مزراکلی بانگەوازێکی ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد

سەلچوک مزراکلی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ئامەدی هەدەپە کە لە لایەن ڕژێمی ئاکەپەوە دەستگیرکراوە، نامەیەکی بۆ ڕای گشتی نێودەوڵەتی نارد.

سەلچوک مزراکلی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ئامەدی هەدەپە کە لە لایەن ڕژێمی ئاکەپەوە دەستگیرکراوە، نامەیەکی بۆ ڕای گشتی نێودەوڵەتی نارد. مزراکلی باسی لەو بانگەشە بێ بنەمایانە کرد کە بەرامبەر بڵاودەکرێنەوە و وتی، "سیستمی دادپەروەری تورکیا بە تەنها لە خزمەتی پارتێکدایە."

مزراکلی بەبیریهێنایەوە کە لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩دا ٦٩.٩٪ دەنگەکانی بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی ئامەد بەدەستهێناوە و لە ١٩ی ئابی ٢٠١٩ لە ئەرکەکەی دوورخراوەتەوە و لە جێگەی قەیوم دامەزراوە و لە ٢٢ی تشرینی یەکەمیش دەستگیرکراوە.

مزراکلی وتی، "دەستگیرکردنی ئیرادەی گەل، بڕیارێکی یاسایی نییە. ئامانجەکەی ئەوەیە رێگە نەدەن کورد شارەکانی بەڕێوەببات."

هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد ئاماژەی بەوەکرد، لە تورکیا کۆمەڵکوژی یاسایی ئەنجامدەدرێت و پێوانەی زوڵمکردن لە بێتاوانی بووەتە کارێکێ تایبەت.

مزراکلی وتی، "هۆکارێکی دەستگیرکردنی، وەرگرتنی وتەی کەسێکە بە ناوی "H.B.A" کە لە مانگی ئازاری ٢٠١٦ دا لە ناوچەی نسێبینی مێردین دەستگیرکرا و ١١ ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردن لە ٢٠ی ئازاری ٢٠١٩ لەبارەی ئەوەوە قسەی کردووە."

مزراکلی دەڵێت، " ئەو کەسە ویستویەتی سود لە یاسای پەشیمانی وەربگرێت و لە ٢٠ی ئازاری ٢٠١٩ لەدژی من وتویەتی، 'گوایە لەو نەخۆشخانەی کە کارم تێدا دەکرد، لە کاتی ئیشکگری شەودا نەشتەرگەریم بۆ "ئەندامێکی رێکخستن" کردووە. ڕیخۆڵەکەیم لێکردووەتەوە و بۆ بەیانیەکەی لە نەخۆشخانە چووەتە دەرەوە. ئەو کەسە لە زاری کەسێکی ترەوە ئەو ڕووداوەی گێڕاوەتەوە. بۆیە ڕاست نییە و نە رووداوێکی بەم شیوەیە هەیە و نە منیش کارێکی بەو شێوەیەم کردووە."

هەروەها لە نامەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، پارتەکەی هەدەپە بە دەنگە ٦ ملیۆنیەکەی لە هەموو تورکیا پارتی سێیەمی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە، بۆیە بەشداریکردن لە هەدەپە نابێت وەک تاوان ببینرێت.

مزراکلی ڕاشیگەیاند، لە ١٩ی ئابی ٢٠١٩، پانزە هاوسەرۆکی شارەوانی هەدەپە دەستگیرکران و وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیومی لەجێگەیان دامەزراند. و وتی، "لە تورکیا دادپەروەری بە تەنها وشەیەکە کە لە سەر دیوارەکانی دادگا نووسراوە و سیستمی داد بە تەواوی لەخزمەتی تەنها پارتێکدایە."

لە کۆتایی نامەیەکەیدا مزراکلی داوا لە ڕای گشتی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافیی مرۆڤ و هێزە دیموکراتەکان کرد لەدژی دەستبەسەرداگرتنی مافی هەڵبژاردنی کورد لە تورکیا هەڵوێست نیشان بدەن و بۆ کۆتاییهێنان بە فشارەکانی سەر پارتە سیاسیەکان خەبات بکەن.

ف.ق