هاوسەرۆکی پەژاک: تا کوردێکی ئازادیخواز هەبێت هیچ سیستمێکی دەسەڵاتدار ناتوانێت باڵادەست بێت

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک - PJAK) لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هێڵێ سێ ی ئاریەن تیڤی دا، گێژاوی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شیکردەوە و ڕۆڵی هێزە هەرێمی و جیهانییەکانی خستەڕوو.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک - PJAK) لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هێڵێ سێ ی ئاریەن تیڤی دا، گێژاوی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شیکردەوە و ڕۆڵی هێزە هەرێمی و جیهانییەکانی خستەڕوو. ئەوەشی دەستنیشانیشکرد، گەلی کورد لە شەڕی جیهانی سێیەمدا بە شێوازێکی سەربەخۆ لە بواری سیاسی و لەشکەریدا تێکۆشان دەکات و لەمیدانی ئەو شەڕەدایە.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک ساڵرۆژی دامەزراندنی پەکەکەی پیرۆزکرد و وتی" ٤١هەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی پەکەکە لە هەموو گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز پیرۆزدەکەم".

لەسەرەتای بەرنامەکەدا هاوسەرۆکی پەژاک ئەو سێ گەریلا شەهیدەی بەبیرهێنایەوە، کە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیادا ساڵی ٢٠١٧ شەهید بوون، ڤەژین لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد "تورکیا بەهاوکاریی ئیران هێرشێکی هەواییان لە دژی گەریلاکانمان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سێ هەڤاڵمان شەهید بوون، لە ساڵرۆژی شەهید بوونی هەڤاڵانی شەهید (ژیروان، دەلیل، سەربەست) دا هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەبیردەهێنمەوە".

هاوسەرۆکى پەژاک ئاماژەی بە پەیوەندیی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان (دەوڵەتی ئێران و دەوڵەتی تورکیا ) کردو وتی "پەیوەندیی نێوان ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە زۆرجار بە نهێنی و زۆر جاریش بە ئاشکرا دیارە. دیدار و ڕێکەوتنی دەوڵەتی تورکیا و ئێران، لە پێشتریشدا دەستنیشانمان کردبوو، کە ئەو دەوڵەتانە لە دژی کوردی ئازادیخواز و تێکۆشەر لە ناو پیلان و هاوکاریکردنی یەکتردان. ئێران و تورکیا بۆ ئەوەی خۆیان لە ناوچەکەدا حاکم بکەن، دەبینین کە کوردان هێزن و خاوەن ستاتۆ و ئیرادەی خۆیانن، ئەمەش تاکە هۆکاری لەیەک نزیک بوونەوەی ئەو دوو دەوڵەتەیە. بێگومان دەتوانین بڵێن، هەموو پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا بۆ لەناوبردنی گەلی کوردە".

زیلان ڤەژین ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویى دەوڵەتی ئێران و تورکیا کرد لەوبارەیەوە ئەوەشی وت "لە بواری سیاسی و ئابووری و مێژوویدا ئێران و تورکیا بەدرێژایی مێژوو لەناو شەڕ و ناکۆکی دا بوون و هەمیشە دژایەتی یەکتریان کردووە. ئێران و تورکیا لە مێژوودا لە بەناوی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمان شەڕی حاکم بوونی دەسەڵاتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرد و ئەمڕۆش بەهەمان شێوەی مێژوو بۆ ئەوەی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەروەربکەن  لە ناو شەڕی دەسەڵاتخوازی پاوانخوازیدان. کاتیک ناکۆکی لە نێوان دوو هێزدا هەبێت ئەستەمە لەیەک نزیک ببنەوە، بەڵام تورکیا و ئێران بە ئامانجی نەهێشتنی ئیرادەی گەلی کورد هەندێک جار نزیکی یەکدەبنەوە. لەساڵی پارەوە لە بە ئامانج گرتنی هێزەکانمان ئێران و تورکیا نزیکی یەکدی بوونەتەوە، هەتا کەی ئەم پەیوەندیە هەبێت دیار نییە. چونکە وتم، ئەو دوو دەوڵەتە لە بواری سیاسی و ئابووری و مێژوویدا ناسازن".

"کوردی ئازادیخواز ڕێگری لە سیستەمی دەوڵەتانی داگیرکەر و سیستەمی سەرمایەداری دەکات"

لە بارەی سیاسەتی ئێستای کوردەوە هاوسەرۆکی پەژاک ئاماژەی بەوەشکرد "تەڤگەری ئازادیخوازیی گەلی کورد لە سیاسەتی خۆیدا ئەوەی دەستنیشان کردووە، کە هەتا کوردێکی ئازادیخواز هەبیت، هیچ سیاسەتێکی داگیرکەری چ لەلایەن دەوڵەت نەتەوەکانی هەرێمەکەوە چ لەلایەن سیستمی دەسەڵاتی سەرمایەداریی جیهانییەوە ناتوانن بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەروەر و باڵادەست بن".

وتیشی " ئێستا سیاسەتی شەڕێکی پر ئاڵۆز لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچێت، سەیر بکەن لەلایەک تورکیا و ئەمریکا لە ڕێککەوتن دان، لەلایەکی ترەوە ئەمریکا و ئێران شەڕی ئابووری و سیاسی دەکەن، لە لایەکی تریشەوە ڕێکدەکەون. ئەمەش کارەکتەرێکی خوڵقاندووە کە دوژمنی یەکدی دەبنە دۆستی یەک. تورکیا لە گەڵ ئەمریکادا لە ناو هاوپەیمانی دایە، ئەمریکا و ئێرانیش لەناو شەڕدان، هەرسێ هێز لە خاڵێکدا هاوبەشن، ئەویش شەڕکردنە لە دژی گەلی کورد".

هاوسەرۆکی پژاک وردەکاریی پەیوەندی ئێران و تورکیا دەخاتە ڕوو

زیلان ڤەژین هەندێک وردەکاریی لەسەر پەیوەندیی ئێران و تورکیای خستەڕوو و لەوبارەیەوە وتی "ئەمریکا بۆ ئەوەی لە شەڕی لەگەڵ ئێراندا براوەبێت، هەرچیى لەدەست بێت ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەى تورکیا لە خۆی نزیک بکاتەوە، بۆ ئەوەی تورکیا بخاتە بەرەی خۆیەوە ئەمریکا شەڕی کوردان دەکات. بەرچاوترین هێرشی ئەمدواییەى ئەمریکا بۆ سەر گەلی کورد ئەوەبوو، کە ناوی ٣ ئەندامی بەڕێوەبەریى پەکەکەى خستە ناو لیستى تیرۆرەوە. ئەمریکا ئامانجێکی تری ئەوەیە، کە لە نزیکبوونەوەی لە گەڵ تورکیادا لەبەرامبەر ئێراندا بەهێز ببێت، ئەمانە سیاسەت گەلێکن کە لەدژی گەلی کورد و لەدژی یەکتریش بەکاری دەهێنن".

هاوسەرۆکی پژاک لە وەڵامی پرسیاری ئایا تورکیا دەتوانێت یارمەتی ئێران لەم قۆناغەدا بداتەوە وتی "گومان لەوەدا نییە تورکیا ناتوانێت .بۆچی؟ لەبەر ئەوەی تورکیا هەم بۆ لاوازبوونی ئیرادەی گەلی کورد، هەمیش بۆ لاوازبوونی ئێران لە بەرەی ئەمریکادا جێگای گرتووە. تورکیا دەیەوێت یارمەتیی ئێران بدات، بەم یارمەتیدانەش خۆی زیاتر دەستکراوەتر بکات هەم لە ناوچەکەدا هەمیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لەبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا تورکیا ناتوانێت هیچ هاوکارییەکی ئێران بکات. ئەمریکا لە لایەک هەڕەشە لە تورکیا دەکات کە هاوکاریی ئێران نەکات، لە لایەکی تریش هاوکاری تورکیا دەکات لە شەڕی داگیرکردنی ناوچەکەدا. لە ئێستادا تورکیا لە ناو دووڕیانێکدایە، ئەگەر هاوکاریی ئەمریکا بکات و پشت لە ئێران بکات، ئەوا لە بواری ئابووریەوە تورکیا شکست دەهێنێت، ئەگەریش تورکیا پشت لە ئەمریکا بکات و هاوکاریی ئێران بکات ئەوا لەشەڕی دژ بە گەلی کوردا شکست دەهێنێت. لە هەر دوو بارەکەدا تورکیا دۆڕاوی ئەم شەڕەیە".

کوردان خاوەن سیاسەتی سەربەخۆن

زیلان ڤەژین تیشکی خستە سەر تێکۆشانی گەلی کورد و وتی " لە شەڕی جیهانی سێیەم دا دیار نییە کەی ئەو شەڕە تەواو دەبێت، ئەو شەڕە شەرێک نییە، کە بڵێین ئەو سیستمە هەڵدەوەشێتەوە و ئەو سیستەمە دادەمەزرێت، ئەم قۆناغە قۆناغی ئەوەیە کە تۆ هەم سیاسەت بکەیت و هەمیش شەڕ و تێکۆشان بکەیت. کورد ئەمڕۆ لە کوردستان و ناوچەکەدا بە شێوازێکی سەربەخۆ هەم سیاسەت دەکات و هەمیش شەڕ و تێکۆشان دەکات. خەتی کورد لەم شەڕەدا دیارە، خەتی کورد خەتی سێیەمە لە هیچ بوارێک دا ناچێتە ناو بەرەی ئەمریکا و تورکیا و ئێرانەوە. ئەوانەی لایەنگری لایەنەکانی، ئەم شەڕە دەکەن باروودۆخیان دیارە کە لە چ دۆخێکدان".

هاوسەرۆکی پژاک لە بەرنامەکەدا هۆکاری هەبوونی هێزی ئەمریکا و روسیا و هێزە هەژموونگەراکانی خستەڕوو و ئاشکرایکرد "هۆکاری ئەوەى کە ئێران و سوریا و تورکیا نەیانتوانیوە کێشە ئابووری، سیاسی ، کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکانیان چارەسەر بکەن، ئەوەیە کە هێزە پاوانخوازەکان سنوورشکێنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. گەلی کوردیش لەناو ئەو ڕەوشەدایە، شەڕێکی گران و سیاسەتێکی دژوار لەسەر کوردان هەیە، ئەگەر گەلی کورد لەسەر ئەساسی سەربەخۆ بوون سیاسەت و شەڕ و تێکۆشان بکات ئەوا گەلی کورد لەم شەڕە جیهانییەدا ستاتۆی خۆی دەستەبەر دەکات".

لە کۆتایی بەرنامەکەدا زیلان ڤەژین بۆ هەلومەرجی ئێستای ئێران ڕێنمایی خستە بەر کۆمەڵانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وتی "کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئێستا دا بە تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگاوە بەتایبەت ژنان و گەنجان و مامۆستا و کرێکارانەوە لەسەر پێن و داوای هەق و مافی خۆیان دەکەن، هەموو چالاکییەکان پیرۆزن، بەڵام پێویستە چالاکییەکان لەگەڵ یەکتریدا بن و یەک دروشمیان هەبێت. پێویستە ئاستی چالاکییەکان بەرزتر ببنەوە و ڕژێم مەجبوور بە گۆڕانکاری بکات ئەگەر توێژەکانی کۆمەڵگا هاودەنگی یەکدی بن بێ گومان دەتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن".

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکى پەژاک وتیشی "لەبەر ئەوەی هێرشێک لەسەر گەلی کورد هەیە، دەبێت گەلی کورد خاوەن هەڵوێست بێت. هێرشێکی دژوار لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە. ماوەیەکە هەموو گەلی کورد بۆ ئەو گۆشەگیرییەی لە سەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە لەناو چالاکیدان، پێویستە ئیدی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەو پیلانگێڕییەی کە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە بێدەنگ نەبن، پیلانگێڕی لە ساڵی ١٩٩٦ەوە دژی تەڤگەری ئازادی دەستی پێکردووە، لەم ڕۆژ دا هێزە جیهانی و هێزە هەرێمیەکان دەیانەوێت ئەو پیلانگێریە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ و ڕێبەرانی پەکەکە بە ئەنجام بگەیەنن، هەر بۆیە دەبێت گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خاوەن هەڵوێست بێت و ناڕەزایەتی خۆی دەربڕێت".

ر.م