موسا خدر: "بە هۆی بۆردومانی تورکیاوە ماڵی باوک و براکەم لەناوچوو"

لە سنووری گوندی سوورەدێ هاووڵاتییەک بە ناوی موسا خدر ئاماژەی بەوەکرد، کە دەوڵەتی تورکیا بە بۆردومانکردن خانوی باوکی و براکەی خاپور کردووە، هەروەها ماڵی خۆی و خەڵکی گوندەکەش بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە زیانیان پێگەیشتووە.

لە بەردەوامیی گەڕانمان بە دوای زیان لێکەوتوانی گوندەکانی بناری قەندیل بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، لە گوندی سوورەدێ کەسێکمان ناسی بە ناوی موسا خدر. موسا خدر وەک خۆی باسی لێوە دەکات بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە ماڵی براکەی و ماڵی باوکی بە تەواوی ڕوخاون و وێران بوون، ماڵەکەی خۆشی زەرەر و زیانێکی زۆری بەرکەوتوە.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەکە موسا خدر بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ی ڕاگەیاند:" ئەگەر تەماشا بکەی بناری قەندیل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ لە نەهامەتیدا بووە، لەوەتەی بە بیرم بێت و ئەوەی باوک و باپیرانیشمان بۆمانیان گێڕاوەتەوە ناوچەی ئێمە هەموو کات دور بووە لە خۆشی و ئارامی. هەر لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمەوە تاکو ئێستایش کە مستەفا کازمی لەسەر حوکمە، هەروەها تۆپبارانەکانی ئێران و ئینجا بە تایبەتی تر بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا، کە گەورەترین دوژمنی میللەتی کوردە لە دژی ئەم ناوچەیە هەیە و دەوڵەتی تورکیای فاشی بە هەموو شێوەیەک بۆردومانمان دەکات".

لە ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٨ موسا خدر ماڵی باوکی و براکەی بۆردومان دەکرێت، هەروەها خانوەکەی خۆی و چەند خانویەک لە ناو گوندە زەرەر و زیانێکی زۆری بەر دەکەوێت. ئەو لە بارەی بۆردومانەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، کاتژمێر ٠٩:٣٠ شەو فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی ناوچەکەی کردووە و ماڵەکانیانی خاپوور کردوە. هەروەها وتیشی:" دەمانەوێت ئێوە وێنەی ئاسەواری بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بگرن لە ناوچەکە و دەنگی ئێمە بگەیەنن بە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵاتیش بۆ ئەوەی هەمو جیهان بزانن کە دەوڵەتی تورکیا چی لە گوندەکانمان دەکات".

سەرەڕای ئەوەی بەردەوام فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی ئەم ناوچەیە دەکات، بەڵام تاکو ئێستا هیچ ڕێکخراوێک یان لایەنێک سەردانی ئەم ناوچەیەی نەکردووە، نەک تەنها لایەنی بەرپرسیار، بەڵکو وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن ڕاگەیاندنەکانیش نەچوون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ڕەوشی ئەم ناوچەیە بپرسن و دەنگیان بگەیەنن بۆ ڕای گشتی.

موسا خدر لە بارەی گوزەرانیان لە ناوچەکە باسی لەوەکرد، تەنانەت ناتوانن باخەکانیشیان ئاوەدان بکەنەوە بە هۆی مەترسیی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان. هەروەها وتیشی:" ئێمە ناوێرین شوێنەکانمان نوێ بکەینەوە و پاکی بکەینەوە چونکە دەترسین دووبارە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانمان بکاتەوە، لەبەر ئەو مەترسییە نەبوایە ئێمە ئەو خانوانەمان دروست دەکردەوە. فڕۆکەی چاودێری شەو و ڕۆژ لە هەوایە و بەسەر سەرمانەوەیە، لە ناکاویش فڕۆکە جەنگییەکان دێن و بۆردومانمان دەکەن، ماوەیەک لەمەوپێش فڕۆکەی تورکیا گوندی سەرگەینێڵێ (گوندێکە لە سوورەدێ) دەجار بۆ دوانزە جار بۆمبەبارانی کرد".

موسا خدر لەبارەی داواکارییەکانیانەوە بە ناوی خەڵکی ناوچەکە ڕایگەیاند: "حکومەتێک هەیە بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە حکومەتی ئێمەیە، لە ٣٠ ساڵی تەمەنیدا هیچی بۆ ئێمە و خەڵکی بناری قەندیل نەکردووە لە کاتێکدا هەمویان دەڵێن، قەندیل لانکەی شۆڕشە و زۆربەی حزب و شۆڕشەکان لێرە گەورە بونە، ئەگەر مەبەستیانە و بە شێوەیەکی ئەخلاقی بیر دەکەنەوە، با بێن ئاوڕێک لەم ناوچانەی ئێمە بدەنەوە. چونکە ئێمە بەشێکین لە خاکی عێراق و داوا دەکەین کە عێراق سەروەری خاکەکەی بپارێزێ و نەهێڵێت کە چیتر لە لایەن هیچ دەوڵەتێکەوە دەسدرێژیمان بکرێتە سەر".

ژ.ت