ناسا: لە ناوبردنی حەسکێف باج و زیانی دەبێت

ناسا لەبارەى دروستکردنى بەنداو لەسەر حەسکێف و ژێرئاوەوەکردنی ئەو ناوچە گرنگە مێژووییە لە باکووری کوردستان رایگەیاند "لە ناوبردنی حەسکێف باج و زیانی دەبێت".

فەرمانگەی گشتیی نیشتمانی بۆ گەردونناسی و بۆشایگەریی ئاسمان لە ئەمریکا (ناسا) وێنەیەکى حەسکێفی لە ژێر بەنداوی ئیلی سوو دا بڵاوکردەوە. لەگەڵ بڵاوکردنەوەى وێنەکەشدا باسی لە کاریگەرییە خراپەکانى بەندانی ئیلی سوو کردووە.

ئاماژە بەوە کراوە، تورکیا بۆ ئەوەى لە رووی ئابوورییەوە گەشە بکات ئەو بەنداوەى دروستکردوە، بەڵام ئەوەش باج و زیانی هەیە و لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "ئەوە باج و زیانی هەیە. ئەو بەنداوە بە ئەندازەی ١٩٠ کیلۆمەتر کاریگەری دروست دەکات. کاتێک بەنداوەکە بە تەواوتى پڕ ئاو بێت حەسکێف دەبێت بە ژێر ئاوەوە".

ناسا وێنەى ٢٢ی شوباتی ٢٠١٩ لەگەڵ وێنەى ١٢ی ئاداری ٢٠٢٠ی ناوچەى حەسکێف و بەنداوی ئیلی سو پێکەوە بڵاوکردووەتەوە. لە ژێر وێنەکەدا نووسراوە "ئاستی ئاوەکە رۆژانە ١٥ سانتیمەتر بەرز دەبێتەوە. چارەکێکى بەنداوەکە پڕ بووە و لە مانگەکانى داهاتوودا ئاستی ئاوی بەنداوەکە ٥٠ مەتری تر بەرز دەبێتەوە. ئەوەش بەشی ئەوە دەکات، کە قەڵای حەسکێف ببێت بە ژێر ئاوەوە".

ژ.ت