نەورۆز فازڵ ستراتیژی بەرنگاربوونەوەی داگیرکاری تورکیا خستەڕوو
تورکیا بۆشای سیاسی عێراق و بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی قۆستۆتەوە بۆ داگیرکاری پەلامارەکانی لەسەر باشوری کوردستان، دەبێت باشوری کوردستان بە ستراتیژیکی نوێ بەرنگاری تورکیا ببێتەوە.
تورکیا بۆشای سیاسی عێراق و بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی قۆستۆتەوە بۆ داگیرکاری پەلامارەکانی لەسەر باشوری کوردستان، دەبێت باشوری کوردستان بە ستراتیژیکی نوێ بەرنگاری تورکیا ببێتەوە.
نەورۆز فازڵ یەکێک لە ڕۆشنبیەر و چادوێرە سیاسیەکانی باشوری کوردستان کە هەوڵەکانی چرکردووەتەوە بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە دژی هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشوری کوردستان.
ئەوە چاودێرە سیاسیە دەربارەی مەرامی تورکیا لە هێرشەکانی بۆسەر باشوری کوردستان، ڕێبازی بەرەنگابوونەوەی داگیرکای تورکیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فوراتANF قسەی کرد.
"هەمیشە تورکیا چاوی لەسەر داگیرکردنی باشوری کوردستانبووە"
دەربارەی مێژوو و مەرامەکانی چاوتێبرینی تورکیا بۆ باشوری کوردستان ناوبراو وتی:"داگیرکاری لە کوردستان بە گشتی و باشوری کوردستان بە تایبەتی زۆر قووڵە، هەمیشە داگیرکەر چاوی لە هەرێمی کوردستان بووە چونکە هەم لە ڕوی جوگرافیەوە ناوچەیەکی ستراتیژیە و هەم لە ڕوی ئابوریەوە ناوچەیەکی بە بەرهەم و بە بایەخی ئابوریە. لە ڕوی سیاسیەوە ئەگەر تەماشای بکەین دەبینین کە باشوری کوردستان توانیویەتی هەندێک قۆناغ ببڕێت کە لە ڕابردوودا تیایدا بووە بە تایبەتی لە دوای ساڵانی حەفتاکانەوە لە باشوری کوردستان حوکمی زاتی دروست بوو بەو واتایەی کورد توانیویەتی بەهەر ئامرازێک بێت لەو دەسەڵاتە بتوانێت شتێک وەربگرێت کە لە بەرژەوەندی گەلەکەی بووبێت."
"ستراتیژی داگیرکاری گۆڕاوە"
دەربارەی ڕیبازەکانی تورکیا لە هێرشەکانی ئاماژەی بەوەش کرد کە:" لە ئێستادا شێوازی سیاسەت و ستراتیژی داگیرکاری گۆڕاوە و شێوازەکان لەسەر باشوری کوردستان قووڵتر بووەتەوە. ئەو هێرشانەی کە ئێستا لە باشوری کوردستانە بە تایبەتی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە دەستی پێکردوە. ئەگەر بۆ مێژوی ساڵی ١٩٩١ بگەڕێینەوە تاکو ئێستا تورکیا بە شێوەیەکی زۆر جدی کاری لەسەردەکات. پلانەکانی تورکیا هەر بە هێرشکردن نیە پلانەکانی بە دەستەمۆ کردن و دیل کردنی ئەو حزبە سیاسیانەیە کە لە باشوری کوردستاندا هەن، وەکو ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ کە ڕێگەی بەوەدا کە پەرلەمانی کوردستان دابمەزرێ، بە مەرجێ ڕازی بووە کە ئەو هێزانەی لەو پەرلەمانەدان بتوانن شەڕی پەکەکە بکەن."
بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا :لە باشوری کوردستان کە پەکەکە لە قەندیل و چەند ناوچەیەکی دیکە بە فراوانی جێیگرتووە، تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو هەژمونانەی خۆی سیاسەتی داگیرکاری لە باشوری کوردستاندا قووڵ بکاتەوە و پەکەکە وەک بیانویەک بەکار دەهێنێت. ئاماژەی بەوشدا:" تورکیا ئەو بۆشاییە سیاسیەی عێڕاقیشی وەک هەل قۆستووەتەوە چونکە عێڕاق لە ڕەوشێکی ناهەمواردایە بە تایبەت لە دوای ١٩٩١ەوە لە دوای شەڕی کوێتەوە."
بە پێچەوانەی هەندیک بیرو بۆچوونی سیاسی کە نیزیکن لە سیاسەتی تورکیا لە باشوری کوردستان هێرشەکانی تورکیا بە تەنها ئەو هێرشە لە دژی پەکەکە دەبینین، ئەو چاودێر سیاسیە پێ وایە: تورکیا تەنها لە دژی گروپێکی کورد نیە و کێشەی لەگەڵ هەموو کوردە، تورکیا ئەو کوردەی پێ باشە کە مردبێت، ئەو کوردەی پێ باشە کە بوونی نەبێت. تورکیا تەنانەت خیانەتکارانیشی قبوڵ نیە. سیاسەتی تورکیا لە باشوری کوردستاندا سیاسەتێکی داگیرکاریە سیاسەتێکی لە ڕوی ئابوریەوە لە ڕوی سیاسەتەوە لە ڕوی فەرهەنگ و کلتورەوە تورکیا لێرە کاری کردووە. ئەو بەو شێوازە کاری کردوە بۆیە حکومەتی هەرێمی وا بچوک کردووەتەوە هیچ دەسەڵاتێکی لێرە نەماوە کە بتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە.
"سەرچاوەی ئابوری تورکیا هەرێمی کوردستانە"
دەربارەی مەرامە ئابوریەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و گرنگی هەرێم لە ڕووی ئابوریەوە نەورزۆ فازڵ دەڵیت: هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی باشی ئابوریە و تورکیا چاوی لەوەیە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ئابوری خۆی بەهێز بکات چونکە لەم ساڵانەی دواییدا ئابوری تورکیا ئیفلاسی کردووە و کاریگەری لەسەر تاکی تورکیش دروست کردووە، چەندین کۆمپانیا لەناو تورکیا ئیفلاسیان کردووە. بۆیە باشوری کوردستانی بە خاڵێکی گرینگ گرتووە بۆ ئەوەی بتوانێت سوود لەو ئابوریە بەهێزەی کوردستان ببینێت بۆ هەستانەوەی خۆی.
'تورکیا کەمە نەتەوەکان بەکاردەهێنێت'
دەربارەی بەکار هێنان و سیاسەتکردن لەسەر کەمە نەتەوەکانی باشوری کوردستان یاریەکانی تورکیا لە سەریان بەم شێوازە درێژی بە بۆچوونەکانیدا: تورکیا ئیستغلالی کەم نەتەوەکانی ئێرەی کردووە کە بە هەمان فکری ئەوان بیربکەنەوە و بیانبزوێنێ بۆ لێدانی کورد لە باشوری کوردستان. چەمکێکی دیکە ئەگەر باسی بکەین تورکیا لێرە میدیای بەکارهێناوە بۆ چەواشەکاری و بۆ لێدان لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا چەندین کەناڵی ڕاگەیاندنی لە باشوری کوردستاندا هەن و لە خزمەتی خۆیدا بەکاریان دەهێنێت. کاریگەری ئەو سیاسەتەی ئەوان لەسەر ئەم حزبانە بە ئەندازەیەکە کە ئەمان دەسەڵاتی بەرەنگاربوونەوەیان نییە، دەسەڵاتی سەربەخۆبوون و ئازاد بونیان نەماوە، هەمو شتێکیان لەدەست داوە و کەوتونەتە خزمەتی تورکیا. ئەو کەناڵانە لە ڕوی ناوەڕۆکەوە ئەگەر تەماشایان بکەیت خزمەتی بە ئێمە ناکات بەڵکو خزمەت بە داگیرکەر دەکات. ئەمەش شکستێکی دیکەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دەربارەی داگیرکاریەکانی تورکیا لە ڕوو جوگرافیەوە لەسەر کوردستان ناوبراو وتی: تورکیا لە باشوری کوردستاندا بەوەشەوە نەوەستاوە و دەیەوێت هێدی هێدی بێتە ناوەوە، دەیەوێت جوگرافیا و خاک داگیر بکات، دێهاتەکان بسوتێنێ و کاولی بکات. دەیەوێت خەڵکی ئەو دێهاتانە ناوچەکە بۆ تورکیا چۆڵ بکەن، هەر کە چۆڵیان کرد ئەو ناوچانە دەکاتە سەربازگە. لە ئێستادا دەتوانین بڵێین نزیکەی ٣٠ هەزار سەربازی تورکی لە باشوری کوردستان بەجێ کراون، لە چەندین بنکە و بارەگادا و لە چیاکان و دۆڵەکاندا بڵاوکراونەتەوە. لێرەدا خیانەتکارانیش کە دەستیان لە ناو دەستی داگیرکەرە، ئەوان بە پیری تورکیاوە دەچن و دەیانهێننە ناو دێهاتەکانەوە و دەیانبەنە ناو ماڵەکانیانەوە و خزمەتیان دەکەن و میوانداریان دەکەن.
لەدوای ئەوەی ئەو چاودێرە سیاسیە بە فراونی ئاماژەی بە هێرش و پلانەکانی تورکیا کرد لەسەر باشوری کوردستان، ناوبراو پێ باشە هەرچی زووە بەرەیەکی فراون لە دژی داگیرکاری تورکیا دروستبکرێت، پێش لەو هێڕشە ناڕەوایانە بگیرێت و وتی،"باشوری کورستان لە قۆناغی ئێستایدا کە لەشکرکێشیەکان گەیشتوەنەتە ئاستێک بونەتە مەترسیەکی گەورە بۆسەر باشور، ئەگەر کۆدەنگیەک و یەک دەنگیەک نەبێت، ئەگەر بەرەنگاریەکی جدی نەبێت دەبێتە هۆی ئەوەی باشوری کوردستان لەدەست بچێت.
لێرەدا دەتوانین مژاری بەرەنگار بونەوەی داگیرکاری بکەینە دوو بەرە، بەرەیەکیان کە دەوڵەت و حزبی سیاسیە، بەرەیەکی دیکەشیان گەل و تاکە.
"حکومەتی هەرێم لەبەر تورکیا پەیوندەیەکانی لەگەڵ عیراق تێکداوە"
دەربارەی ڕێبازی بەرنگاربوونەوە ناوبراو بەسەر بە دوو بەرەدا دابەشی دەکات، یەکەم بەرەی حزبە سیاسیەکان و حکومەت، دووم بەرەی گەل ڕۆشنبیر و چالاکوانان بەم شێوازە پێشنیارەکانی دەخاتە ڕوو: بەرەی دەوڵەت و حزبە سیاسیەکان زۆر گرینگە لە ئێستادا بەخۆداچونەوە بکەن، ئەوانەی کە ئێستا لەبەرەی دوژمندان جۆرێک لە سیاسەت و ڕێگای خۆیان هەیە کە پێویستە لەو سیاسەتە دوربکەونەوە و بێنە دەرەوە و بەرەیەکی یەکگرتوو حزبی دروست بکەن، بە شێوازێکی یەکگرتوو لەسەر چەمکی پاراستنی باشوری کوردستان کار بکەن و خۆیان ئەرکدار بکەن بۆ ئەوەی ڕێگە لەو سیاسەتە دژوارە بگرن. تورکیا لە داهاتوودا تەڕ و ووشک بەیەکەوە دەسوتێنێت، ئەوانیش دەسوتێن لە هێرشەکاندا. لە ئێستادا حکومەتێکی لاواز و شکست خواردوو لە باشوری کوردستاندا هەیە بە بڕوای من زۆر گرینگە ئەم حکومەتە هەڵبوەشێتەوە و حکومەتێکی کاتی دروست بکرێت کە بتوانێت ڕوبەڕوی ئەم هێرش و داگیرکاریە بێتەوە، لە پاشاندا حکومەتی هەرێم پەیوەندێکانی لەگەڵ بەغداد باشتر و چاکتر بکاتەوە و ئەو پەیوەندیە ئابوریانەی کە چەندین ساڵە تێکیانداوە لە پێناو بەرژەوەندێکانی خۆیان و تورکیادا، ئەوانە بگەڕێندرێنەوە بۆ چوارچێوەی حکومەتی عێڕاق، بۆ ئەوەی حکومەتی عێڕاقیش بتوانێت هاوکار بێت لە چوارچێوەی ئەو دەستدرێژیانەی کە دەکرێتە سەر باشوری کوردستان.
هاوکات دەربارەی هەڵویست گەل و بەرەی گەل بەم شیوازە درێژی بە نرخاندەکانیدا:"لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵگا هەیە و بە بۆچونی من کۆمەڵگا گرینگە چونکە هیوایەک نەماوە لە حزبەکان بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو دۆخە بکەن کە هەیە. لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەتوانن لە خەڵکی سیاسی، ڕۆشنبیر، ئەکادیمیست، کاسبکار، فەرمانبەر و لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەموو دەتوانن پێکەوە بە شێوازێکی جدیی لەسەر ئەم ڕەوشە قسە بکەن و کۆببنەوە و شڕۆڤەی لەسەر بکەن و چارەسەری بکەن. گرینگە لێرەدا ڕۆشنبیر ڕۆڵی سەرکردە ببینێت بۆ یەکخستن و بەرەنگاری ئەم داگیرکاریە ببنەوە، کاری ڕۆشنبیران ئەوەیە هەمیشە حکومەتی هەرێم بەهۆش بێنێتەوە کە لە چی دۆخێکی خەتەر و مەترسیدارە. ڕۆشنبیر دەتوانێت لەناو خەڵکیدا پێشەنگایەتی خەڵکی بکات لەسەر ئەم دۆخە، نەک بێت لە ڕاگەیاندنا باس لە دۆخێک بکات بەڵام بەرپرس نەبێت لە پراکتیکدا. دەبێت خەلکی بە کردار لەسەر ئەم دۆخەدا کار بکات و هەنگاوی جددی بنێت، دەبێت بێینە لای یەک و گفتوگۆ بکەین کە چەندە ئەم هیرشە مەترسیە بۆ سەر ژیانمان بۆسەر فەرهەنگ و مێژوو و کلتورمان. دەبێت ئێمە بەرەیەکی جەماوەری یەکگرتوو دروست بکەین بە شێوازێکی تۆکمە خۆمان پیش بخەین و خۆمان ئاراستە بکەین.
لە کۆتایشدا وتی:" پەیامی ئێمە بۆ خەڵکی باشور ئەوەیە کە بتوانن هەموو تاکێک خۆی ئەرکدار بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و وەستانەوە لە دژیان. دەبێت گروپ گروپ کۆببینەوە و ئەنجام بگرین تا ڕادەیەکیش کە بتوانن گەنجەکانمان بەشداری خەبات و تێکۆشان ببن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی سەربازیانە ڕوبەڕوی داگیرکەر ببنەوە چونکە لە داهاتودا ئەگەر ڕوبەڕویان نەبینەوە باشوری کوردستان لەدەست دەدەین و چارەسەرێک بەدەستمانەوە نامێنێت. بۆیە گرینگە بە ئیرادەوە و بە بڕواوە دەبێت بەرەنگار ببینەوە چونکە ئەگەر ئەمڕۆ نەیکەیت، سبەینێ ناتوانیت داگیرکەر بوەستێنیت."
ف.ق