ماوەى ٣ ساڵ و ٢ مانگە قەدەغەى هاتوچۆ لە وان بەردەوامە

جارێکیتر قەدەغەى هاتوچۆ لە وان درێژکرایەوە. ماوەى ٣ ساڵ و ٢ مانگ و ١٨ رۆژە قەدەغەکاریى دەوڵەتى تورک لە وان بەردەوامیى هەیە.

دەوڵەتى تورک بۆ جارێکیتر هەر جۆرە چالاکی و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانێکی لە وان قەدەغە کرد. لە ٢١ی تشرینى دووەمی ٢٠١٦ەوە ئەو قەدەغەکارییە لە وان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ماوەى ١١٧٦ رۆژە ئەو قەدەغەکاریانە بەسەر خەڵکی وان دا سەپێنراوە.

سەرباری ئەوەش دەوڵەتى تورک دیسانەوە بڕیاری دا قەدەغەکاری لە وان درێژەى پێبدرێت و ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە رایگەیاند، لە ٨ی شوبات بۆ ٢٢ی شوبات / ١٩ی رێبەاندان بۆ ٣ی رەشەمە واتە بۆ ماوەى ١٥ رۆژی تر هەموو جۆرە چالاکییەک لە وان قەدەغەیە.

پارێزگاری دەوڵەتى تورک لە وان رایگەیاندووە، بەپێى ئەو قەدەغەکارییە رێپێوان، کۆبوونەوە لە دەرەوە، کۆنفرانسی رۆژنامەنوسی، چالاکیى دانیشتن، دانانى ئانکێت، دانان و کردنەوەى چادر و دانانى ستاند، هەڵمەتى ئیمزاکۆکردنەوە و بڵاوکردنەوى راگەیاندراو قەدەغەیە.

ژ.ت