هاسەرۆک شارەوانییەکى هەدەپە بەهۆی رەتکردنەوەى داوایەکى پارێزگاری ئیدرەوە دەستگیرکرا

حەسەن سەفا هاوسەرۆک شارەوانیى ناوچەى هالفەلی لە پارێزگای ئیدر لە باکووری کوردستان بەهۆی ئەوەى داوایەکى پارێزگاری دەوڵەتى تورکی رەتکردبووە، لەسەر کارەکەى دوورخرایەوە و دەست بەسەر شارەوانییەکەیدا گیرا و قەیومی لە شوێن دانرا و دەستگیرکرا.

پارێزگاری دەوڵەتى تورک لە ئیدر داواى لە هاوسەرۆک شارەوانیى هالفەلی کردبوو لە چوارچێوەى 'بڕیاری دەوڵەت بۆ ئارامکردنەوى خەڵک' هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بکات بۆ دەستگیرکرنی هاووڵاتییان، بەڵام حەسەن سەفا هاوسەرۆک شارەوانیى هالفەلی ئەو داوایەی رەتکردەوە و بەو  هۆیەوە دەستگیرکرا.

دواى ئەوەى حەسەن سەفا دەستگیرکرا پارێزەرەکەى رۆیشت بۆ سەردانى و ئەوە ئاشکرابوو، کە ماوەى دەستگیرکردنەکەى بۆ ٤ رۆژی تر درێژکراوەتەوە.

پارێزگار لە گەل دەترسێت

پارێزەر حەیدەر مزراک لە فەرماندەیی جەندرمەى شاری ئیدر چوو بۆ سەردانى حەسەن سەفا و دواى سەردانەکەى رایگەیاند، پێش ئەوەى حەسەن سەفا لە کارەکەى دووربخرێتەوە، لەلایەن جێگری پارێزگای ئیدرەوە بانگ کراوە و بڕیاری 'دەستبەسەرداگرتنی ئەرکەکەى' پێ راگەیاندراوە.

مزراک راشیگەیاند، جێگری پارێزگاری دەوڵەتى تورک لە ئیدر داواى لە حەسەن سەفا هاوسەرۆک شارەوانیی هالفەلی کردووە لە چوارچێوەى 'بڕیاری دەوڵەت بۆ ئارامکردنەوەى گەل' دەبێت هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان لە دەستگیرکردنی هاووڵاتییاندا بکات، بەڵام حەسەن سەفا ئەو داوایەى رەتکردووەتەوە و دواى ئەوەش دوورخستنەوەى لە پۆستەکەى لەلایەن دەوڵەتەوە جێبەجێکراوە و دەست بەسەر شارەوانییەکەیدا گیرا و قەیومی لە شوێنى دانراوە و خۆیشی دەستگیرکرا.

ژ.ت