی هێنا.
له ماوه‌یه‌دا شەیما عەدنان، شێوەکار جومعه کەریم، بەرپرسی دەستەی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگه‌ی کوردستان حوسێن کەرکووکی، فاتمە ئەحمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ڕووناك ماجید، تەها جاف، مامۆستا سەردار مه‌لیحه، گوڵه‌باخ جەلالی و چه‌ندین كه‌سی دیكه به‌شێوه‌ی سنووردار مانیان گرت.
ڕۆژووی مردن
گەنجێک بە ناوی مەروان مەمدووح ئۆزدەمیر ڕێكه‌وتی ١٤ی ئایار\٢٤ی گوڵان لە کۆمەڵەی كرێكارانی میزۆپۆتامیا له شاری سلێمانی دەستی بە رۆژووی مردن کرد. چالاكییه‌كه‌ی ئۆزدەمیر لە ١٣هه‌مین ڕۆژیدا به پەیامی ئۆجالان کۆتایی پێهات.
سەردانی مانگرتوان
سه‌ره‌تا هاوڵاتییانی باکووری کوردستان و ڕێکخراوەكانی باشووری کوردستان، هەروەها نوێنه‌رانی پەیەدە، نووسینگەی هەدەپە له هه‌ولێر، پارتیی ئازادی و دیموكراتی ئێزدی له سلێمانی و شەنگال، نوێنەرانی ڕێكخستنه‌كانی ئەورووپا، كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكرات و ئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان (کۆدار)، كۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان (کەجەرە)، نوێنەرانی کانتۆنه‌كانی ڕۆژاڤا له باشووری كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (تەڤ-دەم) له ڕۆژاڤا، کۆنگرەی ستار، ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان (ڕه‌ژاك)، ناوه‌ندی چاند و هونەری سلێمانی، هاوسەرۆک و به‌رپرسانی تەڤگەری ئازادی له سلێمانی،، کۆمەڵەی كرێكارانی سلێمانی، کەنەکە، تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێر، کۆما مشتەنوور، تەڤگەری ئازادی له گەرمیان، بەرەی گەل و بەرەی نیشتمانی گەل سه‌ردانی چالاكییه‌كانیان كرد.
مەخموور
خەلکی مەخمووریش دەنگیان خسته‌پاڵ دەنگی بەرخۆدان و ١٦ ی کانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٨ دەستیان بە چالاکیی مانگرتنی بێ‌سنوور و نۆبه‌تدار لە خواردن كرد.
له ماوه‌ی به‌رخۆدانی مانگرتوان له وارگه‌ی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی له مەخموور تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس بەشدارییان كردووه.. چالاکییەکە ١٦٤ ڕۆژ به‌رده‌وام بوو و ٥٤ گرووپ به‌شدارییان تێدا كردووه. دواتر لەسەر پەیامی ڕێبەری گەلی کورد چالاکییەکه كۆتایی هات.
هاوكات ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی عه‌شتار فادیلە تۆک لە ٢٠ی كانوونی دووه‌مه‌وه بە له وارگه‌كه ده‌ستی به مانگرتنی بێ‌سنوور له خواردن كرد و پاش ١٢٧ ڕۆژ له به‌رخۆدان له‌سه‌ر بانگی ئۆجالان كۆتایی به چالاكییه‌كه‌ی هێنا.
لەو ڕۆژەوەی کە مانگرتن له مه‌خموور دەستی پێکردووه نوێنه‌رانی کەنەکە، کۆنگرەی ستار، پارتی ئازادی و دیموكراتیی ئێزدی، كۆنگره‌ی ئیسلامیی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی ژنانی ئێزدی، هەدەپە، كۆمه‌ڵگه‌ی ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان (کەژار)، ڕه‌ژاك، پەیەدە، ڕێکخراوی مامۆستایانی مەخموور، گەنجان و چه‌ندین ڕێكخراوی دیكه سه‌ردانی مانگرتوانیان كردووه و پشتیوانی خۆیان بۆ چالاكییه‌كان ڕاگه‌یاندووه.
ژنان لە به‌رده‌م نوێنه‌رایه‌تیی ده‌وڵه‌ته یه‌كگرتووه‌كان چالاکییان كرد
لە ٣٠ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩دا ئەندامانی ئەنجومەنی عه‌شتار له مەخموور لە به‌رده‌م نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له شاری ده‌ستیان به مانگرتن كرد. ئاسایشی پارتیی دیموكراتیی كوردستان (په‌ده‌كه) ڕێگه‌ی نه‌دا چالاكییه‌كه له‌وێ به‌رده‌وام بێت. ڕۆژی دواتر ئاسایش هێرشی کرد و ده‌ستی به‌سه‌ر چادری مانگرتواندا گرت. لە ٦ی شوباتدا ئاسایش جارێکی دیکە هێرشی کرد و ده‌ستی به‌سه‌ر هەموو كه‌لوپه‌له‌كانی مانگرتواندا گرت. هەروەها ٥ خوێندکاری وارگەی پەنابەرانی مەخموور کە سەردانی مانگرتوانیان کردبوو دەستبەسەر کران.
دواتر ئاسایش لە شەوێكدا هه‌موو ژنانی مانگرتووی ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و ناردنیه دەرەوەی سنووری هه‌ولێر. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ڕێگری و پێشێلكارییانه نوێنه‌رایه‌تیی ده‌وڵه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بوو. پاشان چالاكان ڕایانگه‌یاند له وارگه‌كه‌ی مه‌خموور درێژه به چالاكییه‌كه‌یان ده‌ده‌ن.
s.m