نەپەگە: بە رێزەوە یادی فەرماندەى قارەمان عەلی پڵنگ بەرز رادەگرین

نەپەگە رایگەیاند، "فەرماندەى گەورە عەلی پڵنگ لە ١٤ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ٢٤ی جۆزەردان لە بەدلیس شەهید بووە. هاوڕێ عەلی بە کارامەیى خۆی لە شەڕدا و بە ڕێبازی ئەنجامگیرانە ئەوەى سەلماند، کە دەبێت ئاستی فەرماندەیەک بە چ شێوەیەک بێت".


فەرماندەیى بڕیارگەى ناوەندی پاراستنى گەل (نەپەگە) لەبارەى شەریف یەعقوب (عەلی پڵنگ)، کە لە ١٤ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ٢٤ی جۆزەردان لە بەدلیس شەهید بوو راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى نەپەگە:

"لە دژی هێرشە قڕکەر و داگیرکەرانەکانى دەوڵەتى کۆماری تورکیاى فاشیست بۆ سەر کوردستان، گەل و بزووتنەوەکەمان، بە قوربانیدانى گەورە بەرخودانی هەمە لایەنە بەڕێوەدەبات. لە ئەنجامی تێکۆشانێکى گەورەدا گەلەکەمان ئاستى گەلێکى بێناسنامە و کۆیلەی تێپەڕاند و گەیشتە ئاستێک لەلایەن هەموو گەلانى جیهانەوە بناسرێت و رێزی لێ بگیرێت. بزووتنەوەى ئازادیمان ئەمڕۆ لە دژی شەڕی ئەو قڕکردنە، کە بەسەر گەلەکاندا دەسەپێنرێت لە هەموو پارچەکان تێکۆشانێکى دژوار بەڕێوەدەبات و بۆ ئەو گەلانەى جیهان تێکۆشانى ئازادی بەڕێوەدەبەن، بووەتە سەرچاوەیەکى گەورە و ئومێد و رزگاری.

لەم سەردەمە مێژووییەدا، کە رۆژ بە رۆژ لە ئازادی نزیک دەبنەوە و دەستکەوتى گرنگ بەدەستهاتوون، بێگومان لە سایەى شەهیدە قارەمانەکانمانەوە ئافرێنراون، کە بێ دودوڵی بەشێوەیەکى فیداییانە لە ریزی پێشەوەى تێکۆشاندا بەشداریی کاروانى نەمران بوون. لە سایەى هەزاران شەهیدی قارەمانەوە تێکۆشانمان بۆ ئازادی ئەوە سەلمێنرا، کە تێکۆشانەکەمان تێکناشکێت و ئەو تێکۆشانە لە پێناو ئازادیى گەلاندا راناوەستێت. بۆیە پەکەکە، کە حیزبی شەهیدانە، بە دڵنیاییەوە پێداگریی خۆی بۆ سەرکەوتنى تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بە دڵسۆزی و بە شەهیدەکانەوە بە ئەنجام دەگەیەنێت. تێکۆشانی ئازادی، کە خۆی بە نرخی شەهیدان و گەل ئافراندووە، هێرش لە کوێوە دێت با بێت، قوربانییەکەى چی دەبێت با ببێت، بێگومان لە ئامانجەکەى خۆی پاشگەز نابێتەوە. لە بەرامبەر راستیى گەلێکدا، کە بە شەهیدانى خۆی گەیشتوەتە راستی و بە شەهیدانی سەربەرزە، ئەوا هیچ هێزێکی داگیرکەر – فاشیست ناتوانێت لە بەرامبەریدا خۆی رابگرێت.

قارەمانانە شەڕێ کرد و بەشداری کاروانى نەمران بوو

هەر دڵوپە خوێنێکى شەهیدان، کە لەسەر هەر بستە خاکێکی کوردستاندا بۆ تێکۆشان رژاوە بووەتە ئافرێنەری ژیانی نوێ و ژیانەوە. قارەمان و فەرماندەى گەورە، هاوڕێمان عەلی پڵنگ لە ناوچەى کەرجەوسی ئێلح، کە یەکێک لە قەڵاکانى بەرخودانە لە دایکبووە و لە ١٤ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ٢٤ی جۆزەردان لە بەدلیس لە شەڕ لە دژی سوپای کۆماری تورکیاى داگیرکەر چووە کاروانى شەهیدانەوە.

زانیاری لەبارەى ناسنامەى فەرماندەی گەورە هاوڕێ عەلی پڵنگەوە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

ناسناو: عەلی پڵنگ

ناو و پاشناو: شەریف یەعقوب

شوێنی لە دایکبوون: ئێلح

ناوی دایک – باوک: فاتمە – نومان

کات و شوێنى شەهیدبوون: ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩ / ٢٤ی جۆزەردان / بەدلیس

لە تەمەنی گەنجییەوە بەشداری تێکۆشانی ئازادی بوو

هاوڕێ عەلی لە تەمەنی گەنجی و لە ساڵی ١٩٩١ەوە بەشداری ریزەکانى تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بوو و لەو ساڵە دوور و درێژانەدا لە چەندین ناوچە و گۆڕپانى شەڕ بە فیداکاری، دیسپلین و بەرپرسیارانە ئەرکەکانى جێبەجێکرد. لە رۆژی بەشداربوونییەوە بۆ ناو تێکۆشانی ئازادی تاوەکو دوا رۆژی و دوا هەناسەى بووە شەڕڤان، فەرماندە، فیدایى و هاوڕێیەکى هێژای گەل، حیزب و شەهیدان.

لە هەر چوار پارچەى کوردستان رەنجێکى گەورەى دا. لە زاگرۆس هەتا بۆتان و لە بۆتانەوە هەتا گارزان جێى خۆی لە دڵی گەلی کورد و هەڤاڵە تێکۆشەرەکانیدا کردبووە. لە شەڕڤانییەوە هەتا دوا ئەرکی، کە ئەندامی ئەنجوومەنى سەربازیى هەپەگە بوو، ئەرک و بەرپرسیارییەکانى خۆی بەبێ کەموکوڕی و بە شێوەیەکى سەرکەوتوانە ئەنجامدا. جگە لە سەرکەوتن رێگایەکی تری بۆ خۆی نەدەگرتەبەر و ئەرکەکانى خۆی بەو شێوەیە ئەنجام دەدا. هاوڕێ عەلی لە ژیانى خۆیدا هەرگیز رێگای بە سەرنەکەوتن نەدا و لە هەموو ئەو گۆڕەپانانەدا، کە تیاندا ماوەتەوە و بووە فەرماندەیەکى نمونەیى و ترسی خستبووە دڵی دوژمنەوە.

  تاکیتکزانێکى بەهێز بوو

هاوڕێ عەلی بە بۆچوونە سەربازییەکان و بە تێگەیشتنی دیسیپلینیانەى خۆی، خۆی گەیاندە ئاستی فەرماندەیەکى پێشەنگ و پەروەردەکار و لە هەمان کاتدا بە زیرەکییەکەی لە شەڕدا بووە ئافرێنەری چالاکیى تاکتیکی و گورزی قورسی لە دوژمن دەوەشاند.

لە قۆناغی سەرلەنوێ بونیاتنانەوەدا بووە یەکێک لە فەرماندە پێشەنگەکان. لە خوڵقاندن و جێبەجێکردنى رێباز و تاکتیکی نوێدا رەنجێکى زۆر گەورەى دا. هاوڕێ عەلی بە کردەوەکانى خۆی لە شەڕدا بووە تاکتیکزانێکى کارامە، قورسایى خستە سەر تاکتیکى شەڕ و لەو رێگەیەوە تاکتیکەکانى دەوڵەمەند کرد. لە هێڵی زاپ – زاگرۆس دا بە تاکتیەکانى و هەڵمەتى چالاکییەکانى نوێبوونەوەی ستراتیژیى شەڕی سەلماند. هاوڕێ عەلی کە پێشەنگایەتیى بۆ تاکتیکى سەردەمی نوێ دەکرد، بە شارەزایی و کارامەیی خۆی لە شەڕدا و بەهێزی خۆی بۆ گورز لێدان و رێبازی ئەنجامگیرانەی بە کردارەکانى خۆیدا سەلماند، کە دەبێت ئاستى فەرماندەیى بە چ شێوەیەک بێت.

لە هێڵی رێبەر ئاپۆدا فەرماندەیەکى شۆڕشگێڕ بوو

هاوڕێ عەلی بە نزیکایەتیى خاکەڕاییانەى خۆی و بە هێزبوونەکەى کاریگەریى لەسەر هاوڕێکانى دروستکردبوو و لەسەر ئەو بنەمایەش خاوەنی ئوسلوب و رێبازێکى نمونەیى فەرماندانە بوو. بە دڵسۆزییەکەى بۆ هاوڕێیانى، بە نزیکایەتیى خۆی لە رێبازەکەیدا و بە پێوەر شەڕڤانیى دادەڕشتەوە و هاوڕێیەتیى هەمیشە بەهێز دەکرد. لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ قوڵ بوو و راستیى ئایدۆلۆژی، فەلسەفی و سیاسەتى رێبەر ئاپۆی لە کەسایەتیى خۆیدا زەق کردبووە و بەو شێوەیە فەرماندەیەکى شۆڕشگێڕ بوو. بەشێوەیەکى دروست و لە دڵەوە و بەبێ نیگەرانی و گومان بە رەنجی خۆی خۆی گەورە دەکرد و بووە میلیتانێکى شۆڕشگێڕ.

ئێمە لە سەرکەوتنى تێکۆشانی خۆماندا خاوەنداری لە یادی و خەن و رێگاکەى دەکەین

 لەسەر ئەو بنەمایە لەم سەردەمەدا، کە تێکۆشانمان لە ئاستێکى مێژوویدایە، ئەرکمان ئەوەیە تێکۆشانی هاوڕێمان عەلی، هەڵوێستە روونەکانی و پێوەرەکانى بۆ خۆمان بکەینە رێبەر، بەو شێوەیە ئەرکی هاوچەرخی خۆمان جێبەجێ بکەین. لە کەسایەتیى هاوڕێ عەلی دا و بۆ ئەوەى ببین بە میلیتانێکى باشی هێڵێ رێبەرایەتى، بە بەهێزی لە دەوری بەهاکانى کۆ دەبینەوە و خەون و بەها و ئامانجەکەى بەدی دەهێنین. بە پێداگرییەوە بەگژ زەحمەتى و دژوارییەکاندا بچینەوە و تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە، کە ئاستەنگی و لەمپەر ناناسێت بەڕێوەببەین.

لەو چوارچێوەیەشدا لە پێش هەموانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەى هاوڕێ عەلی و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین و بەڵێن دەدەین ئاڵاکەى بڵندتر بکەین و لە رێى سەرکەوتندا بە فەرماندەیى شەهیدە قارەمانەکانمان یاد و خەونەکانیان بەدی بهێنین، دڵسۆزیى خۆمان لەگەڵیاندا بسەلمێنن و لە تێکۆشاندا خاوەنداری لە یادیان بکەین".

ژ.ت