مەحمود عوسمان: ئەوەی بەرامبەر ئۆجالان دەکرێت زۆر ناڕەوایە

د.مەحمود عوسمان رایگەیاند: "ئەوەی بەرامبەر ئۆجالان دەکرێت زۆر ناڕەوایە و دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کەمپینی ئازادیی یەکجاری بۆ ئۆجالان ڕابگەیندرێت و خەبات لەو پێناوەدا بەردەوام بێت".

سیاسەتمەدار گەلی کورد  د.مەحمود عوسمان دەربارەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی و رفاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فوارت (ANF) قسەی کرد. لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە یەکتر ناسینی نێوان خۆی ڕێبەری گەلی کورد کرد و وتی: دۆستایەتیی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان، چەند جاریک یەکترمان بینیوە. کاتی ئەو لە سوریا بوو ئێمەش لەوی بووێن، پێوندیمان هەبوو بەیەکەوە وەک هاوڕێ، ئۆجالان کەسێکی تێکۆشەرە رۆڵێکی گرینگی هەبوو لە کۆکردنەوەی خەڵکی و دروستکردنی پەکەکە و توانیان لە ڕێی خەباتەکەیانەوە کێشەی کورد بناسێنن لە تورکیا، چونکە ئەو کاتە کەس نەیدەزانی کێشەی کورد چیە.

ئەوەی بۆ کورد خەبات بکات بە تیرۆریست بەناوی دەکەن

دکتۆر مەحمود سەرنجی ڕاکیشایە سەر حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا و وتی: ئەو حکوومەتانەی کە لە تورکیا دروست بوون بڕوایان بە بوونی کورد نییە، هەر کوردیك خەبات بکات بۆ بوونی خۆی بە تێرۆرست بە ناوی دەکەن، شەڕی لەگەڵ دەکەن، لەبەر ئەوەش شتیکی ئاساییە خەڵكی  بەرەنگاریان بێتەوە و شەڕ لەگەڵ حکومەت بکەن، پەکەکەش رۆڵی گرینگی هەبووە لەو کێشەیە، جگە لە پەکەکە چەندین حیزبی تر لە  سەر ئەو دۆزە کاریان کردووە، بەڵام پەکەکە رۆڵی سەرەکیی هەبوو. کەسایەتی ئۆجالانیش  رۆڵی گرینگی هەبوو لە کۆکردنەوەی خەڵکی و بەردەوامکردنی خەبات. ئۆجالان تەنها نەک لە باکوری کوردستان، بەڵکوو لە باشور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانیش خەڵکی دەیناسن، کەسایەتییەکی نەتەوەییە.

ئەمریکا پشتگیری تورکیا دەکات لەشەڕی دژ بە کورد

ئەو سیاسەتمدارە تیشکی خستە سەر ڕێکەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە دژی کوردان و ئاماژەی بەوەدا: تورکیا و ئەمریکا ئەندامی ناتۆن، بۆیە هەمیشە ئەمریکا هاوکاریی تورکیای کردووە لە شەڕی دژی کورد، تاکو ئێستاش هەر هاوکاریی دەکات. کاتێک ئەمریکاش پشتگیریی شتیکی کرد دەوڵەتانی ئەورپاش عادەتن پشتگیریی دەکەن، ئەوەش ناهەقییە بەرامبەر کورد دەکرێت.

هەروەها ناوبراو وتی: "پرسی کورد لە ناو بەرنامەی کاری ئەمریکا و ئەورپادا نییە و حسیابی بۆ ناکەن وەک نەتەوەیەک".

ئەوەی تورکیا دەیکات تێرۆرە

ئەو سیاسەتمەدارەى گەلی کورد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا: ئۆجالان نزیکەی ٢٠ ساڵە بەندە بەبێ بوونی هیچ تاوانێک  گۆشگیر کراوە، تاوانی ئەو تەنها ئەوەیە کە گەلی خۆی پاراستوە، کۆمەڵگای نێونەتەوەیش لە ئاستی ئەو ناهەقییە بێدەنگە. ئەوە حاڵەتیکی زۆر ناڕەوایە وە ئەوە دەریدەخات، کە کۆمەلگای نێودەوڵەتی بڕوایان بەمافی کورد نییە. دەوڵەتانی ئەوروپی پشتگیریی تیرۆرزمی تورکیا دەکەن. ئەوەی تورکیا دەیکات و کردوویەتی تێرۆرزمی دەوڵەتییە بەرامبەر بە کوورد. ئەردوغان لێدوان دەدات و دەڵیت "لە تۆڵەی ٨ سەربازمان کە لە باتمان کوژراوە ئێمە ٨٠٠ کەس دەکووژینەوە"، ئەوەش دەریدەخات کە ئەردۆغان پیاویکی خوێنڕێژ و مرۆڤ کوژە.

دەوڵەت هۆکارە بۆ کوژرانی سەربازانی تورکیا

مەحمود عوسمان لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: کوردان بە  تێرۆریست تۆمەتبار دەکرێن، باشە کورد چیی کردووە تاکو تێرۆریست بێت، سوپای تورکیا هێڕش دەکات کوردانێش خۆیان دەپارێزن، لە ئەنجامدا شەر دەردەکەوێت و سەرباز دەکوژرێت ئەوەش هۆکارەکەی تورکیایە، بەڵام ئۆجالان و پەکەکە هەمێشە داوای ئاشتی دەکەن، چەند جاریک تاک لایەنە شەڕیان وەستاندووە و داوای ئاشتیان کردووە، بەڵام تورکیا هەرگیز بە ئاشتی ڕازی نەبووە. ئۆجالان لە زیندانەوە داوا دەکات ئاشتی دروست بێت. دەڵێت، پرۆژەم هەیە بۆ ئاشتی. دەلێت، بە ٦ مانگ ئاشتی دەستەبەر دەکەم، بەڵام حکومەتی تورکیا هیچ جۆرە وەڵامیکی نییە، بەڵکوو بە وشەی تیرۆریست وەڵامی ئۆجالان و کورد دەداتەوە. دەڵین، دەبێت کورد لێیان بدرێت، شەڕیان لەگەڵ دەکەین، هەموو ڕۆژی گوێمان لە ئەردوغان دەبێت کە دەڵێت، شەنگال و قەندیل تەخت دەکەم، لە هەموو شوێنێک دژی کورد شەڕ دەکەن.

دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتی کەمپەین بۆ ئازادیی ئۆجالان بەڕێوە بچن

د. مەحمود عوسمان لە کۆتایی قسەكانیدا ئەوەشی وت، دەبێت لە ئاستی نێودەڵەتی کەمپەینێک بۆ ئازادیی ئۆجالان رێکبخرێت نەک تەنها بۆ ئەوەی گۆشەگیریی لەسەر هەڵبگیرێت، بەڵکو دەبێت هەوڵ بەردەوام بێت تاکو ئازادیی یکجاری ئۆجالان. دەبێت تورکیاش باش بزانێت، ئەگەر ئاشتی بوێت دەتوانی بە ئاسانی لەگەڵ ئۆجالان کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئاشتییان ناوێت، بەڵکوو شەڕخوازن. ئەنجامی ٣٠ ساڵ شەڕیشیان بەرامبەر بە کورد هیچ دەسکەوتێکى نەبووە بۆیان.

ر.م