گوشارە ئابوری وکۆمەلایەتییەکان و زۆربوونی دیاردەی خۆکوژی لە ڕۆژهەڵات.

بەپێی زانیارییانەی کە لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،وەر گیراوە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە/١٩نیسان، کچێکی گەنج خەڵکی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ناسنامەی ئەو کچە تەمەن ٢٠ ساڵە، "پاییزە ئیبراهیمی" ڕاگەیەندراوە.
بە پێی وتەی نزیکانی بنەماڵەی ناوبراو ، پاییزە ئیبراهیمی، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە  دەستی داوەتە خۆکوژییەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی ۲٨ی خاکەلێوە/١٧ نیسان لە شاری مەریوان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لاوێکی تەمەن ۲٤ ساڵان بە ناوی ” دارا موحەمەدی  لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دیاردەی خۆکوژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی و نەبونی کار و پیشەی گونجاو بوەتە دیاردەیەکی بەرچاو و زۆربەی گەنجان و بەتایبەت ژنان بۆ دەرباز بون لە کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکان بە شێوازگەلی جۆراوجۆر دەست دەدەنە خۆ کوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.

 سیاسەتی برسی کردن و بڵاو کردنەوەی هەژاری و  گوێ نەدان بە کەرتی پەروەردە لە ڕۆژهەڵای کوردستانی لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە بوەتە هۆی پەرە سەندنی دیاردەی خۆکوژی لەم بەشە لە کوردستان.