ماوەی حەوت رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ لە کەرکوک راگەیێندرا

لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشێوی تەندروستی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ماوەی یەک هەفتە لە شاری کەرکوک هاتووچۆ کردن قەدەغە کرا.

دوای ئەوەی شانەی قەیرانەکان لە شاری کەرکوک بڕیاریدا کە ئەم ماوەیە لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەوە تا کاتژمێر ٦ی بەیانی هاتووچۆکردن قەدەغە بکرێت بەڵام هەر ئەمرۆ بڕیاردرا کە بۆ ماوەی حەوت رۆژ هاتووچۆکردن قەدەغە بکرێت لە شارەکە، قەدەغە کردنەکەش لە رۆژێکدا هەر ٢٤ کاتژمێرەکە دەگرێتەوە.

سەبارەت بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە شاری کەرکوک دلێر سەمەد ئەندامی شانەی قەیرانەکان لە کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "شانەی قەیرانەکان لە کەرکوک بەسەرپەرشتی پارێزگاری کەرکوک کۆبوونەوەکەیەکی ئەنجامدا بە بەشداری ئەندامانی شانەکە و بەڕێوبەری تەندروستی کەرکوک و لیژنە ئەمنیەکانی شارەکە، بڕیاردرا کە هاتووچۆکردنی هاووڵاتیان قەدەغە بکرێت بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا."

هەروەها دلێر سەمەد وتیشی: " ئێمە وەکو شانەی قەیرانەکان لە شاری کەرکوک دوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە پابەندی رێنەماییەکانی شانەی قەیرانەکان بن."

لە بارەی درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتووچۆوەکە، دلێر سەمەد ئەندامی شانەی قەیرانەکان لە کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "سبەی سێشەممە کاتژمێر ١١ی شەو قەدەغەی هاتووچۆ دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە کە ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت، ئەم قەدەغەی هاتووچۆیە سەرتاسەری عێراق دەگرێتەوە ئەمەش بەپی بڕیاری ٥٥ی فەرمانی ئیداری شانەی قەیرانەکان لە بەغدادی پایتەختەوە."

لە کۆتایدا دلێر سەمەد وتی: "بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بەشێوەیەکی ٢٤ کاتژمێری دەبێت وە تا ٢٣ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت پاشان بڕیاری تازە دەردەکرێت بەپی بارودۆخەکە."

ز.ش