مەکگۆرک لەگەڵ بارزانیدا کۆبوویەوە

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕ لە دژی داعش برێت مەکگۆرک، لەگەڵ شاندێکی یاوەریدا، سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان 'پەدەکە' مەسعود بارزانی دا کۆبوویەوە.

دوێنێ دووشەممە ٢٠ى ئابی ٢٠١٨، لە شاری هەولێر دانیشتنی نێوان بارزانی و مەکگۆرک بەڕێوەچوو. کۆنسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر ستێڤ فاگین لەگەڵ برێت مەکگۆرک دا بوو.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی مەسعود بارزانی بڵاوکراوەتەوە، هەردوو لا لەسەر دواین پێشکەوتنەکانی هەرێم و شەڕی دژ بە داعش لە عێراق گفتوگۆیان کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا، گفتوگۆیان دەربارەی پێشکەوتنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی سیاسیی عێراق، گفتوگۆیان کردووە.

دەوترێت بارزانی داوایکردووە، بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ عێراق دا بژین، دەبێت گەرەنتیەکی ڕوون و ئاشکرا هەبێت و میکانیزمی ئەو گەرەنتیەش دیاری بکرێت.

وەک هەموو جارەکانی تر، دەربارەی ناوەڕۆکی گفتووگۆی نێوانیان و کۆبوونەوەکەیان، بارزانی زانیاری وردی نەداوە بە ڕای گشتیی.

لە ماوەی سێ مانگدا چوار دیدار

لە ڕۆژی ١٢ی ئایاری ئەمساڵەوە، کە هەڵبژاردنەکانی عێراقی تێدا بەڕێوەچوو، هەتا ئێستا ئەوە چوارەم جارە بارزانی و مەکگۆرک کۆدەبنەوە.

سەرەتای ئەم مانگەش، جارێکی تر، بارزانی و مەکگۆرک کۆبووبوونەوە.

دیدارەکان لەو کاتانەدا بەڕێوەدەچن کە عێراق لە قەیرانی نەبوونی حکومەتی نوێدایە. هەروەها ئەو دیدار و کۆبوونەوانە لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی تورکیا بە بڕیاری پەدەکە، درێژە بە هێرشە داگیرکەرییەکانی خۆی دەدات لە دژی باشووری کوردستان.

ر.م