ماوەی ٨ مانگە رێگە نادرێت تەرمی ٢ گه‌نجی نسێبین به‌خاك بسپێردرێت

مەهمەت شیرین ئاكیوز و ئیبراهیم ئاكیوز كه‌ لە هێرشی قڕکردندا لە نسێبین-ی باكووری كوردستان ژیانیان لەدەستدابوو، ماوەی ٨ مانگە رێگە بە کەسوکارەکەیان نادرێت تەرمەکانیان بنێژن.

لە شاری نسێبینی سەر بە مێردین، لەکاتی «قەدەغەکردنی هاتووچۆ»دا لە ١٤ی مارس هەتا ٢٥ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٦دا، بەهۆی هێرشی قرکردن کە لە لایەن حكوومه‌تی تورکیاوە ئەنجامدرا، مەهمەت شیرین ئاكیوز و ئیبراهیم ئاكیوز ژیانیان لەدەستدا.

به‌ر له‌ ٨ مانگ، لە ئەنجامی پشکنینی «دی ئێن ئەی»دا ناسنامەی تەرمی ئەو دوو هاوڵاتییه‌ ئاشکرا بوون. بنەماڵە و کەسوکاریان دەیانەوێت تەرمی رۆڵەکانیان لە گۆرستانی بێکەسان لە ڕوحا (ئورفا) دەربێنن و لە گۆرستانی هاجەجا لە گەرەکی زەینەڵ ئابدین-ی نسێبین، به‌خاكیان بسپێرن.

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوچەکەش رێگە نادەن ئەو دوو تەرمە لەو گۆرستانە بنێژرێن و بە بنەماڵەکانیان گوتووه‌ کە لە گۆرستانی مۆریس تەرمەکان بنێژن. کەسوکاری دوو تەرمەکەش ئەوە قبووڵ ناکەن و ماوەی ٨ مانگە لە چاوەروانیدان. هەردوو تەرمەکە هێشتا لە گۆرستانی بێکەسانن لە ڕوحا.

دایکی ئاشتی، لەتیفە ئاكیوز-ی تەمەن ٧٣ ساڵ رایگەیاند: دەمانەوێت تەرمی نەوەکانمان مەهمەت شیرین ئاكیوز و ئیبراهیم ئاكیوز لە گۆرستانی شارەکەمان بنێژین کە نزیکە لێمانەوە، بەڵام ڕێگه‌مان پێ نادەن. گوتیشی: بەهیچ شێوەیک تەرمی نەوەکانمان لەو گۆرستانە نانێژن کە بەرپرسانی ئاسایش بۆیان ده‌ستنیشان كردووین.

دایکە له‌تیفه‌ دەپرسێت: «ئەوە چ ویژدانێکە؟ بە شەڕکردن لەسەر گۆرستانەکان و شکاندنی کێلی گۆڕی شەهیدانمان، ئاستی دوژمنایەتیی خۆیانمان پیشان دەدەن. تەواوی ناوچەکانی نسێبینیان وێران کرد، بەڵام دیارە هێشتا دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە. لەو شوێنەی مناڵەکانی ئێمەیان کوشت، سەرقاڵی دروستکردنی بارەگان کە کاریان وێرانکاریی و کوشتوبڕ دەبێت. ئێمە كه‌ لە ئاشتی زیاتر شتێکی دیكه‌مان ناوێت، تا داواکارییەکەمان جێبەجێ نەکرێت، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان.»

s.m