ناوچەی برادۆست: دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕەوەندەکان تۆپباران دەکات

سوپای تورکی داگیرکەر ڕەوەندی کوێستانەکانی برادۆستی تۆپباران کرد. هەڕەشەی ئەوەشی لێ کردوون کە ئەگەر بچنەوە کوێستانەکان بە فڕۆکەی جەنگی بۆدومانیان دەکەن.

دەوڵەتی تورک لە ناوچەی برادۆست-ی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ەوە داگیرکراوە، ڕەوەندی کوێستانەکانی تۆپباران کرد. ڕاگەیاندرا کە سوپای تورک لە ناوچەی شەیە زادە-ی برادۆست بە تۆپ و هاوەن ١٢ ڕەشماڵی ناوچەکەیان تۆپباران کردووە.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکەی چاودێری بێ فڕۆکەوان بە ئاسمانی ئەو کوێستانانەدا دەسووڕێنەوە کە ڕەوەندەکان رەشماڵیان تێیایدا هەڵداوە.

دەوترێت دەوڵەتی تورک هەڕەشەی لە دانیشتونی ناوچەکە کردووە، ئەگەر هەتا ئێوارە ڕەشماڵەکانیان کۆ نەکەنەوە، بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانیان دەکەن.