بە هاوئاهەنگی نیوان دەیان پارتی سیاسی کوردستان و رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لە گەڵ وڵاتانی ئەوروپا، نامەیەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، ئوستورالیا، ژاپۆن، کۆنسەی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا کرد.
لە نامەکەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئێستای گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت لەم دۆخە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە قەیرانێکی جیهانی و باس لەوەکرا:"بەرپرسیارێتی ژیانی هاوڵاتیەکانمان کە لە ژێر گۆشەگیری و ئابلوقە و هێرش و هەڕەشەدایە، لە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسەی ئەوروپا و ئەو وڵاتانەدان کە لە رووی سیاسی و سەربازیەوە لە ناوچەکە بوونیان هەیە."
لە بەردەوامی نامەکەدا تیشک خرایە سەر مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر گشت جیهان و تێیدا هاتووە:"لەم قەیرانەدا گەلی کوردستان کە بە سەدان ساڵە، بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا رووبەرووی قڕکاری بووەتەوە و خۆی لەسەر پێهێشتووەتەوە، ئەمڕۆش رووبەرووی هەڕەشەکی جدی و مەترسیدار بووەتەوە."
هاوکات لە نامەکەدا داوا کراوە کە بۆ مەخمور، شەنگال، شەهبا و رۆژئا و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوکاری مرۆیی بنێردرێت.
بارودۆخی زیندانیان
لە نامەکەدا ئاماژە بە بارودۆخی زیندانیان، بە تایبەت لە تورکیا کراوە و تێیدا هاتووە:"لە بەندیخانەکان بە هەزاران زیندانی رووبەرووی مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە، بە بێ ئەوەی هیچ رێوشوێنێکی جدی گیرابێتە بەر. هاوکات زیندانیان نە دەرفەتی دابینکردنی خوارن و نە خواردنەوەیان هەیە، نە دەشتوانن بڕیار بدەن لەگەڵ کێدا هەڵسوکەوت بکەن و لە کێ دوور بکەونەوە. لە هەر حاڵەتێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە بەندیخانەکانی تورکیا، وەکو ئەوە وایە کە لە کۆگایەکی باروتدا ئاگر بکەوێتەوە!
لە بارودۆخێکی وەهادا لە تورکیا ئامانج لە پەسەندکردنی یاسای کەمکردنەوەی سزاکان و جیاکاری لە نێوان زیندانیان، بە ئامانجگرتنی زیندانیە سیاسیەکانە."
مەخمور
لە نامەکەدا باس لە بارودۆخی نالەباری کەمپی پەنابەرانی مەخموریش کراوە و تێیدا باس لەوە دەکرێت:" ئەو ١٢ هەزار هاوڵاتیەی لە کەمپی مەخمور دەژین، لە ژێر گەمارۆی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردیدان. لەگەڵ ئەوەی ئەم کەمپە لە ژێر چاودێری و پاراستنی کۆنسەی باڵای کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، بەڵام هیچ کاریگەریەکی UNHCR لە ناوچەکە نابینرێت. هاوکات حکومەتی عێراقیش بێدەنگە. کەمپی مەخمور لە ١٨ی تەمووزی ٢٠١٩وە تا ئەمڕۆ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی حکومەتی کوردستانەوە بە شێوەیەکی تایبەت خراوەتە ژێر گۆشەگیریەوە. لەم کەمپە ١٢ هەزار مرۆڤ لە ژێر گەمارۆدا دەژین."
هاوکات مەترسیەکی زۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەر کەمپی مەخمور هەیە. بەهۆی هەڵومەرجی ناڵەباری ژیان لەو کەمپە، تەندورستی دانیشتوانی ئەو کەمپە لە ژێر مەترسیەکی جدی دایە. ژیانیان لە مەترسیدایە."
شەنگال
لە درێژەی نامەکەدا باس لە مەترسیەکانی سەر شەنگالیش دەکرێت و بەم شێوەی باسی لێوە دەکات:"گەلەکەمان لە شەنگالیش رووبەرووی مەترسیەکی جدی بووەتەوە و رووبەرووی هەڕەشەی قرکردن بووەتەوە. شەنگال ئابلوقە دراوە. هەم هێزەکانی سوپای عێراق و هەم حەشدی شەعبی لە ناوچەکە بوونیان هەیە. ئابلوقەیەکی جدی لەسەر شەنگال هەیە. لەگەڵ هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر شەنگال، گەمارۆ و مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش هەڕەشەیەکی نوێی کۆمەڵکوژیە بۆ سەر شەنگال.
گەلی شەنگال بەو دەرفەتە کەمانەی لەبەردەستیداندایە، تا رۆژی ئەمڕۆمان هێناویانە. ئەگەر هێزە نێودەوڵەتیەکان وەک چۆن تا ئێستا بێ هەڵوێست بوون، وەهاش بمێننەوە، گەلەکەمان لە شەنگال رووبەرووی کۆمەڵکوژی دیکە دەبێتەوە. لە ئێستا دا لە شەنگال زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس دەژین.
باکور و رۆژهەڵاتی سوریا
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا تیشک خراوەتە سەر بارودۆخ و مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ٧ هەرێم پێک دێت و نزیکەی ٥ میلیۆن کەسی تێدا دەژین و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات:"بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەرفەتی هێندەی لەبەردەستدا نیە کە بتوانێت ناوچەکە لە مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزێت. لەگەڵ ئەوەی دەرفەتێکی کەمیان لەبەردەستدایە، لە ناوچە جیاجیاکانی ژێر کۆنتڕۆلی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەت لە هەرێمەکانی وەکو جزیر و کانتۆنی حەسەکە بە سەدان هەزار ئاوارەی تێدا نیشتەجێن. بەشێک لەو ئاوارانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمەوە رایان کردووە و لەوێ جێگیر بوون. هەندێکیشیان بە هۆی داگیرکاریەکانی تورکیا لە عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی و تل تەمرەوە روویانە لەو ناوچانە کردووە.
لەگەل بوونی دەیان کەمپ لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆلی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری، تا ئێستا رێکخراوە جیهانیەکانی بواری تەندروستی و هاوکاری مرۆیی هیچ هاوکاریەکیان پێشکەشی ئەو کەمپانە نەکردووە.
دوای جار لە ٢١ی ئادار دا حکومەتی تورکیا ئاوی خواردنەوەشی لەسەر تل تەمر و ناوەندی شاری حەسەکە گرتەوە کە ئەمە لە خۆیدا بارودۆخی ناوچەکە دەخاتە روو.
کەمپی شەهبا
لە نامەکەدا باس لەوەش کراوە کە، لە ناوچەی شەهبا نزیکەی ١٠٠ هەزار هاوڵاتی شەهبا و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی عەفرین تێیدا دەژین کە لە ٥ کەمپ نیشتەجێ بوون.
UNHCR رایگەیاندبوو کە دەبێت سەرچاوەکانی ئاو لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە سیاسی و سەربازیەکاندا بەکار نەهێنرێت، بەڵام دەوڵەتی تورک بە گرتنەوەی ئاوی ناوچەی عەلۆک ٤٦٠ هەزار کەسی بێ ئاو هێشتووەتەوە، ئەم بارودۆخە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئێران/رۆژهەڵات
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا باس لە مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە:"بارودۆخی بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کێشە سیاسیە تراژیدیەکان لەسەر گەلەکەمان لە رۆژهەڵات لەبەر چاوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان ١٢-١٥ میلیۆن هاوڵاتی لە ژێر گەمارۆی دوولایەنەی بەرپرسانی ئێران و نەتەوە یەکگرتووەکاندان. بە هۆی مەترسیەکانی ئەم قەیرانە جیهانیەوە، دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی بایکۆت و گەمارۆی بهینریت. جگە لەمەش دەبێت بە زووترین کات هاوکاری خۆراک و تەندروستیان پێشکەش بکرێت.
داواکاری
لە کۆتایی نامەکەشدا ئەم داواکاریانە پێشکەش کران:"وەکو لە سەرەوە باسمان کرد، ئەو رێبازانەی لە دژی گەلەکەمان و هاوکات دانیشتوانی کوردستان گیراونەتەبەر، لە دژی ماف و یاساکانی مرۆڤایەتین و دەکەونە چوارچێوەی تاوانی شەڕ. بەرپرسیارێتی هاوڵاتیە گەمارۆدراوەکانمان و هێرش و هەڕەشەکانی سەریان، بە تایبەت لە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنسەی ئەوروپا و ئەو دەوڵەتانەدایە کە لە هەرێمەکە هەیمەنەی سیاسی و سەربازیان هەیە.
داواکارین بە زووترین کات، هێز و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە مەترسیدارە تێبکۆشین و گەرەنتی مافی ژیانی گەلەکەمان بکەن."
ناوی ئەو پارت و رێکخراوانەی ئەم نامەیەیان ئیمزا کردووە:
یەکێتی نشتیمانی کوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان
کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک-ئەروپا
بزوتنەوەی ژنانی کوردستان-ئەوروپا
پارتی شیوعی کوردستان-باشور
حزبی زەحمەتکێشان-باشور
پارتی ئازادی و دیمۆکراسی ئێزیدیان
بزوتنەوەی ئازادی
پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەدە
پارتی دیمۆکراتی کوردی سوریا- P.D.K.S
پارتی چەپی کورد لە سوریا
بزوتنەوەی نوێخوازی کوردستانی-سوریا
پارتی دیمۆکراتی کورد لە سوریا –ئەلپارتی
پارتی دیمۆکراتی پێشڤەڕووی کورد ل سوریا
پارتی چەپی دیمۆکرات لە سوریا
پارتی یەکێتی دیمۆکراتی کورد لە سوریا- PYDKS
پارتی رێکەوتنی کورد لە سوریا
پارتی چاکسازی کورد لە سوریا
پارتی سەوزی کوردستانی لە سوریا
پارتی دیمۆکراتی کوردستانی لە سوریا
پارتی کۆمۆنیستی کوردستانی لە سوریا
پارتی ئیسلامی کوردستان
پارتی کۆمۆنیستی کوردستا
بزوتنەوەی کاوا
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک
یەکێتی شۆڕشگێری کوردستان
کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار
کۆمەڵگای ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان
پلاتفۆرفی هۆرام
پلاتفۆمی زاگرۆس
پلاتفۆرمی یارسان
یاری کورد
Kurdische Gemeinde Stuttgart e.V
FEDA ( Federesyona Elewîyên Kurdistan)
ناڤ-یەک (فیدڕاسیۆنی کۆمەڵەی ئێزدیا)
Kurdische Zentrum Berlin
کۆمەڵگای ئیسلامی کوردستان
ئینستیتوی کورد-ئەلمانیا
ئینستیتۆی کورد-بروکسەل
ئەنجومەنی ئەنگال لە دەرەوەی وڵات
یەکێتی مامۆستایان کوردستان
یەکێتی ئێزیدیانی سوری
Kurdisch Gemeinde Brandenburg - Berlin
Dachverband der Êzidischen Frauenräte
DKF (Deutsch-kurdisches Forum) e.V Dresden
کۆنگرەی گولی میزوپۆتامپا
پارتی ئازادی میزوپۆتامیان
Kurdistan human rights Association
ز.ش