هاوسەرۆکانی چەندین شارەوانی دەستگیر کران و گەل ناڕەزایەتی نیشاندا

هاوسەرۆکانی چەندین شارەوانی دەستگیر کران و گەمارۆی چەندین شارەوانی دراوە و لە شارەوانی پەیاس-ی ئامەد کارمەندانی شارەوانیەکە و جەماوەر بە هەلهەلەکێشان و وتنەوە درووشم چوونە ناو بینای شارەوانییە گەمارۆ دراوەکەوە.

سەلجوق مزراقلی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ئامەد، کەزیبان یلماز هاوسەرۆکی شارەوانی پەیاس و ئۆرهان ئایاز هاوسەرۆکی شارەوانی بسملێ لە چوارچێۋەی ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسیدا دەستگیر کران. هاوسەرۆکە دەستگیرکاروەکان براونەتە بەناو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی تورک لە شاری ئامەد.

هاوکات شارەوانییەکانی پەیاس، کاراز و بسملێ لە لایەن پۆلیسی تورکەوە گەمارۆ دران. لە سەر ئەوەش کارمەندانی شارەوانی پەیاس لە بەردەم بینای شارەوانییەکەیان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان نیشان دا. هەر یەک لە دێرسم داغ، سالحە ئایدەنیز و ڕەمزیە تۆسوون-ی پەرلەمانتارانی هەدەپەی ئامەد پشتیوانیان لە کۆبونەوەکەی کارمەندەکانی شارەوانیەکە کرد.
لە وتەیەکدا پارلەمانتری سالحە ئایدەنیز ناڕەزایی بەرانبەر گەمارۆدانی شارەوانیەکان نیشان دا و وتی: "ئێوە دەستتان بە سەر شارەوانی گەلدا گرتووە. سەد ساڵە ئەو زوڵمە دەکەن، بەڵام شتێک نەگۆڕاوە. ئێمە بەردەوام لێرە بووین، تەنیا ئێوە گۆڕاون. ئێمە دەتوانین سەد ساڵی تریش ئارام بگرین. بێگومان ئێوە ڕووبەڕووی کردەوەکانی خۆتان دەبنەوە".

دواتر دانیشتوانی ناوچەکە و کارمەندانی شارەوانی بە هەلهەلەکێشان و وتنەوەی درووشمەکانی "گوشار پێمان ناوێرێت"، "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" چوونە ناو بینای شارەوانی و پەیاس و گەمارۆکەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا شکاند.

بەڵام وێڕای ئەوەش هێزە ئەمنیەکانی تورک شارەوانیەکەیان چۆڵ نەکردووە و سەرقاڵی پشکنینن و دەستبەراگرتنی کەلەوپەل و کۆمپیوتەرەکانی شارەوانیەکەن.


هـ.هـ