ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) شیکاریی بۆ سیاسەتەکانى تورکیا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پێداگریی تورکیا لەسەر داگیرکەری لە ئیدلب کرد.
ئایدەنیز رایگەیاند، حکومەتى ئاکەپە بە هاوپەیمانیى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە دەیەوێت سیستمى تورکیا بگۆڕێت و رژێمێکى یەک کەسی بئافرێنێت. هاوکات لەگەڵ ئەو گۆڕینەدا ئەو هاوپەیمانییە فاشیستییە هێرش دەکاتە سەر گەلی رۆژئاوا و گەلانى سوریا و راشیگەیاند "هاوپەیمانیى فاشیستیى نێوان ئاکەپە – مەهەپە لە دژی دەستکەوتەکانى چوار پارچەى کوردستان سیاسەتى نوێ بەڕێوەدەبەن و دەیانەوێت دەسەڵاتى خۆیان لەسەر پێ بهێڵنەوە، بەڵام بەهۆی دوژمنایەتیکردنی کوردەوە قەیران لە تورکیا قوڵتربووەتەوە و قەیرانەکە قوڵتریش دەبێتەوە و دۆخی تورکیا نائاسایى تر دەبێت".
"تورکیا لە زۆنگای ئیدلب دا چەقیوە"
ئایدەنیز باسی ئەوەیکرد، بوونی تورکیا لە ئیدلب ئەوە دەسەلمێنێت، کە تورکیا پشتیوانى لە چەتەکان دەکات و وتی "لەسەرەتای پێشهاتەکانى سوریاوە و تاوەکو ئەمڕۆ، زۆر جار ئەوەی روون کردووەتەوە، کە تورکیا پشتیوانى لە چەتەکان دەکات. چەند رۆژ لەوە پێش ئاژانسى فەرمیى دەوڵەت بۆ خۆی ڤیدیۆی چەتەکانى بە ئاڵاى داعشەوە بڵاوکردەوە. دەیانجار کاری تورکیا لەگەڵ چەتەکان و لە کاتى ئەنجامدانى تاواندا ئاشکرا بووە. حکومەت دەیەوێت چەتەکان لە دژی کوردان بکاربهێنێت. تاوەکو دێت بە سیاسەتەکانى لە زۆنگاوی ئیدلبدا دەچەقێت. رۆژ نییە ژمارەیەک سەرباز نەکوژرێن و رۆژ لە دواى رۆژ ژمارەى سەربازە کوژراوەکان زیاتر دەبێت. لەلایەکى ترەوە بەهۆی قەیرانى ئابووری و سیاسییەوە لە داڕماندایە. هۆکاری سەرەکیى ئەوانەش، ئەوەیە کە ئاکەپە پێداگری لەسەر شەڕ و دوژمنایەتیکردنى کوردان دەکات. هیچ مافێکى ژیان بۆ کوردان قبوڵ ناکات. تەنانەت چەند رۆژ لەوە پێش ئەردۆغان وتی "لەوێ ٦٠ هەزار تیرۆریست هەیە". بەو لێدوانانەی کوردان و رۆژئاوا وەک تیرۆریست پێناسە دەکات".
"ئەردۆغان دەیەوێت سیستمەکەى خۆی قایم بکات"
ئایدەنیز سیاسەتى دەوڵەتى تورکی لە ئیدلب بە سیاسەتى ئاژاوەنانەوە لە هەرێمەکەدا لێکدایەوە و وتیشی "هەموو هەوڵەکانى ئەردۆغان لە ئیدلب، هیچ لێناکەوێتەوە جگە لە تێکدانی هەرێمەکە. ئەوە بۆ قایمکردنى سیستمەکەى خۆی دەکات. دەیەوێت بەو شێوازانە کۆشکەکەى خۆی لەسەر پێ رابگرێت. ئەو سیاسەتەى بۆ گەلان دیموکراسی ناهێنێت، بەڵکو دوژمنایەتیکردنی گەلانی لێدەکەوێتەوە، بە تایبەتى دوژمنایەتیکردنی گەلی کوردی زۆر زیاتر لێدەکەوێتەوە".
"هێرش لە دژی کوردان سەرچاوەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتى گۆشەگیری"
ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکى دەبەپە ئەوەشی وت، هێرشە پاکتاوکارانەکانی جەستەى و سیاسیی ئاکەپە و ئەردۆغان لە دژی گەلی کورد کرد راستەوخۆ پەیوەندییى بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە هەیە. ماوەى ٢١ ساڵە ئۆجالان گۆشەگیر دەکرێت، ماوەى ٥ ساڵیشە گۆشەگیری بێ پێوەر بەڕێوەدەچێت. هێرشەکانى دژ بە کوردستان سەرچاوە لە گۆشەگیرییەوە دەگرێت.
وتیشی "تەنها لەم ٥ ساڵەى دوایدا هەر کاتێک گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان قوڵترکرایەوە، هاوکات هێرشەکانیان لە دژی گەلی کورد زیاتر کرد، شەڕیان بە هەموو شوێنێکدا بڵاوکردەوە، ئۆپراسیۆنی قڕکردنیان ئەنجامدا، شارەوانییەکان و رێکخراوەکانى گەلیان زەتکرد. ئەو سیاسەتە پاکتاوکاریانە زۆر کاریگەریى لەسەر گەلی تورکیش دروستکرد. هەروەها بەهۆی ئەو سیاسەتەوە پەنابەران لە تورکیا تووشی رووداوەی زۆر قورس و دژوار بوون. هێرشەکان لە دژی پەنابەران رۆژ لە دواى رۆژ و تاکو دێت زیاتر دەبن. لەمدواییەشدا دەرگاکانى سنووریان کردەوە و هەزاران پەنابەر خرانە سەر رێگاکان و هێرشیان کرایەسەر و بەوە سیاسەتى هەڕەشە لە دژی ئەوروپا بەڕێوەدەبات".
"بەرەی دیموکراسی"
ئایدەنیز ئەوەشی رایگەیاند، دەوڵەتانى ناوچەکە و بە تایبەتى دەوڵەتى تورک بەو شەڕانەى دروستی دەکەن، هەموو بەها و دەستکەوتەکانى گەلان لە ناو دەبەن و وتیشی "لە کاتی شەڕدا کەس ناتوانێت باسی دیموکراسی بکات. قورسترین پەنابەری و کۆچبەری روو دەدات و کۆمەڵگە لە هەموو مافەکانى بێبەش دەکرێت. لەبەر ئەوەش دەبێت تێکۆشانی هاوبەش بکرێت و رۆژێک زووتر لەو دیکتاتۆرە فاشیستە و بەرەی فاشیست زرگار ببین. رێگای ئەوەش بەرەی دیموکراسییە. دەبێت گەلانمان بە تێکۆشانی هاوبەش بەرەی دیموکراسیی خۆیان دروست بکەن".
ژ.ت