پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا و لە بارەگای ڕێکخراوەکەیان لە شاری سلێمانی، زەکی چەلەبی، بەرپرسیاری ڕێکخراوی کرێکارانی مەزۆپۆتامیا، بێسەروشوێنبوونی ئەندامێکیانئ بەناوی ‘عەلی ئەحمەد قەیارە’ ڕاگەیاند.
وەک زەکی چەلەبی باسی کرد، عەلی ئەحمەد قەیارە، خەڵکی شاری سێرتی باکوری کوردستانە، ماوەی نۆ ساڵە هاتووەتە باشوری کوردستان و نزیکەی ساڵێکە لە شاری سلێمانی کرێکاریی دەکات، لەنێوان کاتژمێر ٧:٠٠ بۆ ٧:٣٠ خولەک بەیانیی ڕۆژی ١٥ ئەم مانگە دیار نەماوە و تەلەفۆنەکەی داخراوە.
وتیشی: عەلی ئەندامی ڕێکخراوەکەمانە، پاش ڕۆژێک لە دیارنەمانی لەلایەن نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە لە باشوری کوردستان، ئاسایشی سلیمانی ئاگادارکراوەتەوە، ئاسایشی سلێمانییش پێیان ڕاگەیاندوون لەلای ئەوان نییە، لە ئێستادا دەگەڕێن بە دوایدا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نییە.
ڕێکخراوی کرێکارانی مەزۆپۆتامیا، داوا لە حکومەتی هەرێم و ئاسایشی سلێمانی دەکات، هاوکاریان بێت بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەندامەکەیان.
ف.ق