کەجەکە پەیامێکی ئاراستەی گەلی باشوری کوردستان کرد

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بانگەوازیی گەلی کورد لە باشوری کوردستانی کرد، کە پشتگیریی هێزی گەریلا بکەن.

 

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئامانجەکانی دەسەڵاتداریەتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە-ی لەدژی گەلی کورد خستە روو.

لە ڕاگەیەندراوی کەجەکەدا هاتووە: دەسەڵاداریەتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە هێرش دەکاتە سەر هەموو شوێنێک کە تێیدا تاکەکوردێک ژیانێکی ئازاد دیموکراتی پێکهێنابێت، ئەو دەسەڵاتدارییە بە نکۆڵیکردن لە هەبوونی گەلی کورد هەوڵی قڕکردنی گەلی کوردی داوە، نەک تەنیا دوژمنی ژیانی ئازاد و دیموکراتی گەلی کورد لە باکوری کوردستان، بەڵکو لە دەرەوەی تورکیاش دژایەتیی هەموو کوردێک دەکات کە خاوەندارێتی لە ژیانی ئازاد دیموکرات بکات، بەرچاوترین نموونەوە بۆ ئەوە، ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان و هەروەها داگیرکردنی عەفرینە، هەروەها دوژمنایەتیی ژیانی خۆبەرێوبەریی خەڵکی ئێزدی لە شەنگال دەکات، ڕۆژانە هەڕەشە لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەو هەڵوێستانە کارەکتەری فاشیستیی دەسەڵاتداریی ئاکەپە و مەهەپە دەخەنەڕوو.

لە بەردەوامیی راگەیەندراوی کەجەکەدا هاتووە: لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا هێرشیان کردە سەر نیشتمانپەروەرترین شارەکانی باکوری کوردستان، شارەکانیان ڕووخاند و هەموو شوێنێکیان ئاگردا، بەبێ ئەوەی پرسیار لە خۆیان بکەن کە ئەو منداڵە یان کەم ئەندام و پیرە، بە کوشتنی سەدان هاوڵاتی کورد هەوڵی لەناوبردنی ئیرادەی ئازادی گەلی کوردیان دا، ئەردۆغان کە فەرماندەیی ئەو هێرشانەی دەکردو لە کاتەشدا ١٤ گەریلا بە چەکی کیمیایی شەهیدبووبن، وتی:"ژنیش بن، منداڵیش بن، ئێمە ئەوەی پێویست بێت لەدژیان دەیکەین".

لە بەشێکی دیکەدا کەجەکە ڕایگەیاندووە: لە ئێستادا فاشیزمیی ئاکەپە و مەهەپە هەڕەشە لە شەنگال و مەخمور و قەندیل دەکەن، نورەدین جانیکلی، وەزیری بەرگریی دەوڵەتەکەیان وتوویەتی:'٢٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر چووینەتە ناوەوە، دەچینە قەندیلیش، بۆ هەر شوێنێکیش بچین چۆڵی ناکەین'، ڕاشکاوانە وتوویەتی، کە ئەو بارەگایانەی ماوەی ١٥ ساڵە لە خاکی باشوری کوردستان هەیانە بۆ داگیرکردنی ئەو خاکە بەکاریان دەهێنن.

کەجەکە ڕاشیگەیاندووە: ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورک بە بێ هاوکاریی پارتی ناتوانێت بچێتە شەنگال، مەخمور یان قەندیل، لە کاتێکدا کە گەریلاکانی هەپەگە شەنگالیان بەجێهێشتووە بۆچی دەبێت دەوڵەتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە هەڕەشەی هێرش بۆسەر شەنگال بکەن، دیارە بەمەبەستی داگیرکردنی باشوری کوردستان و فشارخستنەسەر حکومەتی عێراق ئەو بابەتەیان کردووەتە ڕۆژەڤ، لەلایەکی دیکەوە ئەو هەڕەشانە گرێدراوی پروپاگەندە بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانیشن، لەئێستادا جگە لە هێرشی ئاسمانی هیچ جۆرە هێرشێکی دیکە بۆ سەر قەندیل لە ئارادا نییە، بەڵام ئەوان هێرشی هێزی پیادە بۆ سەر قەندیلیان کردووەتە پروپاگەندە و بۆ ئەوەی شۆڤینیزمی تورک بوروژێنن و دەنگەکانیان زیادبکەن.

لەبارەی بێدەنگیی پارتیی لەبارەی ئەو هەڕەشانەشەوە کەجەکە ڕایگەیاند: دەتوانین لە هێرش و هەڕەشەکانی حکومەتی تورک تێبگەین، ئەوەی ناتوانین لێی تێبگەین بێدەنگیی پارتیی لەبەرامبەر ئەو هێرش و هەڕەشانەدایە، لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەدا بۆ داگیرکاریی، کە پەیوەستن بە تێپەڕکردنی سنووری پارتییەوە، ئایا پارتی نابێت هەڵوێستی هەبێت؟.

کەجەکە بانگەوازیی گەلی کورد لە باشوری کوردستانیشی کردووە و ڕایگەیاندووە: فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دوژمنی هێزە ئازادیخوازەکانی هێڵی ڕێبەر ئاپۆیە، دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو کوردێکە کە باوەڕەی بە ئیرادەی ئازادی خۆی هەبێت، دەوڵەتی تورک پێکهاتنی حکومەتی فیدرالی باشوری کوردستان وەک هەڵەیەکی مێژوویی خۆی ناودەنێت، ئێستاش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بەحساب هەڵەیەی هەموو کارێک دەکات و هەموو دەرفەتێک وەک هەل دەقۆزێتەوە، ئاشکرایە دەیانەوێت ئیرادەی هەموو گەی کورد بچەوسێننەوە، ئەگەر لەوە تێنگەیەن واتای وایە کە خەڵەتێندراوین، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر قەندیل و مەخمور و شەنگال هەڕەشە بۆ داگیرکردنی هەموو باشوری کوردستانە، بۆیە پێش پارتی و حکومەتی هەرێم بانگەوازیی گەلی کورد لە باشوری کوردستان دەکەین، کە لەدژی ئەو عەقڵییەتە داگیرکارانەیدا خاوەن هەڵوێست بن.

کەجەکە راشیگەیاندووە: لە دەڤەری برادۆست چەند گردێک داگیرکراون، لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و قەندیل بەردەوام بۆردوومان هەیە، لەو بۆردوومانانەدا دەیان هاوڵاتیی مەدەنی کوژراون، ئەگەر گەلی کورد لە باشوری کوردستان لەدژی ئەو هێرشانە هەڵوێستی ئاشکرا پیشان نەدات، ئەو هێرشانە بەرفراوان دەبنەوە، ئێستا بەس بۆردوومان دەکەن، بەڵام ئەگەر پێوستبێت بە دەردی ئەردۆغان وتبووی، ژن و منداڵانیش دەکوژن.

لە کۆتاییدا کەجەکە ڕایگەیاندووە: گەلی کورد لە باشوری کوردستان لەدژی ئەو داگیرکارییانە ڕاپەڕن، دەتوانن بە پشتگیریکردنی لە هێزی گەریلا ڕێگری بکەن لەو هێڕشانە، گەریلا وەکچۆن لە قەندیل بەرخۆدان دەکات لە هەموو شوێنی دیکەش بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان، هەموو چیا، دۆڵ، دەشت و شار و گوندەکانی کوردستان دەکەینە گۆڕستان بۆ فاشیستان.