نورەدین دەمیرتاش ئەندامى کۆمیتەى رۆشنبیری و هونەریی پەکەکە ٤٠هەمین ساڵیادى دامەزراندنى پەکەکەی لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، گەریلاکانى ئازادیى کوردستان، گەلی کورد و هەموو گەلانى بندەست پیرۆز کرد. دەمیرتاش بە بۆنەى ٤٠هەمین ساڵیادى دامەزرادنى پەکەکەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.
پەکەکە رێگای بۆ بەرخودان، سەرکەوتن و ئومێدى سەرفرازی کردەوە
دەمیرتاش رایگەیاند، پەکەکە بۆ کوردان، تورکەکان، سوریانییەکان، عەرەبەکان، چەرکەسەکان و هەموو گەلان و باوەڕییەکانی سەر ئەم خاکە دێرینەى میزۆپۆتامیا بووەتە بزووتنەوەى ئازادی و دیموکراسی.
نورەدین دەمیرتاش راشیگەیاند، پەکەکە بۆ گەلانى بندەست و باوەڕەکان بووەتە بەرخودان، سەرکەوتن و هیوا و ئومێدى سەرفرازی و هێز و ئیلهامیان لە پەکەکە وەرگرتووە و بەوەش بوونەتە خاوەنی توانا و دەرفەتی ئافراندنی ژیانی ئازاد و یەکسان.
پەکەکە عەقڵییەت و هۆشمەندییەکە، کە تێکناشکێت
دەمیرتاش باسی ئەوەیکرد "گەلان لەسەر ئەو بنەمایە لە دژی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست سیستمێکى ئاڵتەرناتیڤیان ئافراندووە. پەکەکە خۆی بە ویژدان، قارەمانى و ئازایەتى رازاندووەتەوە. پەکەکە عەقڵییەت و هۆشمەندییەکە کە سەر ناچەمنێنێت و تێکناشکێت. ئەو عەقڵییەتە هاوکات چارەسەریش دەخوڵقێنێت".
دەمیرتاش باسی ئەوەشیکرد "بارودۆخ هەر چییەک بێت و چۆن بێت، پەکەکە بە بەردەوامى چارەسەری دەخوڵقێنێت. پەکەکە لەبەر ئەوەى هەڵگری جەوهەری سۆسیالیستە بووەتە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە. گەلانى جیهان ئیدی هەست بەو راستییە دەکەن".
پەکەکە بووەتە ئاڵای سۆسیالیزم
نوردەین دەمیرتاش ئەندامى کۆمیتەى رۆشنبیری و هونەریی پەکەکە لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی "ئیمپریالیزم و کاپیتالیزی جیهانی چەند هەوڵ دەدەن پەکەکە دابڕاو و گۆشەگیر بکەن با ئەوەش بکەن، با بەردەوام بن لە پیلانگێڕی وهێرشەکانیان، چونکە هیچیان پێناکرێت و پەکەکە ئیتر بووەتە بزووتنەوەیەکی ئازادی، کە لە ناو زمانى گەلانى جیهاندایە و بووەتە بەشێک لە زمان و بیرکردنەوە".
وتیشی "پەکەکە ئیتر بووەتە ئاڵاى سۆسیالیزم و لە دەستى گەلان دایە، بۆیە پەکەکە بزووتنەوەیەکى لە جۆرەیە، کە سەلماندوێتی تێکناشکێت".
"بۆ تێکشکاندنی فاشیزم و ئازادیى کوردستان بانگتان لێدەکەم"
دەمیرتاش ئەوەشى وت "لەگەڵ ئەوەى پەکەکە هیوا و ئومێدی بە مرۆڤایەتى بەخشیوە، بە شرۆڤە و شیکارییەکانی و بە هەنگاوەکان و هەڵمەتە نوێکانى لە سۆسیالیزمدا، بووەتە پێشەنگی سۆسیالیزمی زانستیى دیموکراتیک".
وتیشی "تێکۆشانی سۆسیالیزم بووەتە تێکۆشانی مرۆڤایەتى. هەر وەک رێبەر ئاپۆ دەڵێت 'پێداگری لەسەر سۆسیالیزم پێداگرتنە لەسەر مرۆڤایەتی' ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە لەسەر هێڵی پەکەکە و رێبەرایەتى و لە ژێر ئاڵاى سۆسیالیزمدا بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین.
بەو بۆنەیەوە من جارێکیتر ٤٠هەمین ساڵیادی دامەزراندنى پەکەکە لە هەموو هێزە چەپەکان، سۆسیالیست، ئانارشیست، دیموکراتیک، فێمێنیست، ژنان، گەنجان و هەموو ئەو کەسانەى دەیانەوێت تێبکۆشن و هەموو مرۆڤایەتیى، کە بەرخودان، ئومێد، رزگاری، ئازادی و سەرکەوتن لە سۆسیالیزمدا دەبینن، پیرۆز دەکەم.
داواش لە هەموو کەسێک دەکەم، پەکەکەبوون، جەهەری سۆسیالیستیى، کۆڵایەتى بوونی، جەوهەری دیموکراتیکى لە نزیکەوە بناسن و بە چڕی لێکۆڵینەوەى لەبارەوە بکەن. بە تایبەتى بۆ ئەوەی گۆشەگیریى سەر ریبەر ئاپۆ لاببرێت، فاشیزم هەڵبوەشێنرێتەوە و کوردستان ئازاد بکرێت، ئەو داوایە دەکەم".
دیکتاتۆریى ئەردۆغان – باخچەلی هەڵدەوەشێتەوە
نورەدین دەمیرتاش ئەوەشی راگەیاند، هێڵی نەتەوەى دیموکراتیکى ئۆجالان شەڕی سێیەمی جیهانی لە چارەنووسی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهاندا دەگۆڕێت، سەرباری ئەوەى بە بەردەوامی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی لە دژی ئەو هێڵە ئەنجام دەدرێت.
دەمیرتاش بە رێزەوە سڵاوی لە ناڕەزایەتییە بەهێزەکان و ئیرادەى گەلان لە دژی ئەو هەوڵ و پیلانگێڕییانە کرد و راشیگەیاند "گەریلاکانى ئازادیى کوردستان هەموو کات بە بەردەوامى پارێزەری سەرکەوتنى گەلان دەبن. لە دژی هەموو ئەو عەقڵییەت و کەسانەى کە خوێنی مرۆڤایەتى دەمژن، پەکەکە هێزی خۆی و رۆشنبیری و کولتوری نوێى خۆی خوڵقاندووە، کە پشتبەستووە بە گەلی خۆی. بە پێشەنگایەتیى ژنان و گەنجان، بە تێکۆشانی سۆسیالیزم، بە تێکۆشانی مرۆڤایەتى بە دڵنیاییەوە فاشیزم هەڵدەوەشێتەوە. فاشیزم هەرگیز نەیتوانی مانەوەى خۆی هەمیشەیى بکات. تۆیش نابێت لە ناو دیکتاتۆریەتى فاشیست دا ناوی خۆت لە مێژوودا تۆمار بکەیت. ئێمە دەزانین و ئەوە دەبینین، کە دیکتاتۆریى نوێ دێتە پێشەوە و خۆی بە جۆرێکى تر دەردەخات، بەڵام هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوە و دیکتاتۆرییە فاشیستییەکەى ئەردۆغان – باخچەلی دا نییە.
دەبێت دیکتاتۆریى فاشیستی ئەردۆغان – باخچەلی بە باشی ئەوە بزانێت، لە ناو لاپەڕە رەشەکانى مێژوودا ناویان و کارەکانیان تۆمار دەکریت و ناتوانن خۆیان لە هەڵوەشاندنەوەى رزگار بکەن".
دەمیرتاش ئەوەشی وت "گرنگە گەلەکەمان ئەوە ببینیت، کە دیکتاتۆریى ئەردۆغان – باخچەلی تێکدەشکێت و لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە".
نورەدین دەمیرتاش لە کۆتایى قسەکانیدا داوای لە هونەرمەندانیش کرد خاوەنداری لە بەهاکانی هونەری شۆڕشگێڕی بکەن، کە بە رەنج و فیداکارییەکى زۆر گەورە ئافرێنراوە. داواشی لە گەنجان کرد، بۆ گەورەکردنى تێکۆشانی سۆسیالیزم و هەڵوەشاندنەوەى فاشیزم بەشداری ریزەکانى ئازادى ببن.
ر.م