مەزڵوم حەفتتەن ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) لەبارەى دۆخی لافاولێدراوەکانەوە وتى "بەهاکان و ئەرکە مرۆییەکان بەپێى حوکمی دابەشکردنە (دابەشکردنی کەلوپەلەکانت لەگەڵ ئەوی تر) و ئێستاش ئەرکی ئەو دابەشکردنە بۆ هاوکاری بە لافاولێدراوان و زیانبەرکەوتوانە. بەو جۆرە کردەوانە بەها هەمیشەییەکان و یەکگرتوویى لە نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکاندا دروست دەبێت".
مەزڵوم حەفتتەن ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) وێڕای دەربڕینى هاوخەمی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەى ئەو کەسانە دەکات، کە بەهۆی لافاوەکانى ئەمدواییەوە گیانیان لە دەستداوە و ئومێدی هەرچی زووچاکبوونەوەش بۆ برینداران و زیانبەرکەوتوانى لافاوەکان دەخوازێت.
حەفتتەن وتى "ئێمە وەک بزووتنەوەى ئاپۆیى لە رۆژهەڵاتى کوردستان هەموو کات هاوبەش و هاخەمی هەموو روودا و خەمەکانى گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران بووین و دەشبین. ئێستاش بەهۆی ئەو رووداوە ناخۆشانە، کە بەهۆی لافاوەکانەوە روویانداوە، بە خەم پەژارەوە خۆمان لەگەڵ خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان بە هاوخەم دەزانین. داوا لە هەموو گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین، کە چاوەڕێی کۆماری ئیسلامیى ئێران نەبن بۆ گەیاندنى هاوکاری، بەڵکو خۆتان دەستبەکارببن. ئەوەش بەو مانایە نییە کە خەڵک چاوپۆشی لە داوا رەواکانی بکات. گەرچی ئەو رووداوە، رووداوێکى سروشتییە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لێ روون بێت، ئەو قەیرانە و ئەوەى روویداوە بەهۆی عەقڵییەت و سیاسەت و رەفتارەکانى کۆماری ئیسلامیى ئێرانەوە روویانداوە. لەبەر ئەوەش داوا لە هەموو گەلەکەکان لە کوردستان و ئێران دەکەین، کە بە هانای لافاولێدراوەکانەوە بڕۆن. دەبێت تاک بە تاکی کۆمەڵگەش وەک کردەیەکى مرۆیى بەشداری لە پرۆسەی گەیاندنى هاوکارییەکان دا بکەن. لە کۆمەڵگەى مرۆیى دا پێکەوەبوون و هاوکاری بەهادارترین کردە و بە گەورەترین عیبادەت ئەژمار دەکرێت".
وتیشی، دەبێت لە ئێستادا پێداگری لەسەر بەهاکان و ئەرکە مرۆییەکان بکرێت و هەموو گەلی کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستان و هەر چوار بەشی کوردستان و ئەوروپا و هەموو گەلانى ئێران هاوکاریى لافاولێدراوەکان بکەن و بە هانایانەوە بچن. ئەوەشی وت "بەهاکان و ئەرکە مرۆییەکان بەپێى حوکمی دابەشکردنە (دابەشکردنی کەلوپەلەکانت لەگەڵ ئەوی تر). لەو چوارچێوەیەشدا داوا لە گەلەکەمان دەکەین هەر چییەکیان لە دەست دێت ئەنجامى بدەن بۆ هاوکاریکردنى زیانبەرکەوتوان و ئەرکی مرۆیى خۆتان بەجێبهێنن. بەو جۆرە کردەوانە بەها هەمیشەییەکان و یەکگرتوویى نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکاندا دروست دەبێت. عیبادەتی گەورە و بەهادارترین عیبادەت ئەو عیبادەتەیە، کە مرۆڤەکان لەکاتى هەستیاردا هاوکاریى یەکتر بکەن و ئەرکە مرۆییەکانى خۆیان بەرامبەر یەکتر ئەنجام بدەن".
مەزڵوم حەفتتەن ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆدار لەبارەى کردەوەکان و رەفتاری دەوڵەتى ئیران بەرامبەر بە هاووڵاتییانى لافاولێدراو وتى "داوا و داواکارییەکانى خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان داواى رەوان، بەڵام دەوڵەت بە دروستکردنى قەیران، ئاراستەکردنى قەیران و بەڕێوەبردنى قەیران بەپێى بەرژەوەندییەکانى خۆی دەجوڵێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایەش رێگری لە رێکخراوەکان و گەیاندنى هاوکاریى هاووڵاتییان دەکات. حکومەتى داگیرکەری ئێران دەیەوێت دەستبەسەر هەموو هاوکارییە جەماوەرییەکاندا بگریت و لەو رێگەیەوە کە خۆی دەیەوێت هاوکارییەکان ئاراستە بکات. دەبێت هەموو خەڵک لەوە ئاگادار بن، کە ئەو جۆرە لە رەفتار و کرداری کۆماری ئیسلامى ترسناکە، چونکە هەموو کارەسات و رووداوەکانى ئێستا دەرەنجامی ٤٠ ساڵ حکومڕانیى ئەو رژێمەیە بەسەر ئێرانەوە. ئەگەر کەمێک هاوکاری لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ ئەو ناوچانە رەوانە دەکرێن، تەنها ئەو کارە بۆ ریاکاری و دوڕوویى و پڕوپاگەندەیە و لە بەرژەوەندیى دەوڵەت دا ئەنجامی دەدەن. ئەو کردارانە تەنها دەبنە هۆی پرسیارکردن لە چییەتى بەها مرۆییەکان و داڕمانی بەها مرۆییەکان. خوو و خسڵەتى ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای جیاکاری و نابەرابەری لە نێوان گەلاندایە. لەم دۆخەی ئێستاشدا بابەتى مان و نەمان و ژیان و مەرگ لە گۆڕێدایە و دەوڵەتیش بە دروستکردنى جیاکاری و نایەکسانى لە ناوچە لافاولێدراوەکاندا دەستیکردووە بە خراپ بەکارهینان و نزیکایەتیى بەرژەوەندیخوازانە. لەبەر ئەوەش ئەوە تەنها هاووڵاتییانن، کە بە دەستکردن بە هەڵمەت و کەمپەینی جۆراوجۆر دەتوانن بە هانای ئەو خەڵکەوە بچن".
مەزڵوم حەفتتن لەبارەی هاوکارییەکانى خەڵکەوە وتیشی "دەبێت هەر هەنگاو و کارێک بۆ گەیاندنى هاوکاریى بە ناوچە لافاولێدراوەکان لەلایەن گەلەوە رێکبخرێت. ناشبێت هاوکارییەکان کاتى و بەشێوەى چەند وەجبەیەک بن، بەڵکو دەبێت بەردەوامییان هەبێت. هاوکاریییەکانى خەڵکی رود مشکان و سەرپێڵی زەهاو و ناوچەکانى تری ئێران بەهادارن و وەک ئەرکێکى مرۆیى ئەنجام دراون. لەسەر ئەو بنەمایەش داوا لە هەموو گەلانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان دەکەین تاوەکو بە ئەزموون وەرگرتن لەو ئەرکە مرۆییانە هاوکاری بگەیەننە هاووڵاتییانى ناوچە لافاولێدراوەکان. لەو پێناوەشەدا پێکەوەبوون و یەکگرتوویى و هاوکاریى گەیاندنى جەماوەری دەتوانێت هەموو سیاسەتەکانى کۆماری ئیسلامى ئێران ئاشکرا بکات و لەبەریەکیشیان هەڵوەشێنێت. لە کۆتایشدا لەلایەن بزووتنەوەى ئاپۆیى لە رۆژهەڵاتى کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەى هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە ئەندامانى خێزانەکانیان گیانیان لە دەستداوە و خۆمان بە هاوخەمی خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان دەزانین و ئومێد دەکەین بەخێرایى برینداران و زیانبەرکەوتوان چاک ببنەوە".
ر.م