مەکگۆرک سەرجەم حزبەکان لە هەولێر کۆدەکاتەوە
رێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی باشور لەشاری هەولێر کۆدەکاتەوە.
رێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی باشور لەشاری هەولێر کۆدەکاتەوە.
دوێنێ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش گەیشتە هەولێر و بەپێی سەرچاوەیەکی تایبەتی ڕۆژنیوز بانگهێشتی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کردووە بۆ شاری هەولێر بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵیان.
سەرچاوەکە، وتی: برێت مەکگۆرک سەرەتا بەجیا لەگەڵ حزبەکان کۆدەبێتەوە و دواتر کۆبوونەوەیەکی گشتی ئەنجام دەدات، ئەمڕۆش یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستپێکرد.
وتیشی: کۆبوونەوەکان گفتوگۆکردنە لەبارەی باردۆخی هەرێمی کوردستان بەتایبەت کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی لە حکومەت و چۆنیەتی کارکردنی ئەم حکومەتە تا کاتی هەڵبژاردن.
سەرچاوەکە، ئاشکراشیکرد، کە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە قسەکردنە لەسەر دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کێشەکانی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا.
هەر دوێنێ، عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەیاوەری چەند ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندن گەیشتە شاری هەولێر و دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئۆرگانەکانی گۆڕان و ئەندامانی پەرلەمانتارانیان لە هەرێمی کوردستان و تیمی گۆڕان لەحکومەت شەوی رابردوو لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کۆبوونەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کۆبووەوە.
چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ مەکگۆرک لەگەڵ عومەری سیەد عەلی، عەلی باپیر و سەلاحەدین بەهادین-دا کۆببێتەوە.
مەکگۆرک پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەکان، شەوی ڕابردوو لەگەڵ نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.